رۆڵی پارتی له‌ ئاشته‌وایی...

له‌ مانگی 10ه‌ی ساڵی 1986 له‌تاران رێكه‌وتن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی كرا، ئیدی لوله‌ی چه‌كه‌كان یه‌ك ئامانجیان هه‌بوو
Thumbnail

به‌درێژایی مێژوی خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان، پارتی له‌پێناو نشتیمان و گه‌له‌كه‌ی زمانی دایالۆگی هه‌ڵبژاردوه‌، ئه‌مه‌ش تا بتوانێت ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوخۆیی بپارێزێت، به‌پێی هه‌ستیاری قۆناغه‌كان مامه‌ڵه‌ی كردوه‌ له‌چه‌ند روێكه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ پارتی زه‌ره‌رمه‌ند بوبێت یاخود له‌ڕوی كاری حزبیه‌وه‌ پاشه‌كشێی كردبێت، به‌ڵام هه‌موو كات پاراستنی رۆڵه‌كانی له‌ لوله‌ی تفه‌نگی یه‌كتر له‌ ده‌سكه‌وتی حزبی پێگرینگتربوه‌، له‌ساڵی (1966) كاتێك باڵی مه‌كته‌بی سیاسی خیانه‌ت له‌بارزانی ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ده‌بنه‌دۆست، پاش راگه‌یاندنی رێكه‌وتننامه‌ی (11)ه‌ی ئادار پارتی لێخۆشبونی گشتیان بۆ ده‌رده‌كات و رێگایان پێده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ریزی پارتی و ده‌ست به‌ خه‌بات بكه‌نه‌وه‌

نسكۆی شۆڕش كاریگه‌ریێكی نه‌رێنی له‌سه‌ر شۆڕش دروست كرد و چه‌ندان لق و پۆپی لێبونه‌وه‌و چه‌ندان پارتی نوێ دامه‌زران، دیسان پارتی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارتانه‌ پاش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش هه‌وڵی زۆریدا تا هه‌موان له‌یه‌ك به‌ره‌ی كوردستانی كۆبكاته‌وه‌، بۆسه‌لماندنی ئه‌و بۆچونانه‌ی له‌مه‌ڕ یه‌كڕیزی پارتی هه‌یبووه‌ له‌نامه‌یێكی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یی ئیدریس بارزانی له‌ساڵی 1976 بۆ پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی (2)ی سه‌ركردایه‌تی كاتی ناردوه‌ كه‌تێیدا پێیان ده‌ڵێت ته‌نها رژێمی به‌عس و سوپاكه‌ی دوژمنی ئێمه‌ن. هه‌ر له‌و سه‌رده‌میشدا له‌یه‌كێك له‌ كۆبونه‌وه‌كان كاك ئیدریس بارزانی جوانه‌مه‌رگ به‌سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌ی راده‌گه‌یێنێت، ئێستا پارتی جیاواز له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌هه‌ن، كه‌واته‌ راو بۆچونی جیاوازیش هه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی رێكخستنی نێوماڵی كورد بده‌ین، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌رده‌وام كاری كرد، تا توانی ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت و له‌دروست كردنی به‌ره‌ی كوردستانی سه‌ربكه‌وێت و راده‌ستی ده‌ستێكی ئه‌مینی وه‌ك سه‌رۆك بارزانی كراو ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی ئه‌وانه‌ن كه‌ ئێستا كوردستان خاوه‌نیه‌تی.

له‌ساڵی 1980 یه‌كێتی له‌گه‌ڵ چه‌ند حزبێكی كوردی و عێراقی به‌ره‌ی (جوقد) دروست ده‌كه‌ن و رێگه‌ به‌پارتی ناده‌ن له‌و به‌ره‌یه‌ به‌شداربێت هه‌رچه‌نده‌ پارتی هه‌وڵی به‌شداری كردنی له‌وبه‌ره‌یه‌دا، به‌ڵام یه‌كێتی رازی نه‌بوو، حزبی شیوعیش پێداگربوو له‌سه‌ر به‌شداری كردنی پارتی چونكه‌ بڕوایان وابوو به‌بێ پارتی ئه‌و به‌ره‌یه‌ سه‌رناكه‌وێت، بۆیه‌ش دوای 28 رۆژ له‌دروست بونی (جوقد)، له‌ راژان پارتی به‌ره‌ی (جود) له‌گه‌ڵ چه‌ند پارتێكی دیكه‌ی كوردی راده‌گه‌یێنێت، هۆكاری دروست كردنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ش بۆ رێگری كردن له‌ دروستبونی ناكۆكی و پته‌وكردنی بزوتنه‌وه‌ی كورد و خه‌باتكردن به‌یه‌كه‌وه‌ له‌دژی دوژمن بوو، به‌ڵام ئه‌و ئامانجه‌یان نه‌پێكا ناكۆكیه‌كان قوڵتربونه‌وه‌ و شه‌ڕی برا كوژی درێژه‌ی كێشا.

محمدی حه‌مه‌ باقی نوسه‌رێكی كورده‌ هه‌وڵیدا ئاشته‌وایی له‌نێوانیان بێنێته‌ ئاراوه‌، ئه‌وه‌بوو پارتی رازی بوو رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی واژوو بكات، له‌ 28 ی ته‌موزی ساڵی 1982 له‌باره‌گای حزبی شیوعی له‌ پشتاشان رێكه‌وتن واژو ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێكده‌كه‌ون ، به‌ڵام جارێكی دیكه‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌شكێنێت.

 له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو كاتێك حكومه‌تی عێڕاق و یه‌كێتی له‌ دانوستانی نێوانیان ناگه‌نه‌ هیچ ئه‌نجامێك، ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ ئه‌و هه‌له‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ بانگه‌شه‌ی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی و دروست كردنی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌كات، پاش چه‌ندین دیدارو كۆبونه‌وه‌ سه‌ره‌نجام له‌ مانگی 10ه‌ی ساڵی 1986 له‌تاران رێكه‌وتن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی كرا، ئیدی لوله‌ی چه‌كه‌كان یه‌ك ئامانجیان هه‌بوو ئه‌ویش رووخاندنی رژێمی به‌عس بوو، بۆپێكهێنانی به‌ره‌یێكی نشتیمانی فراوانتر ماوه‌ی (2) ساڵ چه‌ندین كۆبونه‌وه‌كران، تا سه‌ره‌نجام به‌ره‌ی كوردستانی له‌نێوان هه‌شت پارت و رێكخراو راگه‌یێندرا و (سه‌رۆك بارزانیش) بوه‌ سه‌رۆكی ئه‌م به‌ره‌یه‌.

راپه‌رینی به‌هاری ساڵی 1991 و رزگاركردنی خاكی كوردستان و ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی یه‌كه‌م حكومه‌تی خۆجێی كوردی، ئه‌مانه‌ نه‌بونه‌ فاكته‌رێكی ئه‌رێنی بۆ سه‌قامگیری خۆبه‌ڕێوه‌بردنی باش، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستی پێكردوو (2) جه‌وله‌ به‌رده‌وام بوو، جارێكی دیكه‌ سه‌رۆك بارزانی و پارتی ده‌ستی ئاشته‌وایی  بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كورد درێژده‌كه‌نه‌وه‌، واژوكردنی رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی پشكی شێر به‌ر پارتی ده‌كه‌وێت له‌ نواندنی مڕونه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هاوهه‌ڵوێستیه‌ك دروست بكه‌ن و بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان بێت، ئه‌مه‌شی كرد .

قۆناغی ئێستای كوردستان به‌تایبه‌ت دوای روداوه‌كانی (16)ه‌ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و لێكه‌وته‌ خراپانه‌ی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی نێو ماڵی كورد هه‌یبون، پێویسته‌ جارێكی دیكه‌ پارتی به‌ پێشڕه‌وی سه‌رۆكه‌وه‌ ئه‌و رێچكه‌یه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوخۆ هه‌ڵببژێریته‌وه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر كردویه‌تی،هه‌ركات پارتی له‌دروستكردنی ئاشته‌وایی سه‌ركه‌وتوببێت، ئه‌وا كوردستان له‌پێشتر به‌هێزتربووه‌، له‌هه‌موو قۆناغه‌كان ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌یه‌كڕیزی وه‌ده‌ست هاتوون، بۆیه‌ پارتی له‌پێناو كوردستانێكی به‌هێز، ده‌بێت به‌به‌هێزی ئاشته‌وایی نێوماڵی كوردستان ده‌ست پێبكات