یارییه‌كه‌ی ئه‌فغانستان و ده‌رئه‌نجامه‌كان

به‌ر له‌ ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌ی كێشانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان له‌ نێوان ئه‌مریكا و تالیباندا رێككه‌وتنێك كراوه‌
Thumbnail

چه‌ند رۆژێكه‌ تالیبان دوای زیاتر له‌ 20 ساڵ دووباره‌ حكومی ئه‌فغانستانی گرته‌ ده‌ست.

تالیبان هێشتا وه‌كو سه‌ده‌ی رابردوو بیر ده‌كاته‌وه‌ و له‌ دوایین لێدوانی خۆیدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ وڵات له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نێكه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ریعه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌بات و دیموكراسی هیچ نرخ و به‌هایه‌كی له‌ وڵاتدا نابێت.

زۆر كه‌س پێیان وایه‌ كه‌ كێشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان، به‌ مانای شكه‌ستی ئه‌مریكایه‌. به‌ له‌ونێك ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رته‌سك بیر بكه‌ینه‌وه‌ وایه‌، ئه‌مریكا شكه‌ستی خوارد، به‌ڵام شكه‌سته‌كه‌ی ئه‌مریكا زه‌مینه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ یارییه‌كی گه‌وره‌تر له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مریكا سوودمه‌نی یه‌كه‌می ده‌بێت.

به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆ بایدن چه‌ندین هۆكاری ناوخۆیی هه‌ن كه‌ وایان كرد ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان بكێشێته‌وه‌. ئه‌و هۆكارانه‌ هه‌ندێكیان بریتین له‌ هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی، زۆربوونی دزی سامانی گشتی، نه‌بوونی حكوومه‌تی دامه‌زراوه‌یی نیشتمانی، زۆربوونی رێژه‌ی سه‌رباز و كارمه‌ندی بندیوار و نه‌بوونی ئیراده‌ی به‌هێز بۆ ئیداره‌ كردنی وڵات و پاراستنی وڵات.

ئه‌مه‌ هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كانن كه‌ ئه‌مریكا دوای 30 ساڵ مانه‌وه‌ی له‌ ئه‌فغانستان نه‌یتوانی به‌رپرسانی ئه‌ووڵاته‌ رازی بكات كه‌ ئه‌م هۆكارانه‌ كه‌ كێشه‌ بوون بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی وڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سوپایه‌كی زیاتر له‌ 300 هه‌زار سه‌ربازی هه‌بوو به‌ڵام 11 رۆژ نه‌یتوانی خۆی له‌به‌ر تالیباندا بگرێت كه‌ هۆكاری ئه‌مه‌یش زۆر بوونی بندیواره‌كان و نه‌بوونی ئیراده‌ و په‌روه‌رده‌یه‌كی راست و دروستی سه‌ربازی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ره‌ژوه‌ندی نیشتمانییه‌.

با هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان وه‌لاوه‌ بنین و باس له‌و هۆكاره‌ ده‌ره‌كییانه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌مریكایان ناچار كرد ئه‌و یارییه‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ ئه‌فغانستان ئه‌نجام بدات.

بێگۆمان به‌ر له‌ ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌ی كێشانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان، له‌ نێوان ئه‌مریكا و تالیباندا رێككه‌وتنێك كراوه‌، سه‌ره‌تای دانوستانه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ سه‌رده‌می دۆناڵد ترامپ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می بایدندا رێككه‌وتنه‌كه‌ ئیمزا و جێبه‌جێ كرا.

به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌مریكا به‌ مه‌رج ئاماده‌ ده‌بێت له‌ ئه‌فغانستان بكێشێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر كۆنترۆڵ كردنی ئه‌فغانستان له‌ لایه‌ن تالیبانه‌وه‌ بێده‌نگ بمێنێـت.

مه‌رجه‌كانی ئه‌مریكا بریتین له‌ دروست كردنی كێشه‌ له‌ لایه‌ن تالیبانه‌وه‌ بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێران، رووسیا، چین و دواجاریش پاكستان.

ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت بۆ لاواز كردنی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ تایبه‌تی له‌ عێراق، سووریا و لوبنان، تالیبان به‌ گژ ئێِراندا بدات و ئێران له‌ سه‌رتاسه‌ری سنووری رۆژهه‌ڵاتی خۆی، سه‌رقاڵ به‌ تالیبانه‌وه‌ بكات. له‌ پاڵ تالیبانیشدا ئێران چه‌كداره‌ دژه‌به‌ره‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌ی سیستان و به‌لووچستان به‌هێزتر ده‌كات و به‌مجۆره‌ ئێران له‌ سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ تووشی كێشه‌ و گرفت ده‌كرێت و سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئێرانیش به‌رفراوانن و كۆنترۆڵ كردنیان بۆ ئێران زۆر زه‌حمه‌ته‌.

لێدوانه‌كانی مه‌لا براده‌ر دوای 11 ساڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌فغانستان سه‌لمێنه‌ری رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان تالیبان و ئه‌مریكان. مه‌لا براده‌ر دوای دوو رۆژ له‌ كۆنترۆڵ كردنی كابل له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران كرد و رایگه‌یاند كه‌ مۆجاهێده‌كان روانه‌ی تاران، مه‌شهه‌د وئیسفه‌هان ده‌كه‌ن و شه‌ڕی رژیمی ئێران ده‌كه‌ن.

به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت تالیبان بكاته‌ مایه‌ی سه‌رئێشه‌ و گرفت بۆ دوو ركه‌به‌ری ستراتیژیكی گرنگی خۆی كه‌ رووسیا و چینین.

سه‌رقاڵ كردنی رووسیا و چینیش له‌ لایه‌ن ئه‌مریكایه‌وه‌ به‌ تالیبان، ده‌بێته‌ هۆكاری نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یه‌كی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا و به‌مجۆره‌ ئه‌مریكا له‌لایه‌كه‌وه‌ ركبه‌ره‌ ستراتیژییه‌كانی خۆی سه‌رقاڵ ده‌كات و له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ كار له‌سه‌ر لاوازكردنی پێگه‌كانیان و نائارام كردنی دۆخی رووسیا و چین له‌ رێگه‌ی تالیبانه‌وه‌ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ نائارام كردنی سنووره‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ گۆرز له‌ ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌ بوه‌شێنێت.

له‌ پاڵ ئه‌م پلانه‌ی ئه‌مریكادا، ئه‌مریكا ئاڵترناتیفی دووه‌می بۆ تالیبان داناوه‌. ئه‌مروڵا ساڵح كه‌ پێشتر جێگری سه‌رۆككۆماری هه‌ڵهاتوو ئه‌شره‌ف غه‌نی بوو و ئێستا به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستووری ئه‌فغانستان، خۆی به‌ سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات.

ئه‌مروڵا ساڵح كابلی به‌ جێ هێشتووه‌ و به‌ ئه‌یاله‌تی پانشیره‌ كه‌ 150 كلیۆمه‌تره‌ دووری ئه‌فغانستانه‌ به‌جێ بووه‌. ئه‌یاله‌تی پانشیر نه‌كه‌وتووته‌ ده‌ستی تالیبان و ئه‌مروڵا ساڵح له‌و ئه‌یاله‌ته‌ به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی كۆ كردنه‌وه‌ی هێزی چه‌كدارییه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی شۆڕش له‌ كاتی پێویستدا له‌ دژی تالیبان.

ئه‌مریكا به‌ كێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ ئه‌فغانستان له‌ راستیدا دانی به‌ شكه‌ستی خۆیدا نه‌نا به‌ڵكو كێشانه‌وه‌كه‌ بوو سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قۆناخێكی نوێ كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی زه‌ره‌ری زۆر گه‌وره‌یان بۆ ئێران، رووسیا و چین ده‌بێت و به‌مجۆره‌ ئه‌مریكا به‌ یه‌ك تیر سێ نیشانه‌ی پێكا.

ئه‌رده‌لان گۆران