چوار پڕۆژە لە هەولێر دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بە جێبەجکردنی چوار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر دەکات.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەکەمان فەرمانی خەرجکردنی  بڕی سێ سه‌د و هه‌شتا و نۆ ملیۆن و دوو سه‌د و چل و پێنج هه‌زار و دوو سه‌د و چل و نۆ دیناری دا لەسەر ڕێژەی %15ـی داهاتی شارەوانییەكان بۆ چوار پرۆژەی دروستكردنی شەقام لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر کە جێبەجێ دەكرێن، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر خەرج دەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی ڕاشیدەگەیەنێت، پڕۆژەکان پێکهاتوون لە دروستكردنی شەقامێك لە گەڕەكی كانی، دروستكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی گردجووتیار، دروستكردنی شەقامێكی 10مەتری لە گەڕەكی مەنتكاوە و دروستكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكی ژیان، لە قۆناغی یەكەمدا.

شایەنی باسە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەك لە گەڕەكی نازنازی هەولێر، ئاماژەی بەوە كرد ئێستا سێ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

11