دوای ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ.. 10 ئۆتۆمبێڵ پێشكه‌ش به‌ سۆران كرا

       

دوای به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، ئه‌مڕۆ سێشه‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 10 ئۆتۆمبێڵ پێشكه‌ش به‌ ئیداره‌ی سۆران كرد.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ فه‌رمی بڕیاری به‌ ئیداره‌بوونی سه‌ربه‌خۆی شاری سۆرانی پێشكه‌ش به‌ هه‌ڵگورد نه‌جیب عوسمان كرد.

ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران بڵاوی كرده‌وه‌: دوای سەردانه‌كه‌ی سەرۆکی حکوومەت بۆ سۆران و دیاریکردنی ھەلگورد شێخ نەجیب به‌ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، وەزارەتی ناوەخۆ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت راسپێردران بە دابینکردنی ١٠ ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەكه‌ و سه‌رجه‌م ئۆتۆمبێڵه‌كانیش ڕاستەوخۆ گەیشتنه‌ شاره‌كه‌.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمی ئیداره‌ی سه‌ر‌به‌خۆی سۆران ڕایگەیاندبوو: سۆران بنکەی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کوردستان بووە، ئەمڕۆش ڕۆژێکی مێژووییە و ڕۆژی بەجێگەیاندنی بەڵێنی سەرۆک بارزانییە و نیشاندانی ڕێز و وەفایە بۆ خەڵکی دەڤەرەکە.

مه‌سرور بارزانی ڕاشیگەیاندبوو: ئامانج لە ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاته‌کانە و بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتینە، بۆ ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکە پێویست نەکات بۆ مامەڵەیەک سەردانی پارێزگای هەولێر بکەن بەمجۆرەش فشار لەسەر هەولێریش کەمتر دەبێتەوە.