Erbil 15°C یەکشەممە 02 حوزەیران 22:30

سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێن

کوردستان TV
100%


لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکوومییەکان بە مەبەستی دامەزراندن بۆ حکومەتی فیدڕاڵی نێردراوە.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی 1928 لە 25ی نیسانی 2024، داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، لیستی ناو و ناونیشان و کۆمەڵێک وردەکاریی تری سێ یەکەمەکانی زانکۆکان لە خشتەیەکدا ئامادە بکەن و بە نووسراوێک بەرزی بکەنەوە بۆ ئەوەی بە مەبەستی دامەزراندن ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵی بکەن".

گوتیشی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تۆماری گشتیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی ئامادە کردووە؛ کە بەپێی ئەم خشتەیە پێویستە زانکۆکان لیستی ناوی سێ یەکەمی دانەمەزراوی چەندین ساڵە لەسەر ئاستی بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان بە وردەکاریی دەستنیشانکردنی مووچە و ناونیشانی کار و پسپۆڕی و زانکۆ و کۆلێژەکان بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە؛ بۆ ئەوەی بەرز بکرێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە مەبەستی دامەزراندن. بەو ئومێدەین دوای ئەم هەوڵە و ئامادەکردنی لیستەکان بڕیاری دڵخۆشکەر بۆ سێ یەکەمەکان هەبێت و بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەربچێت".

لەم کابینەیەدا دوو خولی سێ یەکەمەکان دامەزرێندراون کە ژمارەیان نزیک 3 هەزار دەرچوو بوو. بەپێی بەدواداچوون و ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە 10 هەزار دەرچووی سێ یەکەم لەسەر ئاستی کۆلێژ و بەشەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا دانەمەزراون. کە ئەوانیش بریتین لە سێ یەکەمەکانی ساڵی (2017-2018)، تاوەکوو (2022-2023).

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.