وه‌زیری ته‌ندروستی و كونسوڵی چین له‌سه‌ر بابه‌تی كۆڕۆنا و ڤاكسین كۆبوونه‌وه‌

 

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئه‌مڕۆ دووشه‌م وه‌زیری ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتیی چین كۆبووه‌وه‌ و بابه‌تی كۆڕۆنا و ڤاكسین تاوتوێ كراوه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڵاوی كرده‌وه‌: د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی له‌گه‌ڵ ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی پێشوازیان کرد لە نی ڕووکی کونسوڵی گشتی کۆماری چین لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: لە کۆبوونەوەکه‌دا پێداچوونەوەی ڕەوشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕێکارەکان و بەراوردی ڕەوشی کۆڕۆنا لەنێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی چین كرا.

هه‌روه‌ها جۆر و بابەتەکانی ڤاکسین و ڤاكسینی جۆری سینۆفارمی چینی و ڕێکارەکانی دابینکردنی، بابه‌تی تری گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.