له‌یادی 16ی ئابدا قۆناغێكی جیاواز له‌به‌رده‌م پارتیدا

هه‌نگاوێكی دیكه‌ كه‌ پارتی به‌نیازه‌ له‌ كابینه‌ی نوێ كاری له‌سه‌ر بكات، دروستكردنی (سه‌نته‌ری دیراساته‌) بۆ چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌ی دامه‌زراوه‌ میرییه‌كان
Thumbnail

چه‌ند رۆژی داهاتوو یادی 16ی ئابی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، ره‌نگ بێت دۆخی ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت بۆ پارتی جیاوازبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌ و پێگه‌ی به‌هێزی له‌ناو حكوومه‌ت هه‌یه‌، له‌ ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ش حساب بۆ كراوه‌، ره‌نگ بێت هه‌ندێك گۆڕانكاری گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتیش بێت، به‌تایبه‌ت باش بوونی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامی هاوكاری هاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه‌ و دروستكردنی حكوومه‌تێكی به‌هێز و فراوانبوونی په‌یوه‌ندی كوردستان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگ بێت هه‌ندێك هاوكێشه‌ له‌به‌رده‌م پارتی جیاواز بێت، چونكه‌ قۆناغه‌كه‌ جیاوازه‌، له‌ ئیداره‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، گرنگه‌ پارتی پێش 100 رۆژی پێكهێنانی حكوومه‌ت، شتێكی جیاواز نیشان بدات، ره‌نگه‌ هه‌ندێك هه‌نگاو خێرا بنرێت، له‌وانه‌: بڕیارێك هه‌یه‌ له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت كه‌ هه‌ندێك پرۆژه‌ی ستراتیژی راسته‌وخۆ بدرێته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌ وه‌زارته‌كان وه‌ربگیرێته‌وه‌، چونكه‌ ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنیان خێراتر ده‌بێت و سه‌نته‌ری بڕیار به‌هێزتر ده‌بێت، رێگاش نادرێت پاره‌ له‌ پرۆژه‌كان ته‌خشان و په‌خشان بكرێت، هه‌نگاوێكی دیكه‌ كه‌ پارتی به‌نیازه‌ له‌ كابینه‌ی نوێ كاری له‌سه‌ر بكات، دروستكردنی (سه‌نته‌ری دیراساته‌) بۆ چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌ی دامه‌زراوه‌ میرییه‌كان له‌ كوردستان، و یه‌كخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و نه‌مانی پاسه‌وانی تایبه‌ت، ئه‌م سێ بڕیاره‌، كه‌ پارتی له‌ كابینه‌ی نوێ ده‌ستی داوه‌تێ ره‌نگ بێت پشتیوانی فراوانی جه‌ماوه‌ر به‌دوای خۆیدا بهێنێت.

له‌رووی سیاسییه‌وه‌، پارتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئاسایی بوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ ماوه‌، پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنی ئیداریان كردووه‌، به‌ڵام هێشتا یه‌كێتییه‌كان دڵنیانین له‌وه‌ی تا كوێ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌ڕۆن؟ ئێستاش قۆناغه‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو هێزه‌، رێككه‌وتنی نوێی سیاسی له‌سه‌ر سێ سێكته‌ری گرنگ بكه‌ن،(یه‌كه‌م: پرسی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و گرفتی په‌كه‌كه‌ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت به‌یه‌ك پاكێج. دووه‌م: پێكه‌وه‌ به‌یه‌ك لیستی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بكه‌ن. سێییه‌م: مامه‌ڵه‌ی سیاسی ئاسایی ببێتەوە گرژی و لێدوانی دژبەر رابگیرێت. پارتی و یه‌كێتی حزبێكی گرنگی سیاسین و ده‌توانن به‌ ئاسانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ یەک بکەن و له‌ رۆژانی سه‌ختی كوردستاندا پێكه‌وه‌ ئیداره‌ی كوردستانیان كردووه‌ ده‌شتوانن ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. بۆ حزبه‌كانیش دیكه‌ش پارتی باشی هێناوه‌، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باش هاتوون رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداریان هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیان زۆر باشه‌، هاوپه‌یمانی سۆسیالیسته‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووش گرفتی سیاسیان نییه‌ و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كوردستانیش هاوهه‌ڵوێستن، كه‌وایه‌ پارتی له‌ یاریه‌ سیاسییه‌كاندا ده‌توانێت رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی ببینێت و ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌پارێزگاری له‌ ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی بكات و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووش زیاتریان بكات.

له‌گه‌ڵ به‌غدا پارتی له‌ قۆناغێكی نوێدا مامه‌ڵه‌ ده‌كات، هه‌م ده‌سكه‌وتی هه‌بووه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می به‌رێز (نێچیرڤان بارزانی)، سه‌رۆكی پێشووی حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتن بۆ نادرنی شایسته‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان و تائێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌. هه‌میش توانی ئه‌و گرژیه‌ی له‌دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكۆتبه‌ر دروست بوو، هێوری بكاته‌وه‌، ده‌رفه‌تێكی گونجاوه‌ و له‌باره‌ كه‌ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ به‌هێزتر بكرێت، ره‌نگه‌ دوای جه‌ژن پلانی تازه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌بێت كه‌ دیداری هه‌فتانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك بكات كه‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك شاند بچێته‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان. به‌ڵام بیریشمان نه‌چێت ره‌نگ بێت قۆناغی داهاتووی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر_ به‌غدا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت بۆ پارتی هه‌روا ئاسان و خۆش نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراقه‌، به‌ڵام چی ئه‌گه‌ر دوای (عادل مه‌هدی) ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ تێكچوو؟ چی ئه‌گه‌ر فشاریان هێنا بۆ (مه‌هدی) له‌ رێككه‌وتن بكشێته‌وه‌؟ چی ئه‌گه‌ر دوای ساڵی 2019 به‌غدا پابه‌ند بێت به‌ ناردنی بودجه‌ی كوردستانه‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی گریمانه‌ن ده‌بێت كاری هه‌ره‌ له‌پێشینه‌ی سیاسیه‌كانی كوردستان بێت، هه‌وڵ بدرێت دژ به‌ره‌كانی كوردستان له‌به‌غدا كه‌م بكرێنه‌وه‌، رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری شوێنی هه‌موو دڵه‌ راوكێكان بگرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێم و حكوومه‌ت به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌یه‌.

له‌ ئاستی ناوخۆییش پارتی كۆنگره‌ی پێویسته‌، پێویسته‌ نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرفتی ناوخۆی هه‌یه‌، به‌ڵكو خواستێك لای كادیرانی پارتی هه‌یه‌ به‌وه‌ی گۆرانكاری حكوومه‌ت حزبیش بگرێته‌وه‌، كه‌سانی به‌توانا و شایسته‌ بهێنرێنه‌ پێشه‌وه‌، سیسته‌می ئیداره‌دان و ته‌نزیمی به‌پێی خواست و گۆڕانكاری سیاسی ناوچه‌كه‌ دووباره‌ رێكبخرێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌بن كه‌ كۆتایی ئه‌م ساڵ بڕیار له‌سه‌ر كۆنگره‌ی پارتی بدرێت، كۆنگره‌ بۆ حزبه‌كانی دیكه‌ش باشه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ به‌هه‌ندێك گۆڕانكاری ئاراسته‌ی باشتر له‌ كاری سیاسی به‌دی بهێنرێت و گرژی سیاسی كه‌متر بكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ كۆنگره‌دا هه‌موو حزبه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاراسته‌ی ئاشتی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی دروست بكه‌ن.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ