هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ مامۆستا و بليمه‌ت له‌ باڵه‌بان ژه‌نيندا ...!

( 1926_1979)
Thumbnail

ئامێرى باڵه‌بان ، يه‌كێكه‌ له‌ئامێره‌ فوداره‌كان له‌ مۆسيقادا ، ژه‌نينى ئه‌م ئامێره‌ كه‌سى به‌توانا و لێهاتووى پێويسته‌ كه‌ كارامه‌ بێت له‌كاره‌كه‌يدا و بتوانێت به‌ باڵه‌بان هه‌موو مه‌قامه‌كان  و به‌سته‌ بژه‌نێت.

له‌كوردستان به‌گشتى ژه‌نيارى زۆرى باڵه‌بانژه‌نى به‌ناوبانگمان هه‌يه‌ ، هه‌ريه‌كه‌و به‌پێى ژينگه‌و فۆلكلۆرو هونه‌رى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى تێيدا ژياوه‌ و گه‌شه‌ى كردووه‌ كاريان له‌سه‌ر ئامێرى باڵه‌بان كردووه‌ و چێژو سۆزێك له‌ هونه‌ره‌كه‌ياندا هه‌يه‌،

له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان چه‌ندين ژه‌نيارى باڵه‌بانژه‌ن كه‌ مێژوويه‌كى جوانيان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێره‌دا هه‌يه‌و له‌ڕێي هونه‌ره‌كه‌يانه‌وه‌  هاوكارى زۆر له‌هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌كانى گه‌له‌كه‌مانيان كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك ( قودره‌تى قادرى _ 1937مه‌هاباد _ 16/12/2020) ، ( عه‌بدوڵڵاى شه‌ريعه‌تى _ 1933 سنه‌ _5/3/2014) ، ( عه‌زيزى نه‌جه‌فى  _ سه‌قز ) ، ( عوسمان محه‌مه‌دى ، ناسراو به‌ عوسمانه‌ سوور 1940 بۆكان ) ، ( قادر گه‌نج به‌خشى ڕاد ، ناسراو به‌ قاله‌  به‌له‌نجه‌ 1940 مه‌هاباد ) ،( حوسێن واليدى _1943 سه‌قز ) ، (خوسره‌وى عه‌زيزى _1942 مه‌هاباد ) ، ( مسته‌فا ئه‌حمه‌د پوور _ 1962 مه‌هاباد )،( كانه‌بى خدر _مه‌هاباد ) ، ( محه‌مه‌دى عه‌زيز په‌نايي _ مه‌هاباد )  و  ( ئيسماعيل مه‌ردانى ) ،  له‌باشوورى كوردستانيش چه‌ندين هونه‌رمه‌ندى به‌توانا هه‌ن ، خاوه‌ن زه‌وق و سه‌ليقه‌يه‌كى هونه‌رى به‌رزو مێژوويه‌كى لێوان لێو له‌به‌خششى هونه‌رين ، هونه‌رمه‌ندان له‌شارى سلێمانى ( حه‌سه‌نى حاجى قاسم  ، ناسراو به‌حه‌سه‌نى نه‌ى ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئازه‌رى بووه‌ له‌ساڵى 1972 به‌ ڕووداوى ئۆتۆمبێل كۆچى دوايي كردووه‌ ) ، ( جه‌مال عارف عه‌زيز ، ناسراو به‌ جه‌مال شادان _ 1944 سلێمانى، ئه‌ندامى تيپى مۆسيقاى سلێمانى ) ، ( ڕه‌حيم ڕه‌سوڵ ، ناسراو به‌ڕه‌حيمى نه‌ى ) ،( كاروان مه‌حمود _كاروانى باڵه‌بان ) ، ( جوانرۆ كه‌ريم قادر _ جوانرۆى باڵه‌بان ) و ( ئومێد مسته‌فا _ ئومێدى نه‌ى ) هه‌روه‌ها له‌ شارى هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند ( خدر عه‌بدوڵلا مه‌رجان ) ،

له‌ده‌ڤه‌رى گه‌رميان و شارى كه‌ركوك هيچى كه‌تر نييه‌ له‌ شارو شارۆچكه‌كانى ديكه‌ى كوردستان ، بگره‌ زێده‌تر له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ ڕه‌سه‌نه‌ى كورده‌وارى هونه‌رمه‌ندى ميللى زۆرتر  نه‌بێت كه‌متر نييه‌ ، كه‌ پێشه‌نگى ژه‌نينى ئه‌و ئامێره‌ باڵه‌بان هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌د داوده ) يه‌ ، دڵنيام كه‌له‌باكور و رۆژئاواى كوردستانيش ده‌يان هونه‌رمه‌ندى باڵه‌بانژه‌ن هه‌بێت به‌داخه‌وه‌ ناوه‌كانيانم چنگ نه‌كه‌وت.2

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك و خاوه‌ن هونه‌ره‌ بێ خه‌وشه‌ پڕ چێژه‌ ڕه‌سه‌نه‌ كوردييه‌ ( ئه‌حمه‌د داوده‌) به‌يه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ بليمه‌ته‌كانى هونه‌رى موزيكى ميللى ئه‌ژمارده‌كرێت ، له‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌رييدا به‌ هه‌ردوو ئامێرى ( باڵه‌بان و زوڕنا) مێژوويه‌كى پرشنگدارى له‌خزمه‌تكردن به‌ هونه‌رمه‌ندان و شايي و زه‌ماوه‌ند و كۆڕى مه‌قام و به‌سته‌ بێژان دا تۆماركردووه‌ .

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ ، ناوێكى دره‌وشاوه‌ى هونه‌رى كوردى ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ فه‌رامۆشكراو و بێ ناز ، به‌رله‌وه‌ى بچمه‌ ناو ژيانى تايبه‌تى و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى ، پێشنيار و ده‌خوازم لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان و سه‌نديكاى هونه‌رمه‌ندان ، له‌بيرى ئه‌وه‌ دابن  كه‌ له‌شاره‌ ئازيزه‌كه‌ى كه‌ركوك ، هۆڵێكى هونه‌رى، يان شه‌قامێك ، به‌ناوى هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌د داوده‌ بكرێته‌وه‌ يان پۆرترێتێك له‌شوێنێك كه‌شياوى به‌رزى و گه‌وره‌يي ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بێت بۆى دابندرێت ،بۆيه‌ ده‌ڵێم شارى كه‌ركوك چونكه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ى ده‌ڤه‌ره‌ ڕه‌سه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى گه‌رميانه‌و ، له‌ساڵى (1958) تا ڕۆژى كۆچى دوايي واته‌ ( 21) ساڵ ژيان و گوزه‌ران و هونه‌ره‌كه‌ى له‌و شاره‌دا بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ى گه‌رميانه‌ ، به‌ڵام هونه‌ركه‌ى بۆ هه‌موو كوردستان بوو،  وه‌ده‌هێنێ ڕێزو حورمه‌ت بۆ كه‌سايه‌تى و مێژووى هونه‌رى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ميلليه‌ دابندرێت.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د سه‌ليم ، به‌ ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌نێوه‌ندى هونه‌رى  و كۆمه‌ڵايه‌تى ناوبانگى ده‌ركردووه‌،  هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى ( 1926) له‌خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژارى زه‌حمه‌تكێش و لێوان لێو له‌ هونه‌رى مه‌قام وبه‌سته‌،له‌ئاوايي ( ئه‌لبوسه‌باح )ى سه‌ربه‌ شارۆچكه‌ى ( خورماتوو) به‌دنيا هاتووه‌،

بێگومان ژيان له‌ گوندێك و ده‌ستكورتى ژيان ده‌بنه‌ هۆكار بۆئه‌وه‌ى ئه‌مه هونه‌رمه‌نده‌ بێ به‌ش بێت له‌خوێندن و نوسين ، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌و گونده‌كه‌يان چه‌ندين به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆش و ده‌ست ڕه‌نگينى تێدابووه‌، هونه‌رمه‌نديش له‌و ژينگه‌يه‌دا ژياوه‌ ، گومانى تێدا نييه‌ كاريگه‌رييان له‌سه‌ر ئه‌حمه‌د داوده‌ داناوه‌،

( وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاريدا شه‌يداى ژه‌نينى ئامێرى ( باڵه‌بان) بووه‌ له‌ماڵه‌وه‌ له‌ته‌ك باوكيدا به‌ره‌ به‌ره‌ مه‌شقى له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره‌ كردووه‌ و فێرى بووه‌ ، له‌پاشاندا ئاشنايي له‌ ژه‌نينى شمشاڵ و زوڕنا و ده‌هۆڵ و ته‌پڵ يشدا په‌يداكردووه‌) (*1)

به‌هۆى دابينكردنى بژێوى ژيان و به‌جێهێشتنى زێده‌كه‌ى خانه‌واده‌كه‌ى ڕووده‌كه‌نه‌ گوندى ( حه‌فت ته‌غار ) و دواى چه‌ند ساڵێك ماڵ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ( خورماتوو) له‌گه‌ڕه‌كى ( يه‌نگى دامله‌ر)  نيشته‌جێ ده‌بن ، له‌خورماتوو ده‌مێننه‌وه‌ تا ساڵى (1958) به‌يه‌كجارى ڕووده‌كه‌نه‌ شارى كه‌ركوك  و له‌گه‌ڕه‌كى ( شۆريجه‌)  نيشته‌ جێ ده‌بن .

وه‌ك له‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارييه‌وه‌ سه‌رمه‌شقى فێربوونى ئامێرى باڵه‌بان بووه‌ ،له‌وكاته‌وه‌ تا له‌شارى كه‌ركوك نيشته‌جێ ده‌بن ، به‌رده‌وام ده‌ست و په‌نجه‌كانى نه‌رم و پر جوڵه‌ى ده‌كات له‌گه‌ڵ ميلۆدييه‌كان و سينه‌ى پڕ هه‌ناسه‌ده‌كات و گه‌رووى له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێره‌ فووداره‌دا ڕاده‌هێنێـت  و، متمانه‌ى ته‌واو په‌يداده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ئامێره‌ خۆشه‌ويسته‌كه‌ى بوونه‌ته‌ دوو هاوڕێي زۆر نزيك پێكه‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چڕينى ئاوازه‌ فۆلكلۆرييه‌كانى ده‌ڤه‌رى گه‌رميان و له‌نێو خه‌ڵكيدا ده‌ناسرێت و به‌هه‌سته‌ جوانه‌كه‌ى شادى و جۆش و خرۆشى پێبه‌خشيون.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ و ، چوونى بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا .

هونه‌رمه‌ند چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ ( دارابه‌گ) سه‌رۆك هۆزى داوده‌ييه‌كان ده‌چێته‌ به‌غدا و له‌وێ له‌نزيكه‌وه‌ به‌خزمه‌تى مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( عه‌لى مه‌ردان ) ده‌گات ، ئه‌وه‌سه‌ره‌تايه‌ك ده‌بێت بۆ چوونه‌ ڕاديۆى كوردى ،مامۆستاو هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( باكوورى ) له‌بيره‌وه‌رييه‌كانيدا  ئه‌وڕۆژه‌مان بۆ باس ده‌كات كه‌ چۆن و له‌كوێ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ى بينيوه‌  و ده‌ڵێت :( پايزى ساڵى 1957 بوو چوومه‌ ئيزگه‌ بۆ ئاهه‌نگى هه‌فتانه‌ى خۆم، هێشتا كاتم مابوو بۆ تۆماركردن له‌ هۆڵه‌كه‌ دانيشتم مامۆستا عه‌لى مه‌ردانيش له‌وێ بوو، دواى كه‌مێك كابرايه‌كى به‌ته‌مه‌ن ، چاكه‌ت له‌سه‌ر كه‌وايه‌كى درێژ و قايشێكى له‌ناوقه‌دى به‌ستبووجه‌مه‌دانييه‌كى له‌سه‌ر به‌ستبوو به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى كورده‌كانى كه‌ركوك.

له‌دواى ئه‌و (3) سێ مناڵ به‌هه‌مان شێوه‌ جل و به‌رگيان له‌به‌ر بوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و سڵاويان كرد، مامۆستا عه‌لى مه‌ردان دياربوو پێشتر ده‌يناسين،وتى : ئه‌مه‌ كاك (ئه‌حمه‌د داوده‌يه‌) نه‌ى ژه‌نێكى بليمه‌ته‌،ئه‌وانيش مناڵى خۆيي و ئامۆزاكان له‌گه‌رميانه‌وه‌ و له كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌عوه‌تمان كردوون و گۆرانى و مه‌قامى خۆش ده‌ڵێن، كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نى( 16 يان 17 ) ساڵ ده‌بوو، ئه‌وه‌كه‌ى تر چه‌ند ساڵێك بچوكتر بوو سێييه‌ميان زۆر مناڵ بوو، دواتر زانيم ئه‌و تيپه‌ ڕه‌سه‌نه‌ ئه‌وانه‌ بوون ،1

1/ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌  ( ئه‌حمه‌د نه‌ى ژه‌ن يان باڵه‌‌بان ژه‌ن ) بوو.

2/گه‌نجه‌كه‌ مه‌قام و به‌سته‌ى ده‌گووت ناوى (سه‌لاح ) بوو(مه‌به‌ستى سه‌لاح داوده‌يه‌)

3/ فايه‌ق سێيه‌مه‌كه‌ بوو، ( مه‌به‌ستى فايه‌ق داوده‌يه‌) .

4/ مناڵه‌كه‌ش (نه‌وزاد ) كوڕى كاك ئه‌حمه‌د بوو ، گشتييان له‌عه‌شره‌تى( داوده‌) ى گه‌رميان بوون. ) (*2)

  ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ ، ئامۆزاى هونه‌رمه‌ندى مه‌قام و به‌سته‌بێژ ( سه‌لاح داوده‌يه‌)  هاوكارو پشتيوانى بووه‌ له‌ چوونى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا و ماوه‌ى (30) ساڵ پێكه‌وه‌ كارى هونه‌رييان ئه‌نجامداوه‌.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌رييدا ، له‌گه‌ڵ ده‌يان هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش و خاوه‌ن چريكه‌ى به‌سۆز له‌چرينى مه‌قام و به‌سته‌دا كارى هونه‌رى ئه‌نجامداوه‌ له‌ ( به‌غدا ، سلێمانى ، هه‌ولێر ، كه‌لار ، كه‌ركوك ، خانه‌قين ، پردێ و كفرى و چه‌مچه‌ماڵ ) باڵه‌بانى بۆ ژه‌نيوون، هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك: ( حه‌سه‌ن زيره‌ك ، حوسێن عه‌لى ، تايه‌ر تۆفيق ، سه‌لاح داوده‌ ، فايه‌ق داوده‌، شكور خه‌يات ، خێروڵڵا خه‌يات، سابير كوردستانى ، كه‌ريم خه‌مزه‌يي ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، كه‌ريم بنگردى ، حه‌مه‌ جه‌زا  ، جه‌لال چه‌مچه‌ماڵى و .....تاد ) له‌هه‌ندێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ ( نه‌وزاد) كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى به‌شداربووه‌ له‌گه‌ڵ باوكى ئامێرى ( ئيقاع _ ته‌پڵ) ى ژه‌نيوه‌ .

 له‌كۆى به‌رهه‌مه‌ هونه‌رييه‌كانى هونه‌رمه‌ند و بليمه‌تى نه‌مر ( حه‌سه‌ن زيره‌ك) كه‌ هه‌موويان ناوازه‌ن و بۆخۆيان شاكارن ، به‌ڵام ئاهه‌نگى كه‌ركوك به‌يه‌كێك له‌ ئاهه‌نگه‌ خۆشه‌كانى حه‌سه‌ن زيره‌ك ده‌ژمێردرێت ، له‌به‌ر تواناى ده‌نگى زيره‌ك و سۆزى خۆشى باڵه‌بانه‌ شيرينه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ كه‌ماوه‌ى دووكاتژمێر باڵه‌بانى ژه‌نيوه‌ ، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ‌ ياده‌وه‌رى ئه‌و ئاهه‌نگه‌و خوێندنه‌وه‌ى بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌  : سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌ڵێت ( ئه‌حمه‌د داوده‌ وه‌ستا بوو له‌(نه‌ى) زۆر كارامه‌بووتا ژيانى خۆى له‌سه‌ر داناو هه‌ربه‌هۆى نه‌يه‌كه‌يه‌وه‌ تووشى نه‌خۆشيي بوو و ئه‌مرى خواى كرد ،  ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زيره‌ك،  ئه‌و دوو كاسێته‌ ساڵى (1953) له‌كه‌ركوك له‌ماڵى ( سابيرى چايچى) تۆماركران، ئه‌وكات له‌كه‌ركوك به‌ده‌گمه‌ن ته‌سجيل هه‌بوو، يه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌م ( سابيرى چايچى ) يه‌ بوو ئه‌وڕۆژه‌ ده‌زانێ كه‌ حه‌سه‌ن زيره‌ك له‌كه‌ركوكه‌ ، يه‌كسه‌ر ده‌چێته‌ لاى ئه‌حمه‌د داوده‌ى ڕه‌حمه‌تى و ده‌ڵێ حه‌سه‌ن زيره‌ك له‌كه‌ركوكه‌ ، ئيتر هه‌ر چۆنێ بێت ده‌يدۆزنه‌وه‌ و ده‌يبه‌نه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ، واته‌ ماڵى سابيى چايچى ، ئه‌وكات ماڵيان له‌ ( قه‌ڵاى كه‌ركوك) بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوده‌ ئه‌وشه‌وه‌ ( 2) سه‌عاتى بۆ تۆمارده‌كه‌ن تا دره‌نگانى شه‌و ده‌مێننه‌وه‌،  كه‌واته‌ ئه‌م (2) سه‌عاته‌ له‌قه‌ڵاى كه‌ركوك تۆماركراوه‌ و چه‌ندان جار ناوى قه‌ڵا دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌،ئه‌حمه‌د داوده‌ى ڕه‌حمه‌تى هه‌موو جار باسى حه‌سه‌ن زيره‌كى بۆ ده‌كردم و يادى ئه‌و شه‌وه‌ى ده‌گێڕايه‌وه‌ و ده‌يگوت ئێستاكه‌ش نازانم ئه‌و ئاوازانه‌ى له‌كوێ ده‌هێناو ئه‌و وشانه‌ى چۆن ده‌گوت؟ به‌بێ پرۆڤه‌ يه‌كسه‌ر داخلى گۆرانييه‌كه‌ ده‌بوو و تۆمارمان ده‌كرد ، به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ ته‌به‌قه‌ ده‌ربچێ زۆر وه‌ستايانه‌ گۆرانى ده‌گوت ) (*3)

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌توانا و لێهاتويي ئه‌م هونه‌رمه‌ند بليمه‌ته‌و دروستكردنى پێكهاته‌كانى ئامێرى باڵه‌بان ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وريا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت( ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جگه‌ له‌باڵه‌بان ژه‌نين ، خۆشى ( فيقله‌ ، قه‌ميش و پيك) ى بۆ ئامێره‌كه‌ى خۆى دروستكردووه‌ ، به‌شايه‌دى گه‌لێ له‌باڵه‌بان ژه‌نه‌ كورده‌كان تا ئه‌مڕۆله‌باشوورى كوردستان باڵه‌بان ژه‌نى وه‌ك داوده‌مان تيادا په‌يدا نه‌بۆته‌وه‌..!) (*4)

ئه‌حمه‌د داوده‌ى به‌توانا و ژه‌نيارى بێ وێنه‌ ، هونه‌رمه‌ندێكى نه‌فس به‌رزو دڵپاك و هێمن و له‌سه‌ر خۆ و ڕه‌وشت به‌رز و ڕاستگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى  و هونه‌ره‌كه‌ى ، ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ هۆكاربوون كه‌له‌نێو خه‌ڵكيدا كه‌سێكى خۆشه‌ويست و ڕێزێكى بێ هاوتاى لێبگرن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ى هه‌مووژيانى به‌خشى به‌هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌ نه‌دارى و هه‌ژارى و ژيانێكى كوله‌مه‌رگى ژيا ،

سه‌باره‌ت به‌ تواناى ژه‌نينى ئامێره‌ پڕسۆز و هونه‌ره‌كه‌ى ئه‌حمه‌د داوده‌ ، هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار ( ڕزگار خۆشناو ) سه‌باره‌ت به‌و دووئاهه‌نگه‌ى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ ( حه‌مه‌ جه‌زا ) ده‌ڵێت ( هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ دوو جار له‌گه‌ڵمان  له‌تۆماركردنى كاسێتى حه‌مه‌ جه‌زاى ڕه‌حمه‌تى به‌ناوى ( كيژى كوردستان) كه‌له‌شارى كه‌ركوك و تۆماركراو يه‌كێكيش له‌ سلێمانى به‌شداربوو، ژه‌نيارێكى تابڵێي به‌توانا و بليمه‌ت بوو كه‌ده‌يتوانى هه‌موو جۆره‌ ميلۆدييه‌ك به‌باڵه‌بان بژه‌نێ و گوێي ئه‌وه‌نده‌ به‌تين بوو ، هه‌رچيه‌كت له‌پێش بژه‌نيبا ، زۆر زوو وه‌رى ده‌گرت ، ڕۆڵى ئه‌و بنه‌ماڵه‌ هونه‌رييه‌ له‌ نێو گۆرانى و موزيكى كوردى زۆر ديار و به‌رچاوه‌ و هه‌تا دونيا ماوه‌ له‌ياد و بيرى كورد ده‌مێنێ )(*5)

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ناسرى ره‌زازى سه‌باره‌ت به‌ لێهاتوويي و تواناى به‌رزى هونه‌رى ئه‌حمه‌د داوده‌ ده‌ڵێت ( يه‌كێك له‌ئاواته‌كانم ئه‌وه‌بوو بێمه‌ باشوورى كوردستان و له‌نزيكه‌وه‌ به‌ديده‌نى زۆر له‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌نده‌كانى باشوور شاد ببم ، يه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ئه‌حمه‌د داوده‌ى باڵه‌بانژه‌نه‌، كه‌ زۆر سه‌رسامم به‌ ژه‌نينى باڵه‌بانه‌كه‌ى له‌ كاسێته‌كانى حه‌سه‌ن زيره‌ك و سه‌لاح داوده‌ و شكور خه‌يات ، ئاواتم بوو له‌نزيكه‌وه‌ بيبينم و منيش بتوانم كارى له‌گه‌ڵدا بكه‌م ، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زا و لێهاتووه‌ ئافه‌رين بۆ هونه‌رمه‌ندێك بتوانێ مه‌قامى ( ئه‌ڵڵاوه‌يسى ) به‌باڵه‌بان بژه‌نێ ، به‌ڵام داخه‌كه‌م كاتێك ده‌رفه‌تم بۆ ڕه‌خسا و هاتمه‌ باشوور ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ (8) مانگ بوو كۆچى دوايي كردبوو، حه‌يف به‌خزمه‌تى نه‌گه‌يشتم  يادى به‌خێر ) (*6)

دواى مێژوويه‌ك له‌ خزمه‌تكردن به‌هونه‌رى ميللى  و هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ، ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌ته‌مه‌نى (53) ساڵيدا به‌هۆى نه‌خۆشييه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتى ( 19/1/1979) دڵى ميهره‌بان ولێوان لێو له‌ هونه‌رى جوان و پڕ شادى  و چێژبه‌خشه‌كه‌ى له‌لێدان ده‌كه‌وێت و بۆهه‌ميشه‌ ماڵئاوايي له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و خانه‌واده‌و باڵه‌بانه‌ هاوڕێي شيرين و له‌مێژينه‌كه‌ى ده‌كات ، له‌شاره‌ دێرينه‌كه‌ى كوردان شارى كه‌ركوك ده‌نێژرێت ، هونه‌رمه‌ند له‌دواى خۆى چوار كوڕى به‌جێهێشتووه‌  ( نه‌وزاد ، فه‌ره‌يدون ، دلێر و فه‌يسه‌ڵ)

ڕۆحى شاد و يادى هه‌ميشه‌ به‌خێر و گڵكۆى پيرۆزى غه‌ريقى ڕه‌حمه‌تى په‌روه‌ردگار بێت.

جه‌مالى ده‌لاك  8/4/2021

سه‌رچاوه‌ : (*1)  كتێبى  (70)  ناودارى كه‌ركوك و گه‌رميان ، عومه‌ر عه‌لى شه‌ريف ، ئه‌م بابه‌ته‌  له‌نوسينى نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس

( عه‌بدولستار جه‌بارى )

(*2) ناميلكه‌ى ڕازێك بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ باكورى _ لاپه‌ڕه‌ (10)

(*3) ديمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ، جيهان به‌خش محه‌مه‌د كۆيي ، گۆڤارى ڕامان ژماره‌ ( 64) 5/10/2001، لاپه‌ڕه‌ (104)

(*4) كتێبى ( كه‌شكۆڵى نووسينه‌كانم ) وريا ئه‌حمه‌د ، لاپه‌ڕه‌ (471)

(*5) په‌يوه‌نديكردنم به‌ هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ ( ڕزگار خۆشناو ) له‌ڕێي ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتى ( 26/3/2021)

( *6) له‌دانيشتنێكم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى له‌ 10/6/2001 له‌مۆتێل چنار له‌شارى سلێمانى .

سوپاس و پێزانينم بۆ ئه‌و ئازيزانه‌  كه‌ سوودم له‌باه‌ت و وته‌كانيان وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ تايبه‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ ( ج،د)