بارزانی پێویستی بە پۆست نییە!

ئەوانەی ئەمرۆ لە هەوڵی دژایەتی سەرۆک بارزانی و خانه‌وادەی بەرێزی بارزانین، پێویستە بگەرێنەوە بۆ مێژوو
Thumbnail

مێژووی سەرۆک مسعود بارزانی چ وەک خودی کەسایەتی خۆی یا مێژووی خانه‌وادە بەرێزەکەی هەردەم بە شانازیەوە باسی لێوە دەکرێت لە بزاڤی رزگاری خوازی کوردستان و دابینکردنی مافەکان تەبایی و پێکەوە ژیان کە هەردەم پێشەنگ بوونە و بەردەوامن بۆیە سەرۆک بارزانی پێویستی بە پلە و پۆست نییە، ئەمرۆ وەک مەرجەع و رابەرێک دەڕوانرێتیە بەرێزیان ئەوەش وەنەبێ بە بڕیاری حزبێکی سیاسی و کادیرەکانی بێت کە سەرۆک حزبەکەی بکاتە رابەر و مەرجەع، یا بەپێچەوانەوە کە ماوەیەکە تێڕوانینی كاڵفامە سیاسییەکان دژی ئەو دەستەواژەن، با ئەو كاڵفامانە لە کەسانی بەئەزموون و خەباتگێری حزبەکیان بپرسن کە وەلایان ناون بزانن بارزانی رابەر و مەرجەعە یان نا!

هەڵبەتە ئەوانە لەو روانگە بیر دەکەنەوە کە لە ژینگەیەکی نامۆ پەروەردە کراون، بارزانی لە لایەن گەورە سیاسەتمەدار و دیبلۆماتکارانی جیهان ئەو رێزەی لێنراوە، وەک مەرجەعێک مامەلەی لەگەڵ دەکەن، راستە بارزانی سەرۆکى کۆنترین و گەورەترین و حزبە کە لەتەمەنی خۆی زیاتر لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستان خەباتی کردوە هەر لەو ساتەوەختانەی لەسەر دەستی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر دامەزراوە، لە کوردستان دەیان حزب و سەرۆک حزب هەیە لەگەڵ رێزمان بۆ هەموویان مەبەستم خوانەخواستە لەکەم کردنەوەی ئاستی ئەوان نییە، بەڵام بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە هەر لە بەغداوە تا دەکاتە واشنتۆن و پاریس و لەندەن و مۆسکۆ هەمووی بۆ چارەسەری بابەتەکان رووی لە هەولێری پایتەخت و سەری بڵند دەکەن بۆ دیداری رابەر و مەرجه‌ع مسعود بارزانی، ئایا ئەمە مانای مەرجەع نییە؟


مێژووی سەرۆک بارزانی لە پلە و پۆست مەزن ترە، هەردەم لەگەڵ پلەو پۆست نەبووە بەڵکو ناوی مسعود بارزانی زۆر دەگەیەنی، جەنابیان بەرزترین پۆست لایان پێشمەرگەیە کە زیاتر لە نیوسەدەیە پێشمەرگەیە ساتێک لە تەمەنی لاویدا لە ١٦ ساڵی چەکی مەردایەتی و کوردایەتی هەڵگرتووە و تا ئەمرۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و میللەتەکەی دەکات و مێژوویەکی پڕ لەسەروەری تۆمار کردوە کە هەموو کوردێکی دڵسۆز شانازی پێوە دەکات.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ كاتێک لە گەشتێکی ئەمریکا گەڕایەوە کوردستان لە رێگای لەندەن، لە ئێوارە کۆڕێک بۆ رەوەندی عێراقی بەرێز دکتۆر فاروق رچاعە کە دۆستێکی کوردە پرسیاری لێکرد، ئایا بە چ ناوێک بانگت بکەم بە سەرۆک بارزانی بە کاکە مسعود، لە وەڵام دا سەرۆک بارزانی فەرمووی بە ناوی خۆم من پێشمەرگەم.

ئەوانەی ئەمرۆ لە هەوڵی دژایەتی سەرۆک بارزانی و خانه‌وادەی بەرێزی بارزانین، پێویستە بگەرێنەوە بۆ مێژوو کە ئەوەی ئەوان ئەمڕۆ هەوڵی بۆ دەدەن، کەسانێک لەوان بەهێز تر و خاوەن پێگە هەوڵیان بۆ دا بەڵام بەئاواتی خۆیان نەگەیشتن و ئاواتەکانیان لەگەڵ خۆیان بردە گۆڕ، و ئەوانەی ئەمڕۆش بەهەمان ئاوات دەکەن چونكە سەرۆک بارزانی و خانه‌وادەکەی لە ناو دڵی میللەتی کوردستان دان ئەوەش مەحاڵە کەوا بتوانن دڵی میللەت بێنە لەرزین.