ئه‌مڕۆ وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بوو

       

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌م چووه‌ته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ باسی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێز و یه‌كه‌ ژمێریارییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌.

شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانمان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رێزان سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان كۆبووینه‌وه‌.

وه‌زیری پێشمه‌گه‌ ڕاشیگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ سێ كاتژمێری خایاند، به‌رچاوڕوونی پێویستمان دا له‌سه‌ر پرسی چاكسازی، رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان و یه‌كه‌ ژمێریارییه‌كان، پڕۆسه‌ی خانه‌نیشینی پێشمه‌رگه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به ‌لیستی خانه‌نیشینان و كه‌مه‌ئه‌ندامان و شه‌هیدان.

شۆڕش ئیسماعیل هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: پڕۆسه‌ی مووچه ‌و بودجه‌ی هێزه‌كان و كاركردن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ به‌ قازانجی باشكردنی بار و ژیانی پێشمه‌رگه‌ و ئەرک و واجباتیان كۆتایی دێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرانه‌ڕوو.

لای خۆشیانه‌وه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌رنج و پێشنیار و پرسیاره‌كانی خۆیان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كرد و لەلایەن تیمی باڵای وەزارەتیشەوە وه‌ڵامی دروست و پێویست له‌سه‌ر ته‌واوی سه‌رنجه‌كان درایه‌وه‌.