هاتوچۆی هه‌ولێر ئاگاداری داخستنی شه‌قامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر له‌ ئاگادارییه‌كدا هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌چ چه‌ند ڕۆژێك شه‌قامێك داده‌خه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: سەرجەم هاووڵاتییانی شاری هەولێر بە تایبەتی دانیشتووانی گەڕەکی کوێستان ئاگادار دەکەینەوە کە له‌ سبه‌ی سێشه‌مه‌وه‌ شەقامی 20 مەتری گەڕەکی کوێستان لە تڕافکلایتی کوێستان تاکو شەقامی 100مەتری دادەخرێت بە تەواوی و بۆماوەی چەند ڕۆژێک.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: هۆكاری داخستنی شه‌قامه‌كه‌ بەهۆی کاری قیرکردنەوەی شەقامەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی هەولێرەوە ده‌بێت.

هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێریشی ئاگادار كرده‌وه‌‌ كه‌ لە ماوه‌ی داخستنی شه‌قامه‌كه‌دا وەکو ڕێگای بەدیل، دەتوانن ڕێگا نیمچە تیشکییەکانی گەڕەکەکە و لای مزگەوتی مەلا مەسعوود وەکو ڕێگای بەدیل بەکار بێنن.