ڕاوێژكاری كازمی: ڕێژه‌ی ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رز ده‌بێت

 

ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاری هه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێیانوایه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی داهاتووی عێراق به‌رز بێت.

حوسێن ئه‌لهه‌نداوی ڕاوێژكاری مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاری هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند: حكوومه‌تی عێراق پێداگیری له‌ به‌شداریكردنی سه‌رجه‌م ده‌نگده‌ران ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق و دڵنیاشین‌ ڕێژه‌ی ده‌نگدان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق به‌بێ جیاوازی زۆر به‌رز ده‌بێت.

ئه‌لهه‌نداوی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك به‌بێ كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌خۆی ناتوانێ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شداربێت و ده‌نگ بدات.

ڕاوێژكاره‌كه‌ی كازمی ڕاشیگه‌یاند كه‌ حكوومه‌ت پاداشتی دارایی تایبه‌تی داناوه‌ بۆ‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌چن كارتی ده‌نگدانه‌كانیان له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

"هه‌ر كه‌سێكیش نه‌چێت كارته‌كه‌ی له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی وه‌ربگرێته‌وه، ڕاسته‌وخۆ ‌كارته‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی نووسینگه‌ی نیشتمانی كۆمیسۆن ده‌كرێته‌وه‌" ئه‌لهه‌نداوی وای گوت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م جه‌لیل عه‌دنان خه‌له‌ف سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاندبوو كه‌ حكوومه‌ت بڕێك پاداشتی دارایی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌ كه‌ ده‌چن كارتی ده‌نگدانه‌كانیان وه‌رده‌گرنه‌وه‌.