پارێزگاری هەولێر: دەست بە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری دەکرێت

پڕۆژەکان بە گوژمەی 1 ملیار و 520 ملیۆن و 900 هەزار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

پڕۆژەی قیڕتاوکردن و کۆنکرێتکردنی چەند پڕۆژەیەکی لە ناوچەکانی گەڕەکی ژین لە بەحرکە و چەند شەقامێکی بەحرکە، مەلا ئۆمەر، شاوێس، پیرزین، کەلەکان و 189ـی عەنکاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئەیلوولی 2021، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی قیڕتاوکردن و کۆنکرێتکردنی ناوچەکانی گەڕەکی ژین لە بەحرکە و چەند شەقامێکی بەحرکە، مەلا ئۆمەر، شاوێس، پیرزین، کەلەکان و 189ـی عەنکاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەکان بە گوژمەی 1 ملیار و 520 ملیۆن و 900 هەزار لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی پڕۆژەکان لەو ناوچانە دەست پێدەکات کە پێشتر خزمەتگوزاریان کەمتر پێگەیشتووە، هەروەها ڕەچاوی هاوسەنگی شار و دەورەوەی شار لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەکرێت و ئەولەویەتی کارەکانیش گەڕەکە هەژار نشینەکان دەبێت.

سەبارەت بە داواکارییەکانی خەڵکی تۆپزاواش، ئومێد خۆشناو ڕایدەگەیەنێت جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە بەرنامە و پلانی ئێمەدا هەیە، بەڵام پێویستە بووجەی بۆ تەرخان بکرێت و هەوڵدەدەین بۆ ئەو مەبەستەش.

پارێزگاری هەولێر دەربارەی پلانەکانی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیش گوتی، دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر، لە پلانی وەزراەتی پەروەردەدا هەیە لە چوارچێوەی پارێزگای هەولێر، گوتیشی: لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە و هەموو وەزیرەکان جەختمان لەو ستەمە کردەوە کە بووجەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بڕدراوە، ئەوانیش بەڵێنی چارەسەرکردنیان پێداوین.