نێچیرڤان بارزانی لە حکوومەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم

نێچیرڤان بارزانی هەزاران دەستکەوتی گرنگیشی بۆ کوردستان و خەڵکەکەی بەدەستهێناوە
Thumbnail

بەمزووانە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی بەشێک لە کارەکانی، خۆشبەختانە کارا دەکرێتەوە، ئەمەش پێش هەر شت و لایەنێک، سوودی بۆ پێگە و ئایندەی سیاسی و دیپلۆماسییەتی کوردستان هەیە، بەوپێیەی کورد پێویستی بەو دامەزراوە گرنگە سیاسییە هەیە تا تەعبیر لە خواست و بەرژەوەندی و شووناسی کوردبوونی هەموو پارچەکان بکات.

وەک ئاشکرایە نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوو کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە قۆناغە سەختەکان کردووە، دەیان و بگرە هەزاران دەستکەوتی گرنگیشی بۆ کوردستان و خەڵکەکەی بەدەستهێناوە، هاوکات کارەکتەری سەرەکی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بووە، ئەمە جگە لەوەی کوردستانی خستە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و بۆیەش هەمیشە کورد دەبێ شانازی بەو هەوڵەی نێچیرڤان بارزانی بکات کە بە بڕیاری بوێرانە و بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ ئایندەی کوردستان و ئابوورییەکی بەهێز، نەوتی دۆزییەوە دەریهێنا و دواتر خستیە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی کە ئەمە مایەی شانازییە و دەبێ میلللەتی کورد لە ئێستا و ئایندە شانازی بە نێچیرڤان بارزانی بکات کە هەموو ئەو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەی تێپەڕاند و لە پێناو ئایندەی کوردستاندا نەوتی هەناردە کرد کە ئێستا بە داهاتەکەی کوردستان ئاوەدان دەکرێتەوە و مووچەی پێ دابیندەکرێت، ئەمە جگە لەوەی توانی بەرژەوەندی زلهێزەکانیش بهێنێتە کوردستانەوە، ئەم کارەش لە ئێستای سیاسەتی جیهانیدا حیسابی گەورەی بۆ دەکرێت، چونکە وڵاتان بەشی زۆری پرۆژە و ئەجێندا و روئیایان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەوە دادەڕێژن لەگەڵ هەر نەتەوە و وڵاتێکدا، ئەوەتا نێچیرڤان بارزانی توانی بەرژەوەندی زۆر زلهێز راکێشێتە کوردستان کە ئەمە بۆ ئایندەی کوردستان خاڵی بەهێز دەبێت، بەوپێیەی سیاسەتی وڵاتان لەسەر بەرژەوەندی دادەڕێژرێت.

لەم وتارەدا ناتوانین مافی تەواو بە هەوڵ و کارەکانی نێچیرڤان بارزانی لە حکوومەت بدەین، بەڵام مێژوو ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنێت کە ئەو پیاوی ئاوەدانکردنەوە و دروستکەری پێگەی کوردستان بووە لە هەموو رووێکەوە، ئێستاش کە دەچێتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردسان، بێشک کارەکانی، روئیا و پڕۆژە سیاسییەکانی بەشێوەیەکی دیکە لە پێناو دروستکردنەوە و گەشەپێدانی پێگەی کوردستان دەبێت و هەوڵی ئەو بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکان دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە، چونکە ئەو بۆ خۆی کارەکتەری دیپلۆماسییەت و گفتوگۆیە، هەموو هەوڵەکانی بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە کێشەی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە، هەم چارەسەری ماددەی سەدوچل و جێبەجێکردنی دەستوور و هەروەها ئەو ناوچانەی لە دوای ئۆکتۆبەرەوە کەوتوونەتە چنگ حەشدی شەعبی کە دەبێ چارەسەری سیاسی و یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی کوردستانیش پێشبینی دەکرێت دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە دوای کاراکردنەوەی، ڕۆڵێکی یەکجار بەرز ببینێت بۆ تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان، چونکە یەکڕیزی و تەبایی لایەنەکان، ئەجێندای کارەکانی نێچیرڤان بارزانی بووە و ئێستاش زیاتر کار بۆ ئەو پرسە دەکات لە پێناو ئایندە و دروستکردنی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو.