Erbil 15°C چوارشەممە 15 ئایار 00:39

دۆخی ئێستای كارەبا دوای هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆڕ

کوردستان TV
100%

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی كارەبای خستەڕوو دوای هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆڕ.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی تەکنیکییەوە هەناردەی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆڕ ئاسایی بکرێتەوە.

راشیگەیاند: ئەگەر هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەست پێ بکاتەوە، وەزارەتی کارەبا بە کەمتر لە 24 کاتژمێر بارودۆخی کارەبا ئاسایی دەکاتەوە.

هەروەها رایگەیاند: بە هەوڵ و ڕێنمایی و پاڵپشتیی وەزیری کارەبا، توانرا لە کاتی هێرشە درۆنییەکە سیستەمی کارەبا لە کوژاندنەوەی گشتی بپارێزرێت و هەروەها وێستگە و محاویلەکانی کارەبا لە سوتان و تێکچوون بپارێزرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا سوپاسی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویشی كرد كە هاوکار بوونە لە بەردانەوەی ئاو لە هەردوو وێستگەی دوکان و دەربەندیخان و کارپێکردنی یەکەکانی کارۆئاوی.

رۆژی هەینی رابردوو كاتژمێر 6:45ی سەرلەئێوارە بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆ لە شارەدێی قادر كەڕەم لە سنووری شارۆچكەی چەمچەماڵ، هێرشەكە جگە لە كەوتنەوەی زیانی ماددی، هەروەها قوربانیشی لێ كەوتەوە.

لە ئەنجامی هێرشەكەدا چوار كارمەندی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە بەڕەگەز یەمەنی بوون، گیانیان لەدەست دا و دوو كارمەندی تریش بریندار بوون.

هێرشەكە بووە هۆی زیانگەیاندن بە پێدانی كاتەكانی كارەبا، لەمبارەیەوە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: بە هۆی هێرشە درۆنییەكە، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستا و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەوە.

هێرشەكە هەروەها زیانی بە ئاویش گەیاندبوو و بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەپێناو پاراستنی پڕۆژەكان، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك پڕۆژەكانی دابەشكردنی ئاوی لە پارێزگای سلێمانی و دوكان راگرتبوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.