ئیسرائیل: ناتوانین له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ئێران و حزبوڵڵا بێ ده‌نگ بین

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند: ئێران و حزبوڵڵا ده‌یانه‌وێ وڵاته‌كه‌مان په‌لكێشی قه‌یرانی سیاسیی و ئابووری لوبنان بكه‌ن.

له‌دوای ئه‌وه‌ی گروپی حه‌وت وڵاتی پیشه‌سازی جیهان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هێرش بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌كی ئیسرائیلیان خسته‌ پاڵ ئێران، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی جی حه‌وت ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌زموونی ئه‌مرۆ ده‌بێ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ بێت نه‌ك ته‌نیا بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراو.

نه‌فتالی بینێت سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل گوتیشی: ‌ئه‌نجامی لیكۆڵینه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌، كه‌ رایگه‌یاندووه‌ له‌لایه‌ن فرۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئێران ئه‌نجام دراوه‌، په‌سه‌ند ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ته‌نیا بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوێك به‌س نییه‌ و پێویسته‌ به‌ كرده‌وه‌ شتێك بكرێت.

نه‌فتالی بینێت هه‌روه‌ها داواشی له‌ حكومه‌تی لوبنان كردووه‌ كه‌ رێگه‌ بگرێت له‌ ئه‌نجامدانی هێرشی مووشه‌كی له‌ خاكی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل، گوتیشی، حكومه‌تی لوبنان به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر هێرشێك.

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، ناتوانن هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر ئیسرائیل قبوڵ بكه‌ن و ئێران و حزبوڵڵا ده‌یانه‌وێ ئێمه‌ش په‌لكێشی قه‌یرانی سیاسیی و ئابووری لوبنان بكه‌ن.

رۆژی هه‌ینی رابردوو گروپی حه‌وت وڵاتی پیشه‌سازی جیهان كه‌ به‌ جی حه‌وت ناسراوه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئێران له‌ پشت هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ بۆ سه‌ر كه‌شتیی مێرسه‌ر ئیستریتی ئیسرائیلی.