جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان ئه‌نفالكردنی كوردستان

ئه‌رێ ئه‌نفال وجینۆسایدكردنی كوردستان چییان له‌ هۆلۆكۆست كه‌متره‌ ..؟
Thumbnail


37 ساڵ به‌ر له‌رۆژێكی وه‌كو ئه‌مرۆ وله‌ 31-7-1983دا بارزانییه‌كان له‌ قوشته‌په‌ جینۆسایدكران . ئه‌و رۆژه‌  كه‌ لای ئه‌نجامده‌رانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ، رۆژی پیرۆزی شۆفینیانه‌ی كوده‌تاچیانه‌ وله‌كه‌لتووره‌كه‌یاندا به‌ ‌هێمای (17-31ی ته‌مموز)  ئاماژه‌ی پێده‌درێت ،پرۆسه‌ كه‌  كارێكی نه‌خشه‌ بۆدارێژرابوو.

ئه‌م پرۆسه‌ به‌دناوه‌ قێزه‌ونه‌ وه‌حشیگه‌راییه‌ به‌ نه‌خشه‌ و پلانی وورد وله‌ فه‌رهه‌نگ و هزری  نامه‌ردانه‌و دیكتاتۆریانه‌ی به‌غدا دا به‌سێ قۆناغ وله‌ ماوه‌ی (10- 12 رۆژ) دا پیاده‌كرا . سه‌ره‌نجام هه‌شت هه‌زار (8 هه‌زار پیاووخوورتی بارزانییان ) جینۆسایدكران .

پرۆسه‌ی به‌دناوی ( جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان)  له‌ كۆمه‌ڵگا زۆره‌ ملێیه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێروده‌وروبه‌ری كه‌ له‌ (قوشته‌په‌ ،به‌حركه‌ ،هه‌ریر، دیانا )  ئه‌نجامدرا، له‌مێژووی كاره‌ساتباری نامرۆڤانه‌ وهۆلۆكۆست وئه‌نفال وجینۆساید كردنی كوردستاندا له‌سه‌رده‌می جه‌مسه‌رگیری رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا  له‌م دووروانگه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا  پێگه‌وبه‌هاو تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆی هه‌یه‌ :   

یه‌كه‌م : هه‌ڵقه‌ناندن وڕاگوێزانی بارزانییه‌كان به‌خاووخێزانه‌وه‌ له‌زێد و ئاوایی وشارو شاره‌دێییه‌كانی خۆیان وراگواستنی زۆره‌ملێییان بۆ كۆمه‌ڵگا زۆره‌ ملێییه‌كانی (قوشته‌په‌ ، به‌حركه‌ ، هه‌ریر و باتاس ، دیانا ) له‌ دوای ساڵی 1975 و نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولدا روویدا  خودی پرۆسه‌ی راگوستنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وێرانكردن وسووتماك  كردنی ده‌فه‌ری بارزان ،  له‌ یاسایی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ جینۆساید به‌ یه‌كه‌مین پرۆسه‌ی جینۆسایدكردن هه‌ژمارده‌كرێت .

 دواتر ره‌شبگیری پیاوو زه‌لام و نێرینه‌ی خوورت  وجیاكردنه‌وه‌یان له‌ خێزان وخوشك و كچ و ئافره‌ت و ژن و ماڵو منداڵیان  له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ ملێییه‌كاندا  له‌ شه‌وانی ( 31ی ته‌مووز تا 11ی ئاپی سالی 1983 ) دابه‌ پرۆسه‌ی دووه‌می جینۆسایدكردن هه‌ژمارده‌كرێت .

دووه‌م : ئه‌م پرۆسه‌یه ‌و سه‌ركه‌وتنی به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ ئه‌نفالچی و جینۆسایدچییه‌كانی به‌غدا  دایانڕشت بوو ، بووه‌ ده‌سپێك و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دارشتنی پلانێكی گه‌وره‌ ی گشتگیربه‌مه‌به‌ستی پاكتاوكردن وئه‌نفالكردن وكیمابارانكردنی

ته‌واوی كوردستان .

 پرۆسه‌كه‌ هه‌روا كه‌وته‌وه‌ ، دوای  جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان ، بۆردوومان و جینۆسایدكردنی كۆمه‌ڵگای ( زێوه‌ ) له‌ودیووی سنوور  له‌ 9-6-1985 ده‌ستی پێكرد ودرێژه‌ی كێشا، له‌دۆڵی خۆشناوه‌تی وشێخ وه‌سان وبالیسانه‌وه‌ تا كیمیا بارانی  هه‌له‌بجه‌و ئه‌نفالكردن به‌ هه‌ر( 8) قۆناغه‌كه‌ی و ته‌واو بوونی بهپرۆسه‌ی ( خاتیمه‌ الاه‌نفال ) دا .

ئه‌وانه‌ ، ئه‌و زنجیره‌ تاوانه‌ نامرۆڤانه‌ وه‌حشیگه‌رییانه‌ن له‌دوای جینۆسایدی بارزانییه‌كانی قوشته‌په‌وه‌ له‌ مێژووی تازه‌دا بوونه‌ته‌  په‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی قێزه‌ونی  ڕه‌شی چڵكنن به‌ نێوچه‌وانی به‌غداوه‌ لكاون .

له‌ یادی 37 ساڵه‌ی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان چی بكه‌ین باشه‌ ..؟ بۆله‌مه‌ودوا

چۆن مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسه‌ و ته‌واوی كه‌یسه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كانی دیكه‌ی ئه‌نفالدا بكه‌ین ..؟

ئایا هه‌ر ساڵانه‌و مانگانه‌ و رۆژانه‌ داوای قه‌ره‌بووی یاسایی و ماددی له‌ حكومه‌تی به‌غداوه‌ بكه‌ین ..؟ به‌ حكومه‌تی ئێستای كازمیه‌وه‌ش ..؟  ئایا هه‌ر چاوه‌ڕوانی قسه‌و به‌ڵێنی بێ كرداری به‌غدابین تا ئه‌م كه‌یسه‌ تۆز لێنیشتوانه‌ی سه‌ر ره‌فه‌كانی به‌غدا ده‌جولێندرێن ..؟

ئه‌ی ئێمه‌ ،له‌ كوردستاندا به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وخه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌ قوربانی ده‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ، به‌ كه‌سوكاره‌ سه‌ربه‌زه‌كانی ئه‌نفالكراواوجینۆسایدكراوه‌كان هه‌ر تاڵاو و مه‌رگه‌مووش بچێژین یا ده‌بێ زیاتر به‌ ئاراسته‌ی نێو ده‌وڵه‌تی و كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی كه‌یسه‌كان بجولێنین ..؟

ئه‌ی وا باشتر نییه‌ ، كه‌ وه‌فدێ له‌ به‌غداوه‌ دێ ، یا له‌ده‌ره‌وه‌ دێ ، له‌ هه‌ر ئاستێ دابێ له‌ گه‌ڵ تاجه‌گوڵینه‌ی سه‌رمێز، سه‌به‌ته‌یه‌كیقوربانی پڕواوپڕله‌ ئێسك و پرووسك و جه‌مه‌دانی وكه‌لوپه‌ل و ناسنامه‌ی ئه‌نفال و جینۆساید كراوانیشیان له‌به‌ده‌م دابێ و وه‌ك مۆنۆمێنتێكی بچووكراوه‌ی هێماو ره‌مز به‌خشی له‌بیر نه‌كراو

وابێت ، تا چاو وگوێچكه‌یان پڕكه‌ین له‌وێنه‌ قێزه‌ ونه‌ ناشیرینه‌ وه‌حشیگه‌راییه‌كانی به‌غدا بۆ مافه‌ یاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان رایانچڵه‌كێنین .

ئه‌رێ ئه‌نفال وجینۆسایدكردنی كوردستان چییان له‌ هۆلۆكۆست كه‌متره‌ ..؟    

   

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ