حکومەتی كوردستان و ئاسۆی ڕوونی ئایندە

لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی پلانی گشتگیر کاری بۆ ژێرخانێکی تۆکمە کردووە
Thumbnail

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بەرچاوی ناوە وەکو ئامادەکاری بۆ لە دایكبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ، کە هەموو بەرپرسیارێتیەکان بگرێتە ئەستۆ لە پێناو دەستەبەرکردنی خواست و هیواکانی گەلی کوردستان و ژیانێکی پڕ ئازادی و شکۆمەندی لە چوارچێوەی ئەو سەربەخۆییە، دەکرێت بە ڕاشەکاوی ئاماژە بە قۆناغی مێژوویی خەباتی گەلەکەمان، کە پشت بەست بە هێزی لەبن نەهاتووی پێشمەرگە قارەمانەکان بێ ووچان بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانی تێکۆشیوە.

گەلی كوردستان و سەرکردایەتی سیاسی بە بەرزڕاگرتنی بەها مرۆییەکانی پەیوەست بە لێبووردەیی و کرانەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی تەکەز لەسەر مافی چارەنووس دەکەن، پێيان وایە كوردستان بە هەبوونی ئابوریەکی بەهێز و دامەزراو لەسەر بنەمای زانیاری سەردەم و بە ڕێبەرایەتی کەرتی تایبەتی نیشتمانپەروەر دەتوانێت ئاشتی و سازان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بونیاد بنێت و لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی ئەرێنی و بەرجەستە بگێڕێت.

حکومەتی هەرێمی كوردستان بونیادنانی ئایندە، کە سەربەخۆیی لەگەڵ خۆی دەهێنێ، بە پرۆژەیەكی ستراتیژ دادەنێ و بە سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکان کار دەکات لە پێناو زاڵبوون بەسەر ئالنگاریەکان.

خواستەکانی گەلی کوردستان مەزنن، ئەو ساڵانەی، کە کوردستان ناسەقامگیربوو و دەسەڵاتی ناوەند خاکی كوردستانی کردبووە گۆڕەپانی داگیرکاری و ململانێ بەربەستی زۆریان بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندن درووستکردبوو. سیاسەتەکانی ستەمکاری و داگیرکاری نەیانتوانی گەلی كوردستان لە خەون و خواستە مەزنەکانی دابڕێنن.

لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی پلانی گشتگیر کاری بۆ ژێرخانێکی تۆکمە کردووە و لە ڕێگەی چاکسازی و پەرەپێدان توانیویە دامەزراوە فەرمیەکان و کەرتی تایبەت بە‌هێزتر بکات.

ڕوانگەی سەرەکی نەخشەسازییەکانی حکومەت لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی پڕ ئاسایش و سەقامگیر و گەشەسەندوو بووە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان.

ئەمەش دوا ئامانجی حکومەت نیە، چونکە سیاسەتی نیشتمانی گشتی بریتیە لە نوێکردنەوەی سەرجەم سیستەمەکانی پەیوەست بە ئابوری و خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و هاوەڵیکردنی سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری بەهەموو ئامراز و کەرەستەکانی.

حکومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزکردنی هەستی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی یەکگرتوویی لە نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت .

کرانەوە بە ڕووی فەرهەنگەکان و وەبەرهێنان لە بواری دامەزراندنی تۆڕی پەیوەندی نێودەوڵەتی پتەو و بەردەوام لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێ دامەزراوە دیبلۆماسیەکانی كوردستان بەهێزتر بکات.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم گرینگی بە ڕەهەندەکانی میکانیزمی کارکردنی حکومەت و بونیادنانی تواناکان و ئاراستەی ئایندە دەدات و بە کردەیی بەرجەستەی کردووە، کەوا بەردەوامبوونی لەسەر پاڵپشتیکردنی بەرنامە و پرۆژەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە مەبەستی هاندانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕۆلگێران وەکو چاودێر و درووستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر، دەتوانێ متمانەی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاد بکات، بەو شێوەیە ئایندەیەکی گەش و پڕ سەروەری بەدەست دەهێنرێت.

پێویستە ستراتیژی داهاتوومان بۆ بونیادنانی نموونەکانی ئایندەسازی بێت بە تایبەتی لە کەرەتەکانی تەندروستی (دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کۆڤید ١٩) و خوێندن و کۆمەڵایەتی و پەرەپێدان و ژینگە و گونجاندنی حکومەتی ئێستا، بێجگە لە ڕاهێزانی توانا نیشتمانیەوکان لە بواری سەرپەرشتیکردنی ئایندە و بەستنی هاوبەشی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی تاقیگە تایبەتمەندەکان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە ئایندە لە کەرتە جیاجیاکانی هەرێمی كوردستان.

دکتۆر سامان سۆرانی

پسۆڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ