2 هاووڵاتی كورد له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران گیانیان له‌ ده‌ستدا


دوو هاووڵاتی کورد کە لە سەرەتای مانگی رابردوو لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرابوون، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران له‌ ئورمیە گیانیان لەدەست دا.
 رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییەی نەغەدە بە ناوەکانی ئەسعەد رامین و داود رەحیمی کە برای هاوسەری ئەسعەدە و تەمەنی 35 ساڵ بووە، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانیان لە دەست داوە.
پێشتریش ئه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرابوو، کە ئۆتۆمبێلی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا، لە لایه‌ن هێزەکانی سوپاوە دەسڕێژی لێ کراوە و ئەسعەد، قاچێکی بە گوللـە پێکراوە، داودیش بە چەند گوللـەیەک بریندار بووە.
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ راشیده‌گه‌ێنێت: ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە پاش دەستبەسەر کران و لە کاتێکدا کە بریندار بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە و لە سەرجەم مافەکانی بەندکراوان و لەوانەش مافی دەرمان بێبەش کراون.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی رەحیمی پێشتر رایگه‌یاندبوو: هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی رەحیمییان ئاگادار کردووەتەوە کە داود لە بەشی ICU  خەوێندراوە و سەرەڕای ئەوەش شوێنی راگرتنی ناوبراویان بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا نەکردبوو.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 1ی ئه‌م مانگه‌، هێزەکانی ئیتلاعات بە ئۆتۆمبێلێکی سەمەندی مەدەنی و دوو ئۆتۆمبێلی تویتیای هایلۆکس و ئامبولانسێک لە نزیک گوندی قاڕنێ، ئۆتۆمبێلی سایپای ئەسعەد رامینیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـه‌ داوه‌، پاش بریندار کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەردووکیانیان دەستبەسەر کردبوو.
لە هەمان رۆژدا، رامین رامین، سەردار رامین، برازای ئەسعەدیش دەستبەسەر کرابوون و ئەم دوو کەسە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە پاش کۆتایی هاتنی لێپێچینەوەکەیان گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە.