قەیران وەک دەرفەتێک بۆ ریفۆرم و رووبەروو بوونەوەی گەندەڵی

هیوادارم خەڵکی کوردستان پشتیوانی پرۆسەی چاکسازی بکات و پێم وایە نابێ ئەم دەرفەتە لە دەست بدەین
Thumbnail

لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک یاسای چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی تێپەڕی هەڵمەتێکی نارەزایی دژی یاساکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستی پێکرد, بە بەهانەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان, هەر بۆیەش یاساکە لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان واژووی لە سەر نەکراو گەڕێندرایەوە کە ئەو کات گەراندنەوەی یاساکان لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو بە پێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم.

ئەو کات لە پەرلەمان بووم و یەکێک بووم لەوانەی زۆر هەوڵماندا یاساکە تێپەر بکەن و هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت, چونکە زانیاری دروستم هەبوو کەسانێک کە دەیان بندیوارو موچەی نایاساییان هەبوو لۆبیان دەکرد بۆ تێپەر نەبوونی یاساکەو مەکینەی پەیجە ساختەکانیان خستبووە گەڕ , لە کۆتایشدا سەرکەوتن و دوو ساڵ پرۆسەکەیان دواخست. کاتێک لە ٢٠٢٠ یاساکە تێپەر بوو خۆ خانەنشینی پلە باڵاکانی هەڵنەوەشاندەوە, بگرە زۆر نزیک بوو لە ئەو یاسایەی لە ساڵی ٢٠١٨ قبوڵ نەکرا, بەڵام بەرژەوەندی خوازەکان زانیان دەرچواندنی یاساکە ئەم جارە بووەتە واقیع و ناتوانن پێشی لێبگرن بۆیە تێپەری.

ئەمجارە دەیانەوێت یاریەک بکەن لە جێبەجێکردنی یاساکە تۆزو خۆڵ و غوبارێک دروست ببێت تێروانینی خەڵک پەرت بکەن. ئەوان لە قۆناغی ئەمرۆ لە هەموو کات زیاتر هەست بە مەترسی دەکەن, چونکە ئەوەی بونیاتیان ناوە لە سەر دزی و کاری نارەواو نا شەرعی و قاچاخچیەتی خەریکە لە دەستی دەدەن.

بۆیە هیوادارم خەڵکی کوردستان پشتیوانی پرۆسەی چاکسازی بکات و پێم وایە نابێ ئەم دەرفەتە لە دەست بدەین.راستە بەرپرسیاریەتی هەڵەو کەم و کۆڕیەکان لە ئەستۆی ئێمە دایە(بە تایبەتی پارتی و یەکێتی), بەڵام هەر خۆشمان دەبێ چاکی بکەین و رۆژێک زووتر هەنگاوی بۆ بنێین باشترەو دەست بکەین بە ریفۆرمێکی سەرتاسەری و گشتگیرو ئومێدیشم وایە بەرێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت وەزیری دارایی و هەموو کاراکتەرەکانی دیکەی حوکمرانی بەیەکەوە روو بەرووی تەحەدیاتەکان ببنەوەو ئێمەش بە هەموو توانامانەوە لە گەڵتانین و دڵنیام ئەم دۆخە سەختە ئابووریەش تێدەپەڕێنین و کوردستان سەلامەت و پارێزراو دەبێت.

لە ماوەی نزیکەی نۆ مانگی کارکردنم لە پارێزگای ھەولێر ئیرادەیەکی پاک و دڵسۆزانە لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەدی دەکەم و ھیوای گەورەم لە سەر ھەڵچنیوە، ئەم ئیرادەیە پێویستی بە پشتیوانی ھەموومانە تا داری خۆزگەی ھەموو نیشتمان پەروەرێک بێتە بەر لە سایەی حوکمرانیەکی رەشیدو داد پەروەر کە تیایدا ھاوڵاتی میحوەر بێت و حوکمی قانون باڵا دەست بێت.

د.فەرسەت سۆفی