Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 05:43

گیو موکریانی

ژیان و به‌رهه‌مه‌كانى
کوردستان TV
100%

 

گیو موکریانی لە گوندی بوغدەکەندی، نێوان شاری بۆکان و سەقز له‌ دایک بووه‌. گیو موکریانی بە یەکەم مێژوونوسی کورد دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، لەم پێناوەدا بۆ ماوەی پازدە ساڵ بە ھەموو توانایەکیەوە ھەوڵی داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری مێژویی سەبارەت بە مێژوی گەلی کورد کە بە زمانەکانی عەرەبی ‌و ھیندی و تورکی و فارسی و فەڕەنسی و ڕووسیدا ھەبون لەو کاتەدا، لەبەر ئەوەی خۆی شارەزاییەکی باشی لەم زمانانەدا ھەبووە ھەر لەم زمانانەشەوە گەلێک نوسراوی بە پێزی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.


گیو موکریانی پیاوێکی زمانەوان و رۆژنامەنووس و نووسەر و فەرھەنگ نووس و خاوەن چاپخانە بوو.
گیو مرکریانی ھەموو خەسڵەتەکانی پیاوچاکێکی بەتوانای تێدا کۆببووە لەو کەسانە قەت بیری لە ماندووبون نەکردووتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی ھەموو ھەوڵێکی داوە، لای ئەو گرنگ بووە خزمەتێک بە مێژووی میللەتەکەی بکات، وەک جوتیارێک بوو ھەموو زەوی وڵاتەکەی دەکێلا و رێگە سەختەکانی ڕادەماڵی بۆ ئەوەی ئاو دانەوێلە بگەینێتە ھەموو سوچێکی زەوییەکەی و ھەوڵیدەدا لە رێگەی بڵاوکردنەوە نووسینی کوردی و مێژووی گەلەکەی ئەو تاریکیەی باڵی بەسەر میللەتەکەی داکێشاوە بە چرایەک رووناکی بکاتەوه‌.


گیو موکریانی باڵی خۆی دایە بەر کارێک کە پێشتر کەم کەس بەو شێوازە ھەوڵیان بۆداوە بۆ ئەوەی سودێکی بۆ کۆمەڵگەکەی ھەبێت دواتریش ئەم ھەوڵە لەنووسینێکی رەنگی داوەتەوە کاتێ: لە ساڵی ١٩٤٠ نوسیوویەتی " گەر لەخۆشی دا بژی یا لە ناخۆش لەکۆتاییدا ھەر جامی مردن دەنۆشیت ھەر خزمەتێکیش پێشکەش وڵاتەکەتی بکەیت ئەوا لەدوا رۆژ بۆ خۆت دەمێنێتەوە ."


ئەمە فەلسەفەی گیو موکریانی بوو لە ژیان ئەویش ھەوڵدان بۆ دوارۆژی گەلی کورد بوو.
گیو موکریانی لە ساڵی ١٩٠٣ لەدایک بووە، دواتر لە ساڵی ١٩١٥ دەچێتە شاری حەلەب لای براکەی حوسێن حوزنی موکریانی، دواتر لەگەڵ براکەی و چاپخانەکەی لەساڵی ١٩٢٢ روو دەکەنە شاری رەواندز .


لەساڵی ١٩٢٦ کاتێک حوسێن حوزنی موکریانی گۆڤاری (زاری کرمانجی) دەرکرد، گیو موکریانی بووە بەڕێوەبەری کارگێری ئەو گۆڤارە دواتر ڕووی کردە شاری ھەولێر بۆ بەڕێوەبردینی چاپخانەی کوردی.
گیو موکریان خەریکی کاری وێنەگریش بووە، پیشەی وێنەگریش لەسەر دەستی وێنەگرێکی ئەرمەنی فێربوو، چونکە ئەوکاتە بازاڕی چاپەمەنی کز بوو و بۆ بژێوی ژیانی خەریکی ئەم کارە بووە.


لە ١٥ ئایاری ١٩٥٤ گۆڤاری (ھەتاو) ی دەرکرد، ئەمەش گۆڤارێکی ئەدەبی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی بوو، مانگانە دووجار دەردەچوو و بەردەوام بوو لە دەرکرنی ئەو گۆڤارە تا تشرینی یەکەمی ١٩٦٠ .


گیو موکریانی توانی ١٨٨ ژمارە لە گۆڤاری ھەتاو دەربکات، ھەروها گیوی موکریانی توانی ٢٠٠ چاپکراوی شاعیران و نووسەران بە چاپ بگەینێت، ئەم کارانەشی ھەمووی لە چاپخانەی کوردستان ئەنجامدا.


بەرھەمەکانی گیو موکریانی بریتن لە:
١.فەرھەنگی (رابەر) لە عەرەبی بۆ کوردی
٢. فەرھەنگی (کۆلکە زێڕینە) فەرھەنگیکی کوردی، عەرەبی، فارسی، فەرەنسی، ئینگلیزی بوو ئەم فەرھەنگی لە نێوان ساڵانی ١٩٥٥ تا ١٩٦٦ لە چاپداوە
٣. فەرھەنگی کوردستان، لە ٤٠٠ لاپەڕە پێک دەھات، کوردی بۆ کوردی بوو، ھەموو شێوە زارەکانی زمانی کوردی لە خۆ دەگرت
٤. نۆبەرە، عەرەبی بۆ کوردی بوو ٢٥ ھەزار ووشەی لە خۆ دەگرت لەساڵی ١٩٨٦ چاپکرا
پەرتوکی (مێژووی وێژە) پەرتوکێکی گەورە بوو، ھەرچەندە چاپ نەکراوە بەڵام وەک دەستنووس ماوە و زانیارییەکی زۆری تێدایە دەربارەی نووسەران و شاعیران و زانایانی کورد، لەگەڵ کورتەیەک لە ژیانی ئەو کەسایەتیانە.


٧. گیو نامە
٨. پەرتوکی (ناوی کچان و کوڕانی کوردی) لەساڵی ١٩٥٨ چاپ کراوە
٩. کەشکوڵی گیو، کە ھەندێک زانیاری و شیعری شاعیرانی لەخۆ گرتبوو، لەساڵی ١٩٨٦ لە رێگەی خێزانەکەی، خاتوو دکتۆرە کوردستان موکریانی لە چاپدراوە
گیو موکریانی لە ژیانی خۆی، خۆی زۆر ماندوو کردووە تا بگات بەھەموو ووشە کوردییەکان و کۆیان بکاتەوە و دواتر ئەو فەرھەنگانەی بە چاپ گەیاند بۆ ئەوەی خەڵک سوودی لێ ببێنێت.


ئەگەر ھەر ھەڵەیەکیش ھەبێت ئەوا دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی کۆڕی زانیاری کوردی. چونکە ئەوا پێداچوونەوەیان بۆ فەرھەنگەکان دەکرد
گیو موکریانی ناوی راستی خۆی عەبدولرەحمان بوو بەڵام لەنێو خەڵکی ھەر بە گیو ناسراوبوو.


ووشەی گیو لەبنەرەتدا بەمانای (کێو، شاخ یا چیا) دێت، ھەروەھا گیو موکریانی کاتێک چاپخانەکەی لە رەواندز گواستەوە بۆ شاری ھەولێر ناوی نا (چاپخانەی کوردستان)، ئەم چاپخانەیە لە حوسێن حوزنی موکریانی برای بۆی بە جێمابوو و پێشتر ئەم چاپخانەیە ناوی (چاپخانەی زاری کرمانجی) بوو، بەڵام ناوی چاپخانەی کوردستان لە خۆشەویستی کۆماری کوردستان ناونرا، ھەروەھا کاتێک ئەم چاپخانەیەی ھێنایە ھەولێر و ھەستا بە نۆژەنکردنەوەی و زیادکردنی پارچەکانی،
گیو موکریانی لەساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوایی کردووە.

س/جام کوردی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.