ژینگه‌ی منداڵ له‌ نێوان گوند و شاردا

زۆری مانەوەی منداڵ لە داینگەو باخچەو قوتابخانەکان و نەبوونی هەماهەنگیەکی دروست بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ژینگەی خێزان
Thumbnail

بە پێی جاڕنامەی مافاکانی منداڵ ئەو کەسەی کە تەمەنی خوارووی (١٨) ساڵی بێت دەچێتە خانەی قۆناغی منداڵیەوە، ئەم تەمەنە لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر مامەڵەی و شێوەی جیاوازی لەگەڵ دا دەکرێت و قۆناغی نەوجەوانی و هەرزەکاری دواترینیان لەم قۆناغەدا گەیشتنە بە لاوێتی.

لە کۆمەڵگای کوردیدا گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵ بە چەندین قۆناغی سادەو ساکار و دژوارو هەندێك جار پڕ لەمەینەت تێدەپەڕێت و بەتایبەت پەروردەکردن و بەخێوکردنی لە سەردەمی کۆن و لادێ نشین دا و نەبوونی پێویستیە هەنووکەیەکانی ئێستای ژیان کە فەراهەم کراوە بۆ مرۆڤایەتی زۆر سەخت و دژوار بووە، هەمیشە خێزانەکان پەیوەست بوون بە بنەما کۆمەڵایەتیەکانی ناو شوێنە جوگرافیەکانەوە، بەتایبەت زۆر منداڵ هێنانە دونیاوە کە ئامانج لێی هەندێک جار پتەو کردن و بەهێزکردنی پێگەی خێزان بووە لە گۆمەڵگادا ، کە بە تێچوویەکی کەم و کەرەستەیەکی زۆر سادەی یاری کردن منداڵ پێڕادەگەیشت و بەهێزو سەلار بوون.

گواستنەوەی قۆناغی کشتوکاڵی و گەشەسەندنی ژیانی شارستانی فۆرمێکی نوێی بەبەرگی خێزان دا کردەوە، کە لە گوند و لادێیەکانی کوردستان دا هەمیشە منداڵ کارەکتەرێکی زۆر بەهێزی ڕایی کردن و ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانی خێزانەکەی بووە، ئەوەی گرنکە لێرەدا هەڵوەستە لەسەر بکرێت کرانەوەی دونیایە بە ڕووی یەکتردا ، کۆمەڵناسان پشت بەستن بە توێژینەوەکانیان

باس لەوە دەکەن کە مەترسی لە دەست دانی منداڵ لە خێزان دا بووەتە دیاردەیەکی زۆر باو بەتایبەت ووڵاتانی گەشەسەندووی پیشەسازی و بۆیە لە تەمەنی (١٨) ساڵی دا بەدەر دەبێت لە زۆرێك لە بڕیارە خێزانیەکانی .

ئەم کرانەوەیە کە گۆمەڵگای کوردیشی گرتۆتەوە ڕەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاراستەکردن و پەروەدەکردنی منداڵان کردووە، بەتایبەت پزیشکانی دەروونی باس لەوە دەکەن کە بەڕێژەیەکی زۆر منداڵان دووچاری گۆشەگیری بوونەتەوە که ئەوان دەیگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێك لەوانە:

١- خێرا هاتنە کایەی ئەمێرەکانی سەتەلایت لە سەرەتاو ناوەڕاستی نەوەدەکان بووە فاکتەرێکی بەهێز لە ئاراستەکردن و هەندێک جاریش بە لاڕێدا بردنی منداڵ بەبێ ئەوەی درکی پێکردبێت کەوتۆتە نێو دونیا و ژینگەیەکی زۆر جیاواز لە خێزانەکەی.

٢- سەرقاڵی دایک و باوک بە کارو پیشەی خۆیانەوەو نەبوون و تەرخان نەکردنی کات بۆ ژیانیان کە ئەمەش لە دەروون و بیری ئەودا بۆشاییەکی زۆر گەورە دروست دەکات ، هەندێك جار کەسی سێیەم کە پێی دەوترێت دایان کە وەک جێگرەوەیەکی دایکی دادەنرێت کە ناتوانێ ڕۆڵی خۆی بنوێنی لە بەرجەستە کردنی خۆشەویستی و سۆز بۆ منداڵەکە.

٣- زۆری مانەوەی منداڵ لە داینگەو باخچەو قوتابخانەکان و نەبوونی هەماهەنگیەکی دروست بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ژینگەی خێزان بە قوتابخانەوە کە ئەمە هۆکارێی تری ترازانی منداڵە لەو ژینگەیەی کە تێیدایە.

٤- میدیا و بڵاوکراوەکان و نەبوونی سانسۆر لەسەر پەخش و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان هۆکارن بۆ ئاراستە کردنی پەروەردەیەکی ناتەندروست کە ئەمەیان زۆر خراب و مەترسیدار ترە کە بریتیە لە لاسایی کردنەوە ، دەروونزانان بە شێوەیەکی زانستی شیکردنەوە دەکەن و پێیان وایە بە فلتەر نەکردن و هاوبەشی نەکردنی خێزان لەگەڵ منداڵەکەیان ئەوا دۆخی زۆر خراپ و ناتەندروست بەسەر منداڵەکەدا دەهێنی و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

٥- خاڵێکی بەهێز کە هەموو جیهانی تەنیوە مۆبایلە هۆشمەند و زیرەکەکانن کە بوونەتە سەرچاوەیەکی زۆر خراپ و بەرهەم هێن لە پەرتەوازەکردن و دابڕانی پەیوەندی خێزانی منداڵ لەگەڵ کەس و کارەکەی ، بێ ئاگا لەوەی دایك و باوك لەسەر چۆنیەتی و بەکارهێنانی ئەم ئامێرە کە ئێستاو داهاتووی دەخاتە ژێر پرسیارەو خراپتری دەکات ، ئالوودەبوون کارلێکردنە لەگەڵ بیرو هزرو مێشکی دا ، دوور لە چاودێری دایك و باوك لە ڕێکەی ئەپلیکەیشن و بەرنامەکانەوە ئەوەی مەبەستی بێ بەدەستی دێنێ ، گرنگە بەپێی بەرنامە پلان ئەم ئامێرانە(موبایل ، ئایپاد) بە شێوەیەکی ڕێکخراو بدرێت بە منداڵ لە شەوو ڕۆژێکدا لە ٢ کاتژمێر زیاتر نەبێت چونکە بێ ئەوەی درکی پێ بکەی لە کۆنتڕۆڵی پەروەردەیت دەردەچێت و گرفت بۆ خێزانەکەی دروست دەکات ، دەروونزانان دەڵێن تەنها ٢ جار دەتوانن لە هەڵەی منداڵەکانتان ببورن و پاشان سزاو پاداشت پیادە بکرێت بۆ ئەوەی هەست بە ئەرك و مافی خۆی بکات.

٦-ژینگەی دەرەوەی ماڵ و شەقام کاریگەری ڕاستەۆخۆیان هەندێك جار لەسەر منداڵەکانتان دەبێت.. دەشێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر ئێوەی دایکان و باوکان، چونکە لە سنووری دەرەوەی ماڵ وخێزان پەروەردە و رەفتاری جیاواز هەن ، بۆیە پێویستە بە باشی چاودێرییان بکەن غافڵیان نەکەن لە هەڵسوکەوتیان.

٧- گرنگە منداڵەکان بە جۆرێک فێربکرێن کە راستییەکان چەند ڕوویەکیان هەیە و پێویستە منداڵ هەمیشە ڕاستیەکان بڵێ ئەگەر لە قازانجی ئەویش نەبێت.

٩- زۆر پێویستە و بە جێیە کە دایکان و باوکان هەردەم پێشەنگ و نموونەی باشبن بۆ منداڵەکانیان ، چونکە منداڵەکانتان بە زۆری چاو لە ئێوە دەکەن و لاسایی کار و رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئێوە دەکەنەوە کە پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ دروست کردنی متمانەو باوەڕ بەخۆبوون دەکەن.