Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 21:30

كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری ئەنجامدرا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێرجەختى لە بەپەلە دەستکردن بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بازاڕەکە بە ڕووى دوکانداران و هاووڵاتییان کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد لیژنەیەکى هونەرى پێکبهێنرێت بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها جەخت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەى قەیسەرى هەولێر کرایەوە کە پەلە بکات لە ئاشکراکردنى هۆکارەکانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە زووترین کاتدا بۆ ڕای گشتیى، کە ئایا ڕووداوەکە بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بووە بە ڕێنماییەکان، یان دەستێکی خراپکار لە پشت ڕووداوەکەدا هەن.

لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى، بەرگرى شارستانى، بەڕێوەبەرایەتى کارەباى هەولێرى دەستکراوە کرد بۆ هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان و هەموو ئەو مەترسییانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە لەنێو بازاڕى قەیسەرى و سەرجەم بازاڕە میلـلییەکان و شوێنە گشتییەکانى دیکەى شارى هەولێر.

پاشان لەپێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان، تەئکید لە دەستپێکردنى هەڵمەتێکى هوشیارکردنەوە لەلایەن بەرگرىی شارستانی کرایەوە، کە لە هەڵمەتەکەدا زانیاری بدات بە خەڵکی گشتیی و کاسبکاران و دوکانداران لە چۆنیەتی ڕێگریکردن و خۆپاراستن لە کەوتنەوەی ئاگر لە ژینگەی ماڵەوە و شوێنی کارکردن و بەکارهێنانى ئامێرەکانى ئاگر کوژێنەوە لە کاتى پێویستدا، ئەوە سەڕاى ئەوەى کۆبوونەوە بە پێویست زانى لە شوینە گشتیەکان و بازاڕ و ناوەندەکان سیستەمی ئاگر کوژێنەوە جێگیر بکرێت.

شەوی یەكشەممە ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و 7 کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.