پیاوێكی ڕۆمانی‌ دواى 30 ساڵ له‌ ونبوونی له‌ناكاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌

 

فاسیلى جۆرجۆسی ته‌مه‌ن 93 ساڵ ‌دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى 30 ساڵ ون ببوو بۆ دواجار گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ى خۆی.

رۆژنامه‌ى (ئه‌دڤاریۆل)ی ڕۆمانی چیرۆكی پیاوێك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ دانیشتووى شارى باكاوى رۆمانیایه‌ و‌ پێشتر كاری بازرگانى ‌مه‌ڕوماڵاتی‌ كردووه و به‌هۆی كاره‌كه‌شییه‌وه‌ ماوه‌ ماوه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی دوور كه‌وتۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناكاو شتێكی ده‌گمه‌ن ڕووی دا و له ‌ساڵى 1991 به‌ یه‌كجاری له ‌ماڵه‌كه‌ى چووه‌‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ك پێشتر نه‌گه‌ڕایه‌‌وه‌‌، ماڵباته‌كه‌شی دوای گه‌ڕانێكی زۆر نه‌یاندۆزییه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌پێی عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی پرسه‌یان بۆ داناوه‌.

له‌ناكاو مانگی ڕابردوو له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی فاسیلی ئۆتۆمبێڵێك ده‌وه‌ستێ و پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن دێته‌ خواره‌وه‌ ئه‌ویش فاسیلییه‌، ڕووداوه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆى سه‌رسوڕمانى هه‌موو لایه‌ك كاتێك بینیویانه‌ فاسیلى هه‌مان جلوبه‌رگه‌ كۆنه‌كه‌ی له‌به‌ربووه‌‌ كه‌ به‌ر له‌ 30 ساڵ و پێش ونبوونی پۆشیبووى.

سه‌ره‌تا خانه‌واده‌كه‌ى باوه‌ڕیان نه‌‌كردووه‌ و به‌گاڵته‌یان زانیوه‌، پێیانوابووه‌ ئه‌و كاته‌ى فاسیلى ماڵه‌وه‌ى جێهێشتووه‌ له‌ڕووى جه‌ستیی توندوتۆڵ بووه‌، به‌ڵام ئێستا پیر بووه‌ و تووشى نه‌خۆشى زه‌هایمه‌ر بووه‌ هیچ ڕووداوێكى چه‌ند ساڵى ڕابردووشی له‌یاد نه‌ماوه‌.

فاسیلی هه‌روه‌ها خانه‌واده‌كه‌ی تووشی شۆك كردووه‌ كاتێك گیرفان و جلوبه‌رگه‌كه‌یان پشكنیوه‌ بینیویانه‌ ناسنامه‌ فه‌رمییه‌ كۆنه‌كه‌ی و پلیتى شه‌مه‌نده‌فه‌رى بلویستى ساڵى 1991ی له‌ به‌ریكی دابووه‌.