لامه‌ركه‌زى له‌ هه‌رێمى فیدرالیدا له‌ رووى یاساییه‌وه‌

پێش ئه‌وه‌ى باسی لامه‌ركه‌زیه‌ت بكه‌ین با بزانین مه‌ركه‌زیه‌ت چییه‌
Thumbnail

به‌ پێى ماده‌ى 117ى ده‌سوورى عێراق كوردستان هه‌رێمێكى فیدرالییه‌ له‌م وڵاته‌دا و په‌یره‌وى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى له‌ بواره‌ جۆراوجوره‌كاندا ده‌كات، كه‌ خاوه‌ن هه‌رسێ ده‌سه‌لاتى سه‌ره‌كى یاسادانان و جێبه‌جێ كرن و دادوه‌رییه‌، هه‌موو كاروباره‌كانى دارایی و كارگیرى و سه‌ربازى و ئاسایش و دادوه‌رى و... تاد به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌رێوه‌ ده‌بات. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ به‌ هۆى چه‌ند ده‌زگایه‌ك وه‌ك: په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و به‌چه‌ندین رێگا چاودێرى له‌سه‌ر كاروباره‌كانى حكومه‌ت ده‌كات. به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌ دروست ده‌بێت: ئایا به‌پێى ده‌ستوور ده‌كرێت ئه‌م هه‌رێمه‌ جارێكیتر دابه‌ش بێت بۆ چه‌ند هه‌رێمێكیتر؟. له‌ ماده‌ى 119ى ده‌ستوورى فیدرالیدا چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌ى كردووه‌، به‌ڵام ناچینه‌ ناو وورده‌كارییه‌كانى.

ئێستا دێینه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌مان، ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمانه‌ لامه‌ركه‌زیبوونى پارێزگایه‌ك یان چه‌ند پارێزگایه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان، واته‌ شوڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ یه‌كه‌ كارگێرییه‌كانى وه‌ك پارێزگاكان و قه‌زا و ناحیه‌كان. لێره‌دا چه‌ن پرسیارێك دروست ده‌بێت: ئایا گونجاوه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاتانه‌ له‌ هه‌ندێك پارێزگا شوڕ بكرێنه‌وه‌ و له‌ هه‌ندێ پارێزگایتر له‌ هه‌مان هه‌رێمدا وه‌ك خۆى بمێننه‌وه‌؟ یاخود پێویسته‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ هه‌موو پارێزگاكان وه‌كویه‌ك شور بكرێته‌وه‌؟ ئایا لامه‌ركه‌زى ته‌نها له‌ بوارى كارگێریدا ده‌بێت یان لامه‌ركه‌زى دارایش ده‌گرێته‌وه‌؟.  هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ وه‌ڵامى خۆیانى هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ هه‌مووى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر جۆره‌ پرۆژه‌یه‌كى لامه‌ركه‌زى پێشكه‌ش به‌ حكومه‌ت بكرێت بۆ لامه‌ركه‌زیبوونى پارێزگایه‌ك یان چه‌ند پارێزگایه‌ك، پێویسته‌ره‌زامه‌ندى ئه‌نخومه‌نى وه‌زیرانى له‌سه‌ربێت. له‌ دواى ته‌واو بوونى هه‌موو رێكاره‌كان، ئه‌گه‌ر لامه‌ركه‌زى داراییشى له‌گه‌ڵدا بوو، پێویسته‌ په‌رله‌مانیش په‌سه‌ند بكات، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر بوارێكدا پێویستى به‌ یاسا هه‌بێت، پێویسته‌ په‌رله‌مان له‌ پێشدا یاساى بۆ ده‌ربكات.

پێش ئه‌وه‌ى باسی لامه‌ركه‌زیه‌ت بكه‌ین با بزانین مه‌ركه‌زیه‌ت چییه‌؟ مه‌ركه‌زییه‌تى كارگێرى بریتییه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو ده‌سه‌لاته‌ كارگێرییه‌كان له‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن، له‌ پایته‌خت یان له‌ چه‌ند شوێنێكى دیاریكراو له‌ وڵاتدا، له‌م كاته‌دا ده‌سه‌لاتى جێبه‌جێكردن، واته‌ حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ركه‌ كارگێرییه‌كاندا ده‌بێت، به‌تایبه‌تى له‌ ئاراسته‌ كردن و پلاندانان و هه‌ماهه‌نگی و...تاد، له‌ هه‌موو جومگه‌كانى حكومه‌تدا.

له‌ سیسته‌مى لامه‌ركه‌زى كارگێریدا، حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى زیاتر ده‌داته‌ پاریزگاكان و یه‌كه‌ كارگێریه‌كانى خوارتر، به‌لام له‌ هه‌مان كاتدا لامه‌ركه‌زى كارگێرى سه‌ربه‌خۆییه‌كى ته‌واویان نییه‌ له‌ ده‌سته‌ ناوخۆییه‌كاندا، بۆیه‌ پێویسته‌ چاودێرى كردنى ئه‌م ده‌ستانه‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتى و چاودێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا ده‌بێت، چونكه‌ حكومه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌موو تاكه‌كان له‌ هه‌رێمدا. واته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران مافی چاودێری كردنى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاروبارانه‌ى پارێزگا و قه‌زا لامه‌ركه‌زییه‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، كه‌واته‌ لامه‌ركه‌زى كارگێرى سه‌به‌خۆیی كارگێری ره‌هایان نییه‌. به‌ڵام له‌ سیسته‌مى لامه‌ركه‌زی كارگێریدا ده‌سه‌ڵاتى نێوخۆیی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ په‌یره‌و كردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى. له‌ هه‌مان كاتدا حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى به‌رێوه‌بردنى هه‌ندێك (مرافق)ى گشتى هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆیان به‌ سیسته‌مى گشتی (النڤام العام)ه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك (ئاسایش گشتی، ئارامى گشتى، ته‌ندروستى گشتى) هه‌ر له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى وڵات گرنگتره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ لاوه‌كییه‌ ناوخۆییه‌كانى هه‌رێمى و ناوچه‌یی.

به‌ گشتى كه‌سایه‌تى مه‌عنه‌وى ناوخۆیی ده‌سه‌ڵاتى كارگێرى هه‌ندێك (مرافق)ى گشتى ده‌گرێته‌ ده‌ست و به‌رێوه‌ى ده‌بات ئه‌وانه‌ى شێوازى ناوخۆیی و ناوچه‌ییان هه‌یه‌. به‌گشتى لامه‌ركه‌زى كارگێرى دابه‌ش ده‌بێت بۆ دوو جۆرى سه‌ره‌كى كه‌ له‌ خواره‌وه‌ باسیان ده‌كه‌ین:

  1.  لامه‌ركه‌زی ناوخۆیی هه‌رێمى: له‌م شێوازه‌ى لامه‌ركه‌زى كارگێریدا حكومه‌ت هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌لاته‌كانى خۆى شۆر ده‌كاته‌وه‌ بۆ هه‌ندێك پارێزگاكان، هاوشان له‌گه‌ڵ پسپۆرییه‌كانى پارێزگاكان كه‌ خۆیان به‌رێوه‌ده‌به‌ن، كه‌ خاوه‌نى كه‌سایه‌تى مه‌عنه‌وى خۆیانن و سه‌ربه‌خۆیی كارگێرى و دارایی خۆیان هه‌یه‌. ئه‌م كاره‌ش زیاتر پشت به‌ پرۆسه‌ى دیموكراتى ده‌به‌ستێت به‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نه‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌مان پارێزگادا وه‌ك: ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى و ئه‌نجومه‌نى گوند و قه‌زا و ناحیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتییان زیاتر هه‌ست به‌ خۆ به‌رێوه‌بردن بكه‌ن.
  2.  لامه‌ركه‌زى (مرفقی یان مه‌سله‌حى): له‌م شێوازه‌ى لامه‌ركه‌زیدا یاسادانه‌ر واته‌ په‌رله‌مان كه‌سایه‌تى مه‌عنه‌وى ده‌داته‌ هه‌ندێك ده‌زگا و پرۆژه‌ و (مرافق و مصالح)ى گشتى، بۆئه‌وه‌ى تا ئاستێك سه‌ربه‌خۆیی كارگێرى خۆیان هه‌بێت له‌ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته‌ هه‌ر له‌ژێر چاودێرى حكومه‌تدا بێت. وه‌ك ده‌زگاكانى پۆست و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و كاره‌با و زانكۆكان و...تاد، بۆ ئه‌وه‌ى چالاكییه‌ كارگێرییه‌كان ئاسانتر به‌رێوه‌ببرێن دوور له‌ هه‌ر ته‌نگژه‌یه‌كى كارگێرى. به‌ڵام ئه‌م شێوازه‌ى لامه‌ركه‌زى به‌پێچه‌وانه‌ى خالى یه‌كه‌م پشت به‌ دیموكراتییه‌ت نابه‌ستێت، به‌لكو زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر كاره‌ هۆنه‌رییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ پێویستى به‌ چ جۆره‌ پسپۆرییه‌كى دیاریكراو هه‌یه‌، كار له‌سه‌ر دابینكردنى ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ى په‌نا بۆ شێوازى هه‌لبژاردن ببات، بونمونه‌ بۆ دانانى سه‌رۆك یان ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى به‌رێوه‌بردنى ئه‌م دزگا گشتیانه‌. به‌ڵام بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویسته‌ یاسادانه‌ر سنوورێك بۆیان دابنێت كه‌ تا چه‌ند ده‌ست كراوه‌ ده‌بن و ئه‌رك و مافه‌كانیان چه‌نده‌.