له‌سه‌ر فه‌رمان و ڕاسپارده‌ى پارێزگارى هه‌ولێر، 100 ڤاكسین گه‌ينرايه‌ خانه‌نشينان

له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌ئاماده‌بوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌شیانكردووه‌ و لەپێناو ئاسانکاری بۆ خانەنشینان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى ته‌ندروستى هه‌ولێر له‌هه‌ڵمه‌تێكدا (100) ژه‌مه‌ ڤاکسینی بۆ خانەنشین دابین کرد و ئێوارەی ئەمڕۆش شەمە 2021.8.7، بەشێک لە خانەنشینان لە سەنتەری خانەنشینان لە باخی شار لە هەولێر بە ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری ئەسترازێنیکا کوتران.

له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا كه‌ هه‌ريه‌ك له‌ ئه‌ندازيار عه‌لى ڕه‌شيد، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر و نه‌به‌زعه‌بدولحه‌ميد، قائيمقامى ناوه‌ند و د.دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى ته‌ندروستیى هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، پارێزگارى هه‌ولێر، دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ بەشەکانی سه‌نته‌ری‌ خانه‌نشینی‌ و گفتوگۆى له‌گه‌ڵ خانه‌نشينان و گوێگرتن له‌ خواست و داواكارييه‌كانى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕى سه‌نته‌رى ناوبراو ڕايگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له‌و شوێنه‌ين كه‌ جێگاى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌و مرۆڤه‌ بەڕێزانەیە کە له‌ڕابردوودا هه‌ريه‌ك له‌بواره‌كه‌ى خۆيدا به‌شێكى زۆرى ته‌مه‌نى پێشكه‌ش به‌ خزمه‌تكردنى شارى هه‌ولێر و كوردستان كردووه‌، لەپێناو ئاسانکاری بۆ خانەنشینان و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌شى شارى هه‌ولێر و كوردستانيانكردووه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌مان ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌ له‌لايه‌ك ته‌مه‌نی ئەوان پێويستى به‌وه‌ هه‌يه‌ زياتر ببپارێزرێن و له‌لايه‌كى ديكه‌شه‌وه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ بەڕێز و گه‌ورانه‌ن كه‌ خزمه‌تێكى زۆريان پێشكه‌ش كردووه‌ و شايه‌نى ئه‌وه‌ن وه‌كو ئيداره‌ى هه‌ولێر خزمه‌تيان بكه‌ين، لێره‌شه‌وه‌ به‌ڵێنيان پێده‌ده‌ين كه‌ جگه‌ له‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ له‌نێو ئه‌و به‌رنامه‌يه‌دا ڤاكسين وه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌ى ديكه‌ش له‌چوارچێوه‌ى هه‌مان به‌رنامه‌ ڤاكسين وه‌رده‌گرن".

پارێزگارى هه‌ولێر هه‌روه‌ها ڕوونیشی‌ كرده‌وه‌، كه‌ سه‌نته‌ری‌ خانه‌نشینی‌ هەولێر خزمه‌تێكی‌ زۆری‌ پێشكه‌ش به‌خانه‌نشينان كردووه‌ و ڕۆژانه‌ش له‌رێگه‌ى ئه‌و بنكه‌ ته‌ندروستييه‌ تايبه‌ته‌ى له‌وسه‌نته‌ره‌ كراوه‌ته‌وه‌ پشكنینی‌ ته‌ندروستیيان بۆئه‌نجامده‌درێت.

جێگه‌ى باسه‌، جگه‌ له‌دابينكردنى چه‌ند بنكه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستى له‌ هه‌ولێر بۆ پێدانى ڤاكسین، بڕياروايه‌ له‌ڕێگه‌ى تيمى تايبه‌تى ته‌ندروستی‌ هه‌ولێره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و سه‌نته‌ره‌كان، به‌رنامه‌ى پێدانى ڤاكسين خێراتربكرێت به‌تايبه‌تى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ ته‌مه‌نن