Erbil 15°C یەکشەممە 28 نیسان 22:03

حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور بڕیاری دا

کوردستان TV
100%

حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە رەسمی گومرگی سەر ئاژەڵی زیندوو بە ڕێژەی 50% كەم بكاتەوە.

لە برووسكەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگدا هاتووە "لە كۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارێك بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان درا".

برووسكەكە بە ئیمزای ساماڵ عەبدوڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ لە شار و شارۆچكەكان كراوە، تێیدا هاتووە "ڕەسمی گومرگی سەر ئاژەڵی زیندووی هاوردە لە جۆرەكانی (مانگا و جوانەگا و گۆلك و مەڕ و بزن) بەڕێژەی 50% كەم بكرێتەوە".

دیسان هاتووە "ئەم بڕیارە لە سبەی هەینی رێكەوتی 29/3/2024 دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

لە برووسكەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ ئاماژە بەوەشدراوە "ئەم بڕیارە بۆ ماوەی (یەك ساڵ) كاری پێ دەكرێت و دواتر پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە نرخی گۆشتی سوور لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و تەنانەت لە هەندێ شوێن نرخی كیلۆیەك گۆشتی نەرمكی ئاژەڵی بچووك گەیشتۆتە 24 هەزار دینار.

وێنە: دەقی برووسكەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ:-

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.