ئەو شۆفێری تەکسییەی کە سەرنشینەکەی کوشبوو دەستگیر کرا

 درەنگانی شەوی ڕابردوو پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، کە شۆفێری تەکسییە و سەرنشینەکەی دەکوژێت، بەهۆی دەمەقاڵێ لەسەر کرێی گواستنەوەکە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری ئەو ڕووداوەی ڕاگەیاند کە لەدوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ شۆفێری تاکسییەک لە سەر کرێی گواستنەوە، شۆفێرەکە گوللـەیەک لەسەری سەرنشینەکە دەدات و گیان لەدەست دەدات، تۆمەتباریش لە شوێنی ڕووداوه‌كه‌ رایكردبوو.

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند دوای ئەوەی تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی مەبەست دەرکەوت کەسێک کوژراوە بەناوی "بارزان نەسروڵڵا ئەحمەد" تەمەن 27 ساڵ، کە پیشەی پێشمەرگە بووە.

هۆگر عەزیز ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکە دەستکرا بە لێکۆڵینەوە و تیمێکی تایبەتی پێکهێنرا و ڕێوشوێنی ئەمنی توند گیرایە بەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار، پاشان لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە توانرا ماڵی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت.

ڕاشیگەیاند، سەرەتا گومانلێکراوێک دەستگیر کرا و پاشان توانرا لە ڕێگەی ئەو گومانلێکراوەوە تۆمەتبار دەستگیر بکرێت.  

هۆگر عەزیز ئاشکرای کرد، تۆمەتبار ناوی "س.ص. ع" تەمەنی 29 ساڵە و پیشەی پێشمەرگە بووە و کاری شۆفێری تەکسی کردووە.