خاڵە گرنگەکانی سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا

یەکێتی ئامادەیە هاوکاری تورکیا بکات بۆ لێدان لە پەکەکە و لاوازکردنی و داخستنی بارەگاکانی باڵی باشوری پەکەکە تەڤگەری ئازادی
Thumbnail

ئاسۆ حاجی سەردانەکەی بەرهەم ساڵح چ وەک نوێنەری یەکێتی بێ یان سەرۆک کۆماری عێڕاق بێت کارنامەکەی یەک بابەتە کە لە دوو خاڵ پێکهاتووە، وەک وەزیری دەرەوەی عێڕاق لە وەڵامی کۆمەڵێک راگەیاندن کاری عێڕاقی بەر لە سەردانەکە رایگەیاند کە سەردانەکە بۆ باسکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی و کێشەی سەر سنوورەکانی عێراق و تورکیایە.

خاڵی یەکەمی سەردانەکە، کە لە سلێمانیەوە داڕێژراوە و بەر لە سەردانەکەی بەرهەم باڵیۆزی تورکیا لە عێڕاق و سەرکردەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی لە سەری ڕێک کەوتوون کە لە بەرامبەر کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان،یەکێتی ئامادەیە هاوکاری تورکیا بکات بۆ لێدان لە پەکەکە و لاوازکردنی،داخستنی بارەگاکانی باڵی باشوری پەکەکە(تەڤگەری ئازادی) تەنها بۆ ئەوە بوو ئەردۆگان بە سەردانەکەی بەرهەم رازی بێت و وەک سەرۆک کۆمار پێشوازی لێبکات.

خاڵی دووەم کە زۆر لەوەی یەکەم مەترسیدارترە، کە لەوە دەچێ لە نێوان بەغدا و سلێمانی داڕێژرابێت ئەویش هاندانی تورکیایە بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و پێشڕەوی کردنی تا دەڤەری شنگال،کە لەوە دەچێ بەرهەم ساڵح رەزامەندی ژمارەیەک هێزی عێڕاقی وەرگرتبێ بۆ ئەو مەبەستە کە دەرئەنجامەکەی بە کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووری بێت لە نێوان تورکیا و عێڕاق بەبێ ئەوەی بە هەرێمی کوردستان تێبپەڕێت لە دەڤەری شەنگال راستەوخۆ لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێڕاقی و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان و بێ بایەخ کردنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل،ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ ئەو ڕێکەوتنەی نێوان عەبادی و ئەردۆگان لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان کە بڕیار بوو هێزەکانی عیراقی پێشڕەوی بکەن بۆ داگیرکردنی دەروازەی فیشخابوور کە تاکە دەروازی رۆژئاوای کوردستانە لەگەڵ باشوری کوردستان و تاکە دەروازەیە کە تێیدا هاوکاری سەربازی و پێداویستی ژیان بە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەگات.

یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و کردنی بە سەرۆککۆمار بە پاڵپشتی بافێل تاڵەبانی و لاهور جەنگی بۆ ئەوە بوو ئایندەی یەکێتی بە مسۆگەری بکەوێتە دەستی خۆیان و دەرئەنجامی کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی بۆخۆیان یەکللایی بکەنەوە،هەروەها پاداشت دانەوەی بەرهەم ساڵح بوو لە بەرامبەر ئەو پاڵپشتیەی لە سەرانی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەری کرد لە دوای رادەست کردنەوەی کەرکوک بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هەوڵدانی بۆ روخاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی داواکردنی دامەزراندنی (حکومەتی ئینقاز). ئەوەی بەرهەم ساڵح بۆی چووە و ئەنقەڕە پێی دڵخۆشە وەدیهێنانی ئاسان نیە چونکە یەکێتی بەبێ رەزامەندی ئێران ناتوانێ هەنگاوێکی لەو شێوەیە بهاوێژێ،هەروەها لەوە دەچێ ئەمریکا و فەڕەنساش ئەوەیان زانی بێ بۆیە کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوا خاوکرایەوە و تڕەمپیش رایگەیاند کە هاوبەشە کوردەکانیان دەپارێزن،بەوەش ڕێگە لە سوپای تورکیا دەگیرێ بگاتە سەرسنوورەکانی عێڕاق و داگیرکردنی شەنگال کە جگە لە ئەمریکا بۆ ئێرانیش یەکجار گرنگە.

ئه‌م ووتاره‌ گوزارشت له‌ بیرو بۆچوونی نوسه‌رده‌كات