شێرپه‌نجه‌ ڕێژه‌ی 10%ی مردووانی عێراق پێك ده‌هێنێ

 

به‌گوێره‌ی ئامارێك ده‌ركه‌وتووه‌ 10%ی ئه‌وانه‌ی له‌ عێراق ده‌مردن هۆكاره‌كه‌یان تووشبوونه‌ به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌.

جه‌مال موحه‌مه‌داوی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆی بڵاو كردۆته‌وه‌ و تێیدا ده‌ری ده‌خات كه‌ 10%ی كۆی گشتی ئه‌وانه‌ی له‌ عێراق ده‌مرن، هۆكاره‌كه‌ی بۆ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

موحه‌مه‌داوی تۆژینه‌وه‌كه‌ی له‌ ڕاپۆرتێكی ساڵی 2017ی دیوانی چاودێری دارایی ده‌ستكه‌وتووه‌‌ كه‌ ئه‌وانیش پشتیان به‌‌ ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌ستووه‌ كه‌ تێیدا ڕێكخراوه‌كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ ڕێژه‌ی مردن له‌ عێراق 10%ی هۆكاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌یه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ ساڵی 2009ی وه‌ك نموونه‌ له‌ عێراق هێناوه‌ته‌وه‌‌ كه‌ له‌ كۆی 100 هه‌زار مردوو 152ی به‌هۆی شێرپه‌نجه‌ بووه‌، بێگومان ڕێژه‌كه‌ له‌ ساڵانی دواتر زۆر زیاتر بووه‌.  

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ عێراق، به‌ڵكو له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان شێرپه‌نجه‌ هۆكاری دووه‌می مردنه‌ و به‌رده‌وام ڕێژه‌كه‌ش ڕوو له‌ زیادبوونه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 2015 شێرپه‌نجه‌ 8.8 ملیۆن كه‌سی له‌ جیهاندا كوشتووه‌، به‌ڵام له‌ 2020 رێژه‌كه‌ بۆ 10 ملیۆن كه‌س زیاد بووه‌، واته‌ له‌ كۆی هه‌ر 6 مردوو یه‌كێكیان به‌ شێرپه‌نجه‌ بووه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاشكراشی ده‌كات كه‌ شێرپه‌نجه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كه‌ی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌، به‌ڵكو زیانێكی گه‌وره‌شی‌ له‌ ئابووری جیهان داوه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ساڵی 2010 تێچووی چاره‌سه‌رییه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌ 1.16 تریلیۆن دۆلار بووه‌.

جه‌مال موحه‌مه‌داوی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كرد ئه‌م ئاماره‌ مه‌ترسیداره‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن و كار بكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و باشتركردنی چاره‌سه‌رییه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی عێراقدا.

سه‌رچاوه‌: مه‌وازین نیوز