عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی هێز له‌ هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د رێككه‌وتن

لیژنه‌ی ته‌كنیكی سوپای عێراق له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ییی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وت تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د كه‌م بكرێته‌وه‌‌.

دوێنێ پێنجشه‌م له‌ شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ سه‌ركردایه‌تی فه‌ریق ڕوكن عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشه‌مه‌ری جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و لیوا جۆن برینان سه‌رۆكی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو‌ بۆ گفتوگۆكردنی زیاتری‌ باری ئه‌منی له‌چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی عێراق-ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به‌ پلانی گۆڕینی رۆلی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ شه‌ڕكه‌ره‌وه‌ بۆ ڕاوێژكاری له‌ عێراقدا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ 22ی ته‌مووزی 2021 رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو.

هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ یه‌كه‌ و چالاكی هێزه‌‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م بكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر داوای عێراق ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگارییان لێ بكرێ به‌گوێره‌ی یاسا و عورفی نێوده‌وڵه‌تی و بنه‌ما سیاده‌ییه‌كانی عێراق.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و سه‌رۆكی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق باس له‌وه‌ش‌ كرا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگاكانی نێوانیان به‌رده‌وامی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی زیاتر له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی ڕۆلی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ شه‌ڕكه‌ری ڕاسته‌وخۆوه‌‌ بۆ ڕاوێژكاری تا كۆتایی ئه‌مساڵ.