پارتی ڕاستگۆترین حزب لە كاركردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕاپەرین

مەبەستیەتی چوار ساڵی ئارامی بۆ حكومەتی داهاتوو دابین بكات
Thumbnail

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی راپەڕینە مەزنەكەی ئادار، گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان گەرموگوڕ و پێشهاتی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینی، لە هەمووان گرینگتر ڕێككەوتنی نێوان پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بوو، ئەم هەنگاوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو، كە تاكو ئێستا پارتی و سەرۆك بارزانی پەیوەستن بە هێنانەدیی ئامانجەكانی ڕاپەڕین.

 

تەوەری سەرەكیی هەردوو ڕێككەوتنەكە، پرسی چاكسازییە لە هەرێمی كوردستان، دەكرێ بڵێین بوونی ئەم بەشە لە بەرنامەی كاری حكومەتی داهاتوودا، بەشێكی زۆری پەیوەندی هەیە بە ئیرادەی پارتی بۆ چاكسازی لەلایەك و كۆدەنگی لەگەڵ گۆڕان و هاتنەژێرباری یەكێتی بۆ ئەم مەبەستە، بە دڵنیاییشەوە لە داهاتوودا كاریگەرییەكانی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستاندا دەردەكەون، ئەمەش ئەو ڕاستییە دووپات دەكاتەوە، كە پارتی بەردەوام كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕاپەرین دەكات.

 

هاوكات دەكرێ دروستكردنی ئەم كۆدەنگییەی نێوان حزبەكان وەك ئامادەكارییەك هەژمار بكرێت بۆ ئەو پێشهات و گۆڕانكاریانەی ناوچەكە و عێراق بە خۆیەوە دەبینێت، باشترین ئامادەكارییش بۆ ئەم مەبەستە، دروستكردنی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكانی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزە، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە كیانی هەرێم بپارێزین كە سەرەكیترین دەستكەوتی راپەڕینە.

 

خاڵێكی تری ئەرێنیی لێكگەیشتنی نێوان پارتی و لایەنەكانی تر، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و دروستكردنی دەستەیەكی تایبەتە بە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، ئەمەش دیدگای حزبی براوە نیشان دەدا كە مە بەستیەتی ئەم پرسانە بەدامەزراوەیی بكات، ئەمە لە كاتێكدایە ئامانجی سەرەكیی ڕاپەڕین، دروستكردنی كوردستانێكی خاوەن دامەزراوەی تایبەت بە خۆی بوو.

 

ئەوەشمان بیر نەچێت، بنەمای سەرەكیی ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەكاندا، دەرەنجامی هەڵبژاردنی ۹/۳یە، ئەمەش هەنگاوێكی ترە بۆ بەدیموكراسیكردنی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی داهاتوو لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردن، لە ڕاستیشدا بەدیهێنانی كوردستانێكی دیموكرات، ئاواتی گشت شۆڕشگێران و ڕاپەڕیوان بوو.

 

ناكرێ ئەم بۆچوونەش نادیدە بگرین، كە پارتی دیموكراتی كوردستان مەبەستیەتی چوار ساڵی ئارامی بۆ حكومەتی داهاتوو دابین بكات بۆ ئەوەی بتوانێ ئامانجەكانی بەدی بهێنێت لە چاككردنی بژێویی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، باشترین بژاردەش بۆ ئەو مەبەستە، بەشداریكردنی زۆرینەی حزبە كوردستانییەكانی براوەی  هەڵبژاردنە لە كابینەی داهاتووی حكومەتدا، هەر ئەم ئامانجانەش هاندەر بوون بۆ ڕاپەڕینی كوردستانیان دژی ڕژێم.