Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:51

ئایا زمانی کوردی بەرەو فەوتان دەچێ..؟!

لە سایتێكی یونسكۆشدا بڵاوكراوەتەوە، هەبوونی گوشاری زمانەكانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانیولی، رووسی و چینی بە خێراییەكی زۆر زمانی  نەتەوەكانی دیكە لە ناو دەبات
کوردستان TV
100%

نووسینی: دیار محمد

هەبوونی زمانێكی بەهێز پێداویستی هەر نەتەوە و وڵاتێكە بە تایبەتی بۆ ئەو نەتەوەو وڵاتانەی كە پێشكەوتنیان مەبەست بێت.

 

 بەم پێوەرە پێویستە زمانی كوردیش بپارێزرێت و پەرەشی پێ بدرێت.

هەر بۆ مەبەستی پاراستنی زمانەكان لێرەدا ئاماژە بە چەند لێكۆڵینەوەیەك دەكەین كە جێی هەلوەستە و سەرنجن. بە پێی لێكوڵینەوەكانی ئەم دواییە، نزیكەی نیوەیەك لە شەش هەزار زمانی جیهانی مەترسی لە نێو چوونیان لێ‌ دەكرێت و گەنجینەی زانیاریەكانی مرۆڤایەتی ئەم زمانانە لە ناو دەچن .

 

 بە گوێرەی راپۆرتی " رۆیتێرز " لە پاریس كە بە ( ئەتلەسی زمانەكانی لە ناوچوو ) ناونراوە و لە سایتێكی یونسكۆشدا بڵاوكراوەتەوە، هەبوونی گوشاری زمانەكانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانیولی، رووسی و چینی بە خێراییەكی زۆر زمانی  نەتەوەكانی دیكە لە ناو دەبات، یان لاوازیان دەكات .

 

هەروەها لەم راپۆرتەدا هاتووە؛ كە لەنێوچوونی زمانەكان، هەزاران ساڵ لەمەوبەر كارەكی ئاسایی بووە لە جیهانی مرۆڤایەتیدا، كەچی ئەم دیاردەیە لە سەردەمەكانی پێشوودا زۆر بە پەنهانی بەڕێوە دەچوو، بە تایبەت لە سێسەد ساڵی رابردوودا لە ناوچوونی زمانەكان پەرەی سەندووە و ئێستا سێ هەزار زمان یان زۆرتر، مەترسی لە ناوچوونیان لێدەكرێت .

 

 بە گوێرەی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە ناوچوونی هەر زمانێك بە مانای پەرەسەندنی داڕمانی هزریی و ئەو زانیاریانەیە كە كۆبوونەتەوە و لەڕێی زمانەوە دەوترێنەوە .

 

بۆ نموونە لەم لێكۆڵینەوەیەدا، ئاماژە بە چەند گیایەك دراوە كە تەنها كەسانێكی شارەزا لە رۆشنبیری فلكلۆری زانیاریان بە دەستەوەیە، هەر كاتێكیش كە زمان و كلتوریان لەناو چوو ئەوا ئەم زانیاریانەش سەبارەت بەم گیایانە و تایبەتمەندییەكانی لە ناو دەچن . هەروەها لە درێژەی ئەم لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە لە سەد ساڵی رابردوودا زۆرترین لەناوچوونی زمانەكان لە ئەمەریكای باكور و باشور و ئۆسترالیا بینراوە و پەنجا زمانی دیكەش لە ئەوروپا مەترسی لە ناوچوونیان لێدەكرێ‌ . ئەم بابەتە كیشوەری ئاسیاش دەگرێتەوە كە چۆنییەتی زمانەكانی نەتەوەكانی چین لە هەندێك ناوچەكانی ئەم وڵاتەدا نادیارە. هەرەها لە ئەفریقیاش لە 500 تاكو 600 زمانی ناوچەیی خەریكە تێكدەچن .

 ( ستیڤان ڤۆرم ) زمانناسی ئۆسترالیایی كە شارەزایی لە 50 زماندا هەبوو كۆچی دوایی كردوو چاودێری ئەم لیكۆلینەوانەی دەكرت .

 

لەم لێكۆڵینەوەدا ئاماژە بە چەندین هۆكاری جۆراوجۆر كە بۆتە هۆی لە ناوچوونی زمانەكان كراوە لە وانە سیاسەتی سەركوت كارانەی حكوومەتەكان، گوشارەكانی ئابووری، نەخۆشییەكان، كۆچ كردن و كارەساتە سرووشتییەكان دەگرێتەخۆی. بەڵام ئێمەی كورد چی بكەین كە زمان و كلتوور و هزری نەتەویمان لە لەناوچوون بپارێزین ...؟

 

زۆر جار هەواڵی كردنەوەی زانكۆیەك یاخود قوتابخانەیەك دەبیستین، یەكەكیان كۆریە و ئەویتریان ژاپۆنی و توركی و ئەمریكی و ...

 

كە تەواوی خوێندنیان بە زمانی غەیری كوردییە..!! ئێمە خاوەنی گەورەترین كلتوور و بەهێزترین زمانین و مێژوویەكی دوورو درێژمان هەیە، بۆچی خوێندن بە زمانەكانی دیكە پەرە دەسێنێت ؟

 

 زۆر كۆشش كراوە بۆ ئەوەی بنەمای زمانێكی یەكگرتووی كوردی بێتەكایەوە بەڵام تا ئێستا هیچ كارێك ئەنجام نەدراوە .

 

هەشت نۆ كەسێك لە دەوری یەك كۆ دەبنەوە و دەڵێن ئێمە كۆنفرانسی زمانەوانیمان بەستووە . كەچی خودی وشەی ( كۆنفرانس + Conference ) وشەیەكی ئینگلیزییە . كۆبوونەوە لە سەر زمانی كوردی دەبێت هەموو كوردێك لە هەموو لاوە لە ئیلام تا دیاربەكر و لە ورمێ‌ هەتا ئەفرین بەشداربن تا هەموو گەنجینەكانی زمانی گەورەی كوردی زیندوو بێت و سوودیان لێوەربگیرێت .

 

 بۆ نموونە چەندین زاراوە هەیە كە ئەمانەن:

1.    كرمانجی ـــ كرمانجی سەروو+سۆرانی ناوەندی.

2.    زازا،گۆرانی ـــ زازاكی+هەورامی+گۆرانی.

3.    وتەكانی باشووری ـــ كەلهوری+فەیلی+لەكی.

 

ئەگەر كەسانێك كە لە كۆبوونەوەی زمانەوانی بەشداری دەكەن ئەوانە بن كە لەو ناوچانەدا كە بەم زاراوانە قسە دەكەن  ژیابن و گوند بە گوندی ئەو ناوچانە گەڕابن و شارەزاییەكی تەواویان لە سەر فلكلۆر و زاراوەی ئەو ناوچانەدا هەبێت، بە هاوكاری ئەم هەموو زمان و زاراوانە باشترین، شیرینترین و بە هێزترین زمانی كوردی پێك دێت.

 

هەبوونی زۆری كەناڵە ئاسمانییەكان و رادیویەكانیش رۆڵێكی زۆر دەبینن لە لاواز كردنی زمان كە بە باشی رۆڵی خۆیان ناگێڕن و رۆژ لە دوای رۆژیش بینەرو بیسەریان كەم دەبێتەوە كە ئەمەش بۆ زۆر هۆكار دەگەڕێتەوە. لەم سەردەمەدا كە جیهان بەرەو پێشكەوتنێكی بەرچاو دەچێت نووسینی كۆمپیوتێریش بە پیتی كوردی سستم نەبوو بەڵام بەم دوواییە چەندین برادەری دڵسۆز پیتی یۆنیكۆدی كوردیان ساز كرد. بڕواشم وایە كاتێكی زۆرمان دەوێ تا پرۆگرام و سستمی مۆبایل بە كوردی دەكرێت كە ئەمە شتێكی ئەوتۆش نییە.

 

 زمانی شیرینی كوردیمان هێدی هێدی خەریكە لە هەموو لایەكەوە لاواز دەكرێت . دەبێت هەموو ئەو هەوڵانەی باسمانكردن لە رێگەی پسپۆرانی ئەو بابەتەوە كارا بكرێن بە ئەندازەیەك كە بتوانین بە راست زمان و كلتووری زمانی كوردی لە فەوتان بپارێزین.

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.