کاری پارێزەر و ئەرکی پارتی

پرۆسەی دەوڵەت بە قۆناغە و پێویستە یەک لەدوای یەک تێپەڕێت
Thumbnail

ئەگەرچی لەڕواڵەتدا قوتابی ساڵەکانی کۆلێژی یاسا بەسەرکەوتویی تەواوبکات و هاوبەشی و ئەندامێتی لە سەندیگای پارێزەران تۆماربکات دەبێتە پارێزەر، بەڵام لەناوەڕۆکدا جیاوازە وهێندە بەس نییە  دەبێ ڕۆژانە بە کردەی (پراکتیک) ی و خوێندنەوەوە خەرێک بێت. تائەوکاتەی کاردارێک بریکارنامەی بۆ نەکردوەتەوە دیسان ئاساییە خۆی بۆی ماندونەکات؛ بەڵام دوای ئەوەی کەسێک متمانەی یاسایی خۆی پێدەبەخشێت ئیتر ناچارە بەدوای دۆسیەکایدا بڕوات و لە خەمیدابێت و شەڕی یاسایی لەسەر بکات.

دەنگدانی هاوڵاتی بۆ پارتێکی سیاسی هەمان بەخشینی متمانەیە و تائەوکاتەی کەسێک دەنگی پێنەداوە پابەند (التزام) ی لەسەر نییە بەڵام دوای دەنگدان ئەرکی سەرشانی قورستر دەبێت و دەبێت پارێزگاری لە بەرژەوەندی دەنگدەرەکانی بکات. وەک چۆن ئەگەر پارێزەر لە دۆسییەیەکدا سەرکەوتوبێت دەنگدانەوەی دەبێت و دەبێتە هۆی بەدەست هێنانی چەند دۆسییەیەکی تر و لەگەڵ هەر سەرکەوتنێکدا کارێکی تری بۆ دەبێت؛ بەهەمان شێوە سەرکەوتنی هەرپارتێکیش لەهەڵبژاردن و پاراستنی متمانەی دەنگدەرەکانی دەبێت هۆکاری دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنی داهاتودا.

لەهەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨ پارتی دیموکراتی کوردستان توانی ٤٥ کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەست بهنێت، ڕاستە سەرکەوتنێکی کەم وێنەی تۆمارکرد بەراورد بەو هەمو قەیران و فشارە ناوخۆیی و دەرەکیانەی لەسەری هەبو و لەڕواڵەتدا ئەم حیزبە بەشێک لەئامانجەکانی بەدەست هاتوە کە متمانەی دەنگدەرانە، وەلێ لە ناوەڕۆکدا تەنها ئامرازی بەدەستهێناوە بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکان.

هەوڵ و تەقەللای پارتی بۆ بەرزڕاگرتنی ئامانجە نەتەوەییەکانە و ئەویش بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە ئەگەرچی لە ئێستاشدا وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پشتگیری ئەنجامی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ ی هەرێمی کوردستانیان نەکرد،   بەڵام ئەمەش بەمانای کۆتایی هاتن و داخستنی ئەو دۆسییەیە نییە بەڵکو پێویستە وەک جولەکە چۆن لەهەوڵی بەدەستهێنانی دەوڵەتی خۆیان بون و وەک داود بنگۆریۆن بەر لەوەی ببێتە یەکەمین سەروەزیری دەولەتی جولەکە وتی: 'جەنگی جیهانی یەکەم گەیاندینی بە بەڵێنی بلفۆر، دەبێت جەنگی دوەمیش بمانکات بەخاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ' بە دروستی ئەوەشیان کرد.

 واتە جولەکەش بەکاتێکی کەم نەیان توانی ببن بەخاوەنی دەوڵەتی خۆیان بەڵکو پرۆسەی دەوڵەت بە قۆناغە و پێویستە یەک لەدوای یەک تێپەڕێت، بەڵام پێویستە وەک جوەکان فەرمانڕەوایی ئیسرائیل چۆن توانیان نمونەیەکی جوان و شەفاف پیشانی ناوخۆی خۆیان بدەن و ئینتیمای تاکی جولەکە بەرزبکەنەوە و لەسەرئاستی دەرەوەش سەلماندیان کەدەتوانن خۆیان وڵاتی سەربەخۆ بەباشی بەڕێوە ببەن، بەدروستی پارتی دەبێت لاسایی ئەوان بکاتەوە.

 سەرکردایەتی و بنکردایەتی پارتی دەبێ کاری تەواو بکەن بۆ ئەوەی شەڕی مافە نەتەوایەتییەکان لەسەر ئاستی عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان و دەنگدەرانی خۆیان بکەن و لەناوخۆی هەرێمیش پێویستە بە گیانێکی ڕوبەڕوبونەوەی مەترسی داعش ئاسا شەڕ لەگەڵ گەندەڵی بکەن و بتوانن ئاستی گوزەرانی خەڵک باشرت بکەن بە شێوازێک هاوسەنگی هەبێت لەنێوان ئەرک و مافی دەوڵەمەند و هەژارانی هەرێمدا بۆ ئەوەی تاڕادەیەک ئەم دوچینەی کۆمەڵگای کوردی لەیەک نزیک ببنەوە.

مەترسیدارترین هەڕەشەی سەر هەرێم نەمان یاخود کەمبونەوەی ئینتیمای تاکی کوردییە بۆ دەوڵەت و ئاڵای سەربەخۆی خۆی چونکە ئەمە خەونی دەیان ساڵەی پارتی و سەدان ساڵەی کورد تێک و پێک دەدات و دەیکات بە خەونێکی پڕوپوچ (اضغاث احلام) و بێ ئەنجام بەشێوازێک زاناکانی خەوپەرژین سەری لێدەرنەکەن؛ خۆ تازە یوسفێکیش نەماوە لەزیندان بێتە دەرەوە و پلانی ڕوبەڕونەوەی ئەو هەمو نەیارەی کورد بەتاقی تەنها دابنێ و ئاسمانیش بەهەمو شێوازێک یارمەتی بدات!

ئێمە چەندین قۆناغی سەخت و جەرگبڕمان تێپەڕاندوە و دەتوانین ئەمەش بەسەربەرین و تاکی کوردی دەبێ و پیویستە دڵنیاییەکی پێبدرێت کە متمانە دان بەپارتی واتە بەدی هێنانی ئاوات و ئامانجی گەورە ئەویش نەک بەتەنها دەوڵەت بگرە دەوڵەتێکی کوردیی یاساییە وەک جوەکانی سەدەی ڕابردو کە تیایدا لەسەر ئاستی ناوخۆ شاخدارەکان شەڕی بێشاخەکان نەکەن چونکە هەموکات بە بەرچاوی شوانەوە گروپی دوەم دۆڕاندویان و خوێن بەسەروچاویاندا چۆڕاوگەی بەستوە و لە ڕوی دەرەوەش هەمیشە بەهێزبێت و نەیارەکان نەتوانن چۆکی پێدابدەن ئەگەرچی گەلەکۆمەکی چەند لایەنیشی لێبکرێ.

زیادەڕۆییم نەکردوە و باش دەزانم ئەمە کارێکی مەحاڵ نییە و وەک چۆن خەلکانێکی زۆر متمانەی خۆیان بە پیرەپارتی خاوەن خەباتی شاخ و شار داوە و دەبێ پارێزەرەکەشیان لە ئاست گەورەیی ناوبانگەکەیدا بێت و شێوازێک ڕەفتار بکات کارداری نوێ و متمانەی ئەوانی دیی بۆ بدۆزنەوە لە چوار ساڵی داهاتودا.

                                           * پارێزەر و ماستەر لەیاسای نێودەوڵەتی

                                            * بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ناوەندی چاوی کورد