كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی.. دەرفەتێكی تر بۆ بەیەكەوەبوونی عێراقییەكان

ئاماژەدان بە پێشمەرگە لە پاڵ هێزە عێراقییەكانی تر، بە سەرەكیترین گۆڕانكارییەكان بە ئاڕاستەی كاركردنی حكوومەتی داهاتوو هەژمار دەكرێن
Thumbnail

لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و دواتر ئەو داگیركارییەی ڕووبەڕووی ناوچە دابڕاوەكان بوویەوە، سەرەتای گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بوو لە دۆخی سیاسیی عێراقدا، بەوەی كە لە كۆتا هەڵبژاردندا عێراقییەكان حیزبی دەسەڵاتداریان لە عێراق سزا دا و لە كوردستانیش دەنگدەران پاداشتی حیزبی خاوەنداری ڕیفراندۆمیان كرد، لەلایەكی ترەوە بۆ هەموو جیهان دەركەوت كە عەقڵییەتی حوكم لە عێراقدا هێشتا نەگۆڕاوە، كوردیش هۆكاری هەبووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆیە هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی، تێڕوانینەكانیان سەبارەت بە داهاتووی عێراق گۆڕاوە و پێكهێنانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی ئەم راستییە دووپات دەكاتەوە.

 

سەرەتا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە ٥/۱۲دا، ڕاستیی ئەم تێڕوانینانەی سەلماند، بە شێوەیەك بۆ یەكەمجار لە دوای ۲٠٠۳وە ئەو هێزانەی بە دژایەتیكردنی كورد دەنگیان بە دەست دەهێنا، ئەمجارەیان پاشەكشەی بەرچاویان كردووە، لە بەرامبەردا هێزە میانڕەوەكانی عێراق بە گشتی و ئەوانەی هەڵوێستی ئیجابییان هەیە بەرامبەر بە كورد، دەنگەكانیان بە ڕێژەی بەرچاو زیادی كردووە، بۆیە دەكرێ بەشداریی كارای كورد لەم حكوومەتەدا، بە ئامۆژگاریی هێزە نێودەوڵەتییەكان بێ و بە دەرفەتێكی تر بۆ شیعەكان هەژمار بكرێ بۆ كۆكردنەوەی گشت پێكهاتەكان.

 

لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و پێكهێنانی یەكەم حكوومەت بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی، حیزبی دەعوە بە شێوەیەكی بەردەوام سەرۆكایەتیی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیان كردووە، بەڵام دەرەنجامی كۆتا هەڵبژاردن عادل عەبدولمەهدی هێناوەتە پێش، ئەمەش بە مانای كۆتاییهێنانە بە حوكمی دەعوەی نزیك لە ئێران و بوونی كەسێكی میانڕەو و سەربەخۆ بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، خۆ ئەگەر سەیری بەرنامەی كاری كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی بكەین، ئەم گۆڕانكارییە بە ڕوونی بەدی دەكرێت.

 

ئەم پێشهاتە نوێیە لە عێراقدا، گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزە شیعییەكان بە كراوەیی دەهێڵێتەوە لەلایەك و، لە لایەكی دیكەیشەوە ئەگەری پێكدادانی ئەم هێزانە بەهێزتر دەكات، بە دەلیلی ئەوەی پێكهێنانی حكوومەت بەم شێوەیە، بە واتای دووبارە گەڕانەوەی باڵانس لە نێوان ئەم هێزانەدا، چونكە لە حكوومەتی داهاتوودا چەقی بڕیار بە شێوەیەكی یەكسان دابەش دەبێت لە نێوانیان و ئەگەری ڕوودانی پێكدادان لە نێوان ئەم كوتلە سیاسیانە زیاتر بەهێز دەبێت، بێگومان دەنگنەدانیش بە فالح فەیاز وەك وەزیری ناوخۆ، دەرخەری ئەو راستییە بوو، بۆیە لێرەوە دەتوانین بگەینە ئەو راستییەی كە عێراق لە هەموو كاتێك زیاتر لە بەردەم ئەگەری هەڵوەشانەوەدایە، بەو مانایەی لە دووڕیێانی مانەوە و پارچەبووندایە.

 

ئەگەر سەیری دیاریكردنی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بكەین، گۆڕانكارییەكی جۆری بەدی دەكرێت، لە ڕابردوودا هەرسێ سەرۆكەكە لەلایەن بەهێزترین پارتەكانی پێكهاتەكان دیاری دەكران و پاڵپشتیی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانیان هەبوو، لەم خولەدا ڕێك پێچەوانەكەی پەیڕەو كراوە، سەرۆككۆمار لەناو حیزبەكەی و كوردیش پاڵپشتی پێویستی نییە، سەرۆكی پەرلەمانیش خاوەنی بێهێزترین كوتلەی پەرلەمانییە، سەرۆكی حكومەتیش كەسایەتییەكی سەربەخۆیە و لە پشتیەوە هیچ حیزبێكی بەهێز نییە.

 

نابێ بیریشمان بچێت، بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران لە ژێر گوشاری ئەمەریكییەكان و بڕیاری سەرۆكوەزیران بە كشانەوەی هەموو هێزە سەربازییەكان بۆ دەرەوەی شارەكان، ئاماژەدان بە پێشمەرگە لە پاڵ هێزە عێراقییەكانی تر، بە سەرەكیترین گۆڕانكارییەكان بە ئاڕاستەی كاركردنی حكوومەتی داهاتوو هەژمار دەكرێن.