كازمی به‌ڵێن ده‌دات پاره‌ دزراوه‌كانی پێش و دوای 2003 بگه‌ڕێنێته‌وه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی دا، پاره‌ی دزراوی ساڵانی ڕابردووی عێراق كه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار ده‌خه‌ملێنرێ‌، دووباره‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ عێراق.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی و هه‌فتانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ڕایگه‌یاند: گه‌نده‌ڵكاران پێش و دوای ساڵی 2003 ملیاره‌ها دۆلاریان به‌ ڕێگه‌ی نایاسایی بردۆته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش ماف و پاره‌ی عێراقییه‌كانه‌، بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو پاره‌كان ده‌ده‌ین‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ده‌بێ گه‌نده‌ڵكاران باش بزانن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌ ماف و پاره‌ی عێراق ناكه‌ین و له‌ هه‌ر شوێنێك بن یاسا به‌ دوایانه‌وه‌ ده‌بێت.

ئه‌م قسانه‌ی كازمی له‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ دوێنێ پێنجشه‌م له‌ شاری به‌غدا كۆنگره‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ دزراوه‌كانی عێراق به‌ به‌شداریی وڵاتانی هه‌رێمی و جیهان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا عێراق ڕاسته‌وخۆ داوای له‌ وڵاتانی جیهان كردبوو هاوكارییان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌رجه‌م پاره‌ دزراوه‌كانی عێراق بگه‌ڕێننه‌وه.‌