ساسان عەونی: بە ئیرادەی سەرۆكی حكوومەت توانرا گرفتی كەمئاوی چارەسەر بكرێ

 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت دەكاتەوە، بە ئیرادەی سەرۆكی حكوومەت توانرا گرفتی كەمئاوی چارەسەر بكرێ و ئێستاش 297 پرۆژە بە گوژمەی 2 ترلیۆن و887 ملیار دینار لە سێكتەری ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا لەژێر جێبەجێكردندان.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی ڕایگه‌یاند: بە پێی ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك وەزیران كاك مەسرور بارزانی، بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەمئاوی كە بەهۆی وشكەساڵییەوە هاتنەپێش، بەرنامەیەكی تایبەت داندرا و لەلایەن سەرۆكی حكوومەت لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر لە 5 ملیار دینار و دواتر مانگانە ملیارێك و 250 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری گرفتی كەمئاوی تەرخان كرا و بەهۆیەوە توانرا گرفتەكە تاڕادەیەك كۆنترۆڵ بكرێت.

لەبارەی ئەو پرۆژانەی ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری ئاو جێبەجێ دەكرێن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: ئێستا 297 پرۆژە بە گوژمەی 2 ترلیۆن و 887 ملیار دینار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەژێر جێبەجێكردندان كە بەشێكیان پرۆژەی ستراتیژی و گەورەن و بەشێكیشیان پرۆژەی ناوەندین، هەندێكیشان ئەو پرۆژانەن بۆ چارەسەركردنی قەیران جێبەجێ دەكرێن.

ساسان عه‌ونی بە ئاماژەكردن بە ئیرادەی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ڕۆژانە و سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتییان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هۆكاری بەردەوامی پرۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە كاتی قەیرانی دارایی و كۆرۆنا، بۆ ئیرادەی سەرۆكی حكوومەت و پابەندبوونی كابینەی نۆیەم بەرامبەر بە هاووڵاتییان دەگەڕێتەو.

دەشڵێت: هەر ئەو ئیرادەیە بوو لە ناخۆشترین بارودۆخی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی داراییدا بەپێی ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان نەوەستان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری منەت نییە بەسەر هاووڵاتییانەوە و جەنابی سەرۆكی حكوومەتیش بەردەوام تەئكید دەكاتەوە كه‌ هاووڵاتییانی كوردستان شایستەی باشترین خزمەتكردنن.