عێراق سووته‌مه‌نی گه‌یانده‌ لبنان

ئه‌مڕۆ هه‌ینی یه‌كه‌م بارهه‌ڵگری سووته‌مه‌نی عێراق گه‌یشته‌ لبنان و به‌تاڵكرا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات ڕێككه‌وتنیان واژوو كردبوو له‌سه‌ر فرۆشتنی سووته‌مه‌نی قورس بۆ ماوه‌ی ساڵێك.

ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌: یه‌كه‌م بارهه‌ڵگری سووته‌مه‌نی گازوایلی عێراق شه‌وی ڕابردوو گه‌یشتۆته‌ سنووری لبنان و ئه‌مڕۆش باره‌كه‌ی به‌تاڵ كرا.

ئاژانسه‌كه‌ هه‌روه‌ها بڵاوی كردبووه‌وه‌: بارهه‌ڵگره‌كه‌ 31 ته‌ن سووته‌مه‌نی گازوایلی تێدایه‌ و نیوه‌ی باره‌كه‌ی له‌ كارگه‌ی زه‌هرانی به‌تاڵكردووه‌ و نیوه‌كه‌ی تریش له‌ كارگه‌ی دێر ئه‌عمال له‌ شاری ته‌ڕابلسی باكوری لبنان به‌تاڵ ده‌كات.

ئاشكراشی كرد: بارهه‌ڵگری دووه‌م هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌گاته‌ وڵاتی لبنان و باره‌ گازه‌كه‌ی تایبه‌ت ده‌بێت بۆ كارگه‌ی كاره‌بای لبنان.

جێی باسه‌ له‌ مانگی ته‌مووزی ڕابردوودا عێراق ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لبنان واژوو كردبوو به‌ فرۆشتنی بڕی ملیۆنێك لیتر سووته‌مه‌نی گازوایل به‌ نرخی جیهانی و له‌به‌رامبه‌ریشدا خزمه‌تگوزاری و كاڵا له‌ لبنان وه‌ربگرێ.