جوڵه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و به‌غدا

ره‌نگ بێت به‌لای ئه‌مریكه‌كانه‌وه‌ وێنای دوو عێراق بكرێت
Thumbnail

ناوه‌راستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، (مایك پۆمپێیۆ)، وه‌زیری ده‌ره‌وی ئه‌مه‌ریكا له‌وتاری هه‌فتانه‌ی خۆی، له‌باره‌ی عێراقه‌وه‌ قسه‌یه‌كی نوێی كرد، گوتی(بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌تان سه‌ربه‌خۆی بێت، ده‌مانه‌وێت هاوكاریتان بكه‌ین، و هاوكاریتان ده‌كه‌ین بۆ دووباره‌ بونیاد نانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌تان)، جیا له‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، دواجار له‌ڕێگای په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌، (مایك پێنس)جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ ده‌بێت ویستی عێراقییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی رێزی لێبگیرێت، تادێت ئاستی توندوتیژیه‌كانی عێراقیش زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریكای لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، كوژرانی خۆپیشانده‌ران دواجار ئه‌مه‌ریكای هێنایه‌ ده‌نگ، ئاگاداری ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیشی كردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی خۆیان به‌دوور بگرن له‌كوشتنی خۆپیشانده‌ران، ئاستی كاردانه‌وه‌كان به‌رانبه‌ر به‌توندوتیژیه‌كان وای كرد كه‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، باڵیۆزی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی (كه‌نه‌دا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا)بانگ بكات، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئاگاداری كردنه‌وه‌یان له‌ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری وڵاتدا، دیار نییه‌ چاره‌نووسی عێراق به‌ره‌وكوێوه‌ ده‌چێت، داواكاری خۆپیشانده‌ران بریتیه‌ له‌گۆڕینی كۆی سیسته‌می سیاسی عێراق و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان، له‌م لاشه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌مواری ده‌ستوور و گۆرینی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

عێراق له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه‌، یه‌كه‌م: دیاری كردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌ به‌پێی یاسا، یان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، له‌هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌دا گه‌ره‌نتی دامركانه‌وه‌ی نارازییه‌كانی شه‌قامی عێراق ناكرێت، چونكه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێنج مانگ كاتی ده‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردن و دیاریش نییه‌ به‌دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق داواكاری خۆپیشانده‌ران كۆتایی پێبهێنرێت، ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ ئه‌مه‌ریكای خستوه‌ته‌ جوڵه‌. سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان دروستكردووه‌، به‌شێك له‌ ئاماده‌كاریه‌كان ره‌نگ بێت په‌یوه‌ندی به‌ئه‌گه‌ری تێكچوونی دۆخی عێراقه‌وه‌ بێت، سه‌ردانی (مایك پێنس) جێگری سه‌رۆك ئه‌مه‌ریكا و (جێمس جیفری سۆن) نێرده‌ی تایبه‌ت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا بۆ كوردستان ده‌رخه‌ری جوڵه‌یه‌كی نوێی ئه‌مه‌ریكایه‌ بۆ قۆناغی داهاتووی، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێشبینیه‌ كه‌ ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا بریتیبێت له‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئێران له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان. له‌ قۆناغی یه‌كه‌م به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خرانه‌ ریزی تیرۆره‌وه‌، بۆ قۆناغی دووه‌م لێدانی سه‌ربازییه‌ له‌ سه‌رجه‌م بنكه‌و باره‌گاكانی حه‌شد، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ بێ كاردانه‌وه‌ نییه‌، به‌شێك له‌ چاودێرانی سیاسی عێراق پێیان وایه‌ (دوای سزاكانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شد، ئاستی توندوتیژیه‌كانی به‌رز تر بووه‌ته‌وه‌)، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌مسه‌رگه‌ری ئێران و ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و گرژبوونی زیاتر ده‌روات.

ره‌نگ بێت به‌لای ئه‌مریكه‌كانه‌وه‌ وێنای دوو عێراق بكرێت، (عێراقێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ ناسه‌قامگیری، گه‌نده‌ڵی، بێكاری، نارازی سه‌رشه‌قام، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، كوشتن و بڕین، ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران)، عێراقێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ خۆیان ئه‌م چه‌مكه‌یان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، مه‌به‌ستیان له‌ كوردستانه‌ كه‌(سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی هه‌یه‌، بوژانه‌وه‌ی ئابووری هه‌یه‌، شه‌رعیه‌ت و ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵات تائاستێكی به‌رچاو به‌رزه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات گرفتیان له‌گه‌ڵ سیسته‌می رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا نییه‌)، به‌ڵام له‌ عێراقه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌مه‌ نابینرێت، خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات جۆرێك له‌لێكترازانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، به‌چاوی داگیركاری ته‌ماشا ده‌كرێن، لێره‌ و له‌وێ داوای ده‌رچوونی هێزه‌كانیان ده‌كرێت، جیاله‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی كلتوریه‌وه‌، جۆرێك پارێزگاری له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وان زۆر گرنگه‌، چونكه‌ نمونه‌ی له‌م شێوه‌ی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ئیسرائیلیش، كۆی ئه‌مانه‌ واده‌كات كوردستان شوێنێكی ستراتیژی گرنگ بێت بۆ وه‌به‌رهێنان، بۆ هێزه‌ پێك ناكۆكه‌كان.

ئه‌مه‌ریكای ده‌یه‌وێت رۆڵی ئێران كه‌م بكرێته‌وه‌، بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سنووره‌كانی خۆی دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ حه‌شد له‌به‌رنامه‌یدایه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، كوردستان گرنگی جیپۆلۆتیكی به‌رز بووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هه‌ڵه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌كوردستان راستبكاته‌وه‌، چونكه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بینیمان كه‌ئه‌مه‌ریكا چۆن كه‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌، رێگای دا بۆ مانه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، چاوپۆشی بكات له‌وه‌ی كوردستان لاواز بێت، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ بوو، پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ناوچه‌كه‌ چۆڵ بوو، ئاسایشی هاوپه‌یمانان كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌مانه‌ فاكته‌ری گرنگن كه‌ دووباره‌ چاوه‌روانی ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌مه‌ریكا به‌سیاسه‌تی نوێ بگه‌رێته‌وه‌، هاتنی (مایك پێنس)و جوڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان واده‌كات پێگه‌ی كوردستان بگه‌رێته‌وه‌ بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌م جوڵه‌ به‌ومانایه‌ نییه‌ كه‌ كوردستان هاوكاری بكرێت بۆ جیابونه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌وڵ هه‌یه‌ پێگه‌ی به‌هێز ببێته‌وه‌، جیاله‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی سوننه‌له‌ عێراق لاواز بووه‌، وڵاتانی كه‌نداو به‌مه‌ترسی ده‌زانن، بۆیه‌ نایانه‌وێت ئه‌م ناوچه‌یه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست شیعه‌ و له‌مه‌ترسییه‌كانی دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ر گه‌یشتوون، سه‌رجه‌می ئه‌مانه‌ واده‌كات كوردستان به‌هێز ببێته‌وه‌، به‌مه‌رجێك كاربكرێت پێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌هێزی بمێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌بایی سیاسی.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ