هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و پێشه‌نگى موزيك وگۆرانى كوردى مه‌لاكه‌ریم

بولبولی كوردستان ( 1885مه‌هاباد _ 12/6/1938)
Thumbnail

هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و پێشه‌نگى موزيك وگۆرانى كوردى

 مه‌لاكه‌ریم ....بولبولی كوردستان  ( 1885مه‌هاباد _ 12/6/1938)

جه‌مالی ده‌لاك

نه‌ته‌وه‌ى كورد به‌هۆى ئه‌و پێگه‌ جوگرافيايه‌وه‌ هه‌يه‌تى و ململانێى نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ زلهێزه‌كانى ناوچه‌كه‌و خاكى كوردستان بۆته‌ گۆڕه‌پانى يه‌كلايكردنه‌وه‌ى ململانێي هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى ( سه‌فه‌وى و عوسمانى) بێگۆمان ئاشووب و قات و قڕى و برسێتى و بێكاريي يان به‌ديارى به‌خشيوه‌ته‌وه‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌يه‌ى چه‌ندين سه‌ده‌يه‌ له‌سه‌ر ئاو و خاكى خۆى ناهێڵن به‌ئاراميي بژى، كاتێك ئارامي بوونى نه‌بێت و نه‌دارى به‌ره‌ولوتكه‌  هه‌ڵكشێ مرۆڤه‌كان به‌دواى ڕێگا چاره‌سه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێن له‌پێناو مانه‌وه‌ياندا، يه‌كێك له‌و كه‌سايه‌تيانه‌ى له‌ناوچه‌ى موكريانه‌وه‌ به‌هۆكارێكى ناديارزێدى خۆى جێدێڵێت و كه‌شكۆڵه‌كه‌ى به‌شانيدا ده‌دات و ملى ڕێ ده‌گرێته‌ به‌ر وڕوو له‌ئاسۆ ده‌كات، تابزانێت چاره‌نووس به‌ره‌وكوێي ده‌بات و كامه‌ شوێن ده‌كاته‌ دواهه‌وارى .

ناوچه‌ی موكریان یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌ڕؤژهه‌ڵاتی كوردستان له‌وبواری هونه‌ری ده‌نگخۆشی و خۆشخوانى و  به‌یتبێژی دا، له‌ ئاوایی (ئینده‌رقاشی ) سه‌ربه‌ناوچه‌ی سابڵاخ له‌ساڵی (1885 ) هونه‌رمه‌ندێك و خۆشخوانێكى به‌هره‌مه‌ند (مه‌لا كه‌ریم ئه‌حمه‌د سابڵاخیله‌دایكبووه‌ ، مه‌لا كه‌ريم خوێنده‌واری هه‌بووه‌ به‌ڵام وه‌كو پیشه‌ (مه‌لا ) نه‌بووه‌،  به‌ڵام جێى سه‌رنجه‌ بۆ ئه‌وپێشگرى (مه‌لا) يه‌ بۆته‌ نازناو و ناسنامه‌ى هونه‌رىي (1)

  پێويسته‌ هه‌موو كات به‌وپه‌ری رێزوحورمه‌ت و به‌رزنرخاندنه‌وه‌ له‌ كاری هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژ و سترانبێژ و به‌یت بێژ و لاوكبێژ و حه‌يرانبێژ بڕوانین، ‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆشن مان نیه، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ خۆڕسك و خۆبه‌خش له‌نێو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و ژینگه‌ی پاك و  زه‌نوێری كوردستان دروست بوون ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌ هیچیان ده‌رچووی فێرگه‌یه‌كی موزیك نین و نه‌بوون، ته‌نیا به‌هه‌وڵ و كۆششی خۆیان و كاریگه‌ری ژیان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌یان خۆیان په‌روه‌رده‌ كردووه‌ ودرێژه‌یان به‌كاری هونه‌ری داوه‌ و هه‌روه‌ها پارێزه‌ری ئه‌و هونه‌ره‌ خۆڕسكه‌ بوون و كه‌له‌سينه‌ و مێشكياندا بووه‌ ، له‌فه‌وتان و كاڵبوونه‌وه‌  پاراستوویانه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌و ڕێگايه‌وه‌ خزمه‌تێكی زۆریان به‌زمانی كوردیش كردووه‌،

زۆرێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشانه‌ هه‌موو كات به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا گه‌ڕاون كه‌ گه‌شه‌ به‌هونه‌ره‌كه‌یان بده‌ن و خزمه‌تی زۆرتر به‌ هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی بگه‌یه‌نن، به‌لام ده‌بێت سوپاسگوزاری ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ بین له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌وڵ و كۆششیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان كه‌ به‌كۆمپانیاكانی تۆماركردنی ده‌نگيان ناساندوون ،

هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ، مه‌لا كه‌ریم ، ره‌شۆڵ ، دایكی جه‌مال ، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ،نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد ،كاوێس ئاغا ،مریه‌م خان ،ئه‌ڵماس محه‌مه‌د ...تاد ) ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌ئه‌مڕۆ به‌ده‌نگیان ئاشناین و ئه‌رشیفی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی یان ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ و شانازییان پێوه‌ ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانی تۆماركردن و ده‌نگهه‌ڵگره‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه‌ و تائێستاش ماونه‌ته‌وه‌.

چۆن له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هونه‌رمه‌ند (سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ) چۆته‌ تاران و ده‌نگی تۆماركراوه‌ ، خۆزگه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش بۆ هونه‌رمه‌ند (مام سه‌عیدی ماملێ ) یی ده‌نگخۆش باوكی هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌دی ماملێ  ) هه‌ڵبكه‌وتایه‌ و ئه‌مرۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌و ده‌نگخۆشییه‌ی سه‌عیدی ماملێ بێ به‌ش نه‌بوونایه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( سه‌ید ئه‌سكه‌ر و سه‌عیدی ماملێ ) له‌یه‌ك كات و زه‌مه‌ن دا ژیاون .

هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم له‌ته‌مه‌نی (16) ساڵیدا واته‌ ساڵی (1901 ) سابڵاخی جێهێشتووه‌  وله‌شاری سلێمانی گیرساوه‌ته‌وه‌ ، له‌و شاره‌دا سلێمانى بێ ئه‌وه‌ى ناسياوێك وكه‌سێك هه‌بێت هاناى بۆبه‌رێت ، هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ريم بوێرانه‌ باسكى هێزى كارى لێهه‌ڵماڵيوه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ناو بازاڕى شارى سلێمانى كارى كردووه‌ .

هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم ، ماوه‌ی 37 ساڵ له‌شاری سلێمانی ژیاوه تا ئه‌و ڕۆژه‌ى كۆچى دوايي كردووه‌، كاركردن و به‌هره‌ و هونه‌رى ده‌نگخۆشيي پێكه‌وه‌ گرێداوه‌و  به‌يه‌ك ئاراسته‌ هه‌نگاوى هه‌ڵگرتووه‌، سه‌ره‌تا كاری (ده‌ڵاڵی) كردووه‌ وتا ساڵى ( 1927_ 1928)  دواتر بۆته‌ ( ناتر واته‌  ( ئه‌و كرێكاره‌ى  كه‌له‌گه‌رماوه‌كان  مرۆڤ  ده‌شوات )

درێژه‌ی به‌كاری ناتری داوه‌ له‌گه‌رماوه‌كانی شارى سلێمانى  وه‌ك  گه‌رماوى  ( فاتمه‌ خان ، مفتی و شێخ مارف ) تاكۆچی دوایی (3)

له‌نێوان ساڵه‌كانى جه‌نگى جيهانى يه‌كه‌مدا ( 1914_ 1918) ئه‌ودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى  جيهانى گرته‌وه‌ ، شارى سلێمانيش بێ به‌ش نه‌بووه‌ له‌و نه‌هامه‌تيى و نه‌بوونييه‌ ، هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ريم كاتێك ڕۆژانه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا بووه‌ به‌هۆى  كاركردنه‌وه‌ حه‌تمه‌ن له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی زه‌مزه‌مه‌ی كردووه‌ و ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بناسرێت كه‌ده‌نگی خۆشه‌ و توانای گۆرانی خوێندنی هه‌یه‌ ،له‌و ساڵانه‌دا له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و به‌زمى شه‌وانه‌ى ئه‌وكاتى شارى سلێمانى به‌شدارى شه‌و ئاهه‌نگه‌كانى كردووه‌و له‌نێوخه‌ڵكيدا ده‌ركه‌وتووه‌و ، هه‌روه‌ها ده‌رگايه‌ك بووه‌ بۆ پێوه‌ندى هاوڕێيه‌تى و دۆستانه‌ى له‌گه‌ڵ كه‌سايه‌تيه‌كانى ئه‌وكاتى شارى سلێمانى، په‌يوه‌ندى هاوڕێيه‌تى پته‌و له‌گه‌ڵ ( حاجى تۆفيق _ پيره‌مێردى شاعير 1867 _ 1950) و هونه‌رمه‌ند (ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا 1912 _14/7/1974) ئه‌و نزيكبوونه‌وه‌يه‌و په‌يوه‌نده‌يه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى پيره‌مێردى شاعير و فه‌يله‌سوف به‌ده‌ستى خۆى هۆنراوه‌ى  ( به‌هار )

( كه‌ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێو شينه‌) بداتێ و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى بيخوێنێ ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند و قسه‌ خۆش و خۆش مه‌شره‌ب پێكه‌وه‌ به‌دوو قۆڵى مه‌قام و گۆرانى بخوێنن و تۆماربكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی ( كه‌ده‌ڵین ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێو شینه‌ ) كه‌بۆیه‌كه‌م جار هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم خوێندویه‌تی،به‌ڵام له‌ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ وا ناسراوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند (مه‌زهه‌ری خالقی ) بۆیه‌كه‌م جار خوێندویه‌تی، ئه‌و هۆنراوه‌يه‌  بۆته‌ سروودێكى نه‌ته‌وه‌كه‌مان و زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانيان خوێندوويانه‌ به‌ڵام هه‌ريه‌كه‌ به‌شێوازى ئه‌داو تۆنى ده‌نگى خۆى ، به‌ڵام بۆيه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ريم خوێندوويه‌تى و بۆته ‌سروودێك  كه‌ زۆر زوو چووه‌ قوتابخانه‌كان و به‌يانيان به‌ده‌نگى خۆش و شيرينى منداڵه‌ چاوگه‌شه‌كانى وڵاته‌كه‌مان له‌گۆڕه‌پانى قوتابخانه‌كان ده‌خوێندرا.

له‌وسه‌رده‌مه‌دا ته‌نها كۆمپانیاكانی تۆماركردن له‌سه‌ر قه‌وان له‌شاری به‌غدا هه‌بووه‌و بێگومان له‌شاره‌كانی تری عێراق لق یان هه‌بووه‌ ، به‌هۆى كه‌سایه‌تی دیاری شاری سلێمانی به‌ڕێز ( عومه‌ر قه‌زاز ) وه‌كیلی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بووه‌ شاری سلێمانیش بێ به‌ش نه‌بووه‌، به‌هۆى هاوكارى و ڕێنوێنى  و پشتيوانى  عومه‌ر قه‌زازه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند مه‌لا كه‌ریم دووجار چۆته‌ شاری به‌غدا بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی و مه‌قام له‌سه‌ر قه‌وانی كۆمپانیاكانی وه‌ك ( ئۆدیۆن ، به‌یزافۆن و هس ماسترس ڤۆیس) چه‌ندین گۆرانی و مه‌قامی خوێندووه‌ و تۆماركراون ،

مه‌لاكه‌ریم خاوه‌نی ده‌نگێكی ناسك و خۆش شێوازێكى تايبه‌ت به‌خۆى بووه‌، كه‌ له‌پێشه‌كی تۆماركردنی گۆرانیه‌كانيدا له‌كۆمپانیاكانی تۆماركردن و هه‌ڵگرى ده‌نگ، كه‌ ئاماژه‌م پێداوه‌ به‌ ( مونلا كه‌ریم ئه‌فه‌ندی ) و به‌

(بولبولی كوردستان ) ده‌یناسێنن ،دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییانه‌ له‌شاری به‌غدا و هه‌گبه‌ی هونه‌ری لێوریژه‌ له‌گۆرانی پر چێژی كوردی و مه‌به‌ستیه‌تی كه‌ ته‌نها له‌سینه‌یدا قه‌تیسیان نه‌كات بۆ جاری سێیه‌م به‌بێ ئاگاداری (عومه‌ر قه‌زاز) له‌گه‌ڵ هاوڕێی دێرينى هونه‌رمه‌ند ( ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ) ڕووی كردۆته‌وه‌ شاری به‌غدا و چه‌ند گۆرانییه‌كی تر تۆمارده‌كات، له‌گه‌ڵ ڕه‌شۆڵ ی ده‌نگ خۆشی هاوڕێی پێكه‌وه‌ گۆرانی تۆمارده‌كه‌ن ،

عومه‌ر قه‌زاز ده‌ڵێت ( بێ ئاگاداری من به‌خۆڕایی قه‌وانه‌كانی بۆ كۆمپانیاكه‌ پڕ كردۆته‌وه‌ ) (4) له‌م بۆچوونه‌ى به‌ڕێز ( عومه‌ر قه‌زاز ) دا  ده‌رده‌كه‌وێـت هه‌ردوو گه‌شته‌كه‌ى پێشووى بۆمه‌به‌ستى تۆماركردنى گۆرانييه‌كانى له‌سه‌ر قه‌وان به‌هاوكارى عومه‌ر قه‌زاز له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوانه‌دا پاداشتى بۆ هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ريم وه‌رگرتبێـت.

كه‌سایه‌تی ماندوو خه‌مخۆری ڕاگه‌یاندن و هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی به‌ڕێز ( كه‌مال ره‌ئوف محه‌مه‌د) ده‌فه‌رموێت :

( گشت به‌رهه‌می لای ئه‌و كۆمپانيايانه‌‌(سیازده‌) قه‌وانه‌ ،و (چوار) سترانی كه‌ده‌كاته‌ (دوو) قه‌وانی له‌گه‌ڵ ڕه‌شۆڵه‌ ، ژماره‌ی سترانه‌كانیشی (بیست) ه‌ به‌مه‌قام و به‌سته‌و سروود ، بێ له‌به‌سته‌ی فۆلكلۆریی و شیعری شاعیرانی كورد : پیره‌مێرد ، عه‌بدوڵلا به‌گ ، میسباحود دیوان ، فایه‌ق بێ كه‌س ، میرزا ڕه‌حیمی سابڵاخی _ وه‌فايي)

 

ئه‌وه‌ش نموونه‌ی گۆرانی و سروود ه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی مه‌لا كه‌ریم خوێندراون :

1/ ئه‌ی خودا له‌م ئاگر بارانه‌ ( مه‌قامی ئورفه‌) (5)

2/ كه‌ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێو شینه‌

3/ وه‌رگه‌رێ ئاوێزانت بم ( مه‌قامی سێگا ) (6)

4/ ئه‌و كچه‌ له‌و ماڵه‌ ( مه‌قامی هومایۆن)(7)

5/خاسێ تۆ خانمی ( مه‌لا كه‌ریم و ڕه‌شۆڵ ) ( مه‌قامی ئه‌وشار ) (8)

6/كه‌وای به‌رت ماهوته‌ ( مه‌قامی حیجاز ) (9)

7/كاكه‌ له‌چه‌مۆ دێ ( مه‌قامی ئه‌وشار )

8/ هاته‌وه‌ بابێته‌وه‌ ( سێگا)

9/ به‌له‌نجه‌یه‌

10/ ده‌مه‌كه‌ت بێنه‌

11/ده‌چمه‌ سه‌رناڵه‌شكێنێ ( مه‌قامی عه‌جه‌م)

12/ غه‌زێمێ

13/سه‌وزه‌ هه‌ی لیمۆ

14/ دڵه‌كه‌م غه‌مگینه‌

15/شلێ یار

16/ وه‌ك قومری سه‌رباڵم شینه‌

17/ شه‌ده‌ شل

18/ چه‌ند شیرینه‌ لام ( سروود)

19/ ئه‌گه‌ر ده‌یزانی من چه‌ند په‌رێشانم

 

هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ جوانانه‌ی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركردووه‌ له‌شاری به‌غدا ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆیی و به‌ڕێز عومه‌ر قه‌زاز ، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵیین هیچ گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و تیپه‌ مۆسیقییه‌ی كه‌ له‌پشتی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی مه‌لاكه‌ریمه‌وه‌ن بێگومان ژه‌نيارى عه‌ره‌ب و غه‌یره‌ كوردن به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت ده‌ست و په‌نجه‌یان خۆش بێت، به‌ڵام سه‌د ئافه‌رین بۆ هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم زۆر زیره‌كانه‌و به‌توانایانه‌ موزیكژه‌نانی دوای ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی  خۆى  خستووه‌و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ جوانانه‌ی تۆماركردووه‌ ،

 

مه‌لاكه‌ریم له‌شاری سلێمانی ژیانی هاوسه‌رگیری ئه‌نجامداوه‌ و خاوه‌نی كوڕو كچێكه‌ به‌ناوه‌كانى  ( عه‌بدوڵڵا و خه‌جيج)

هونه‌رمه‌ند مه‌لا كه‌ریم له‌ته‌مه‌نی (53) ساڵیدا واته‌ له‌ڕێكه‌وتى 12/6/1938 كۆچی دوایی ده‌كات و به‌خاكی پیرۆزی كوردستان ئه‌سپه‌رده‌ده‌كرێت و ‌گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی ده‌بێته‌ دواهه‌واری ،

هه‌زاران چه‌پكه‌ گوڵ بۆسه‌ر گڵكۆی پیرۆزی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و سروودبێژ مه‌لاكه‌ریم و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كۆچكردووی گه‌له‌كه‌مان و یاد و یاده‌وه‌رییان هه‌میشه‌ به‌رزو پیرۆز بێت و سڵاو له‌هونه‌ری به‌رزییان .

 

سه‌رچاوه‌ / (1 تا 4) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939 _1958) به‌رگی یه‌كه‌م / جزمی سێیه‌م

بابی (لالۆ ) كه‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ....لاپه‌ڕه‌ (713)

 

(5تا 9) كتێبی ...گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی ...عوسمان شارباژێڕی ...لاپه‌ڕه‌ (113)

2/1/2021 سلێمانى