باڵیۆزى ئیسپانیا بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم: سەرسامین بە ئاوەدانى و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کورستان


نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ پێدرۆ مارتینز باڵیۆزى تازه‌ى ئیسپانیا له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى تازه‌یدا لێكرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌موو پشتگیرییه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى هەرێمى کوردستانیشى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسپانیا دووپات کردەوە، هەروەها پوختەیەکى دەربارەى دۆخى هەرێمى کوردستان خستە ڕوو.

 باڵیۆزى ئیسپانیا هیواى خواست بتوانێت پەیوەندییەکانى ئیسپانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا برەو پێبدات بەتایبەتیش لە بوارى ئابوورى و بازرگانیدا و دووپاتى کردەوە کە هانى کەرتى تایبەت و کۆمپانیاکانى وڵاتەکەى دەدات بۆ سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنان، هەروەها سەرسامیى خۆی بە ئاوەدانى و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کورستان دەربڕى.

هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق و پرۆسەى سیاسى لە وڵات، دوایین پێشهاتەکانى شەڕى دژى تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەکانى داعش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.