شاندێکی سەربازی ئەمه‌ریکا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌م عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی کرد لە کۆڵۆنێڵ دۆگڵاس بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكی یاوەری.

لە کۆبوونەوەکه‌دا لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ کرا لەبارەی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەروەها تیشک خرایە سەر ئالییەت و ئەو هەنگاوە سەرەتاییانەی کە پێویستن بۆ پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، گرینگی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تاوتوێ کرا.

شاندی میوان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزییان کرد لە سەنتەری زمان کە مانگانە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەفسەران و کارمەندانی پێشمەرگە بە ئامانجی ناردنیان بۆ خولە سەربازییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.