كۆمیسیۆن زانیاری له‌سه‌ر ده‌نگدانی ئاواره‌كان خسته‌ڕوو

       

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوایین زانیاری له‌سه‌ر ده‌نگدانی ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو خسته‌ڕوو كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێ.

جومانه‌ ئه‌لغه‌لایی گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند: داتای هه‌موو ئاواره‌كانی عێراق نوێكراوه‌ته‌وه‌ و سه‌رجه‌میان كارتی بایۆمه‌ترییان بۆ چاپكراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونیان ده‌كرێ له‌ پارێزگاكان.

له‌باره‌ی ژماره‌ی ئاواره‌كانه‌وه‌ جومانه‌ ڕایگه‌یاند: ئه‌و ئاوارانه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌ داتاكانی كۆمیسیۆن تۆمار كراون بریتین له‌ 120 هه‌زار و 126 كه‌س‌ و هه‌موویان كارتی بایۆمه‌ترییان بۆ نوێ كراوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌وانه‌ی ئه‌و 27 كه‌مپانه‌‌ ده‌كرێن كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه‌ دیاریكراون و دواتریش به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان دابه‌ش ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌نێو كه‌مپه‌كان بتوانن ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

بۆ‌ هه‌ڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق 3249 كاندید خۆیان به‌ربژێر كردووه‌ تا یه‌كێك بن له‌و 329 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی بۆ چوار ساڵی داهاتوو له‌سه‌ر كورسی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دابنیشن.