Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:36

ڕۆحی ئیدریس بارزانی زیندووە

سەرۆک بارزانی وتی :دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی مستەفا بارزانی بوو
پیران ئه‌میر
#7
100%

 مێژووی دوور و نزیکی کورد پڕیەتی لە مرۆڤی سیاسی و شۆڕشگێر و خەباتکار و پڕە لەو کەسانەی لە قۆناغێکی خەباتدا جێ پەنجەی لەسەر بارودۆخەکان دیارە، بەڵام هیچ کەسێک وەک ئیدریس بارزانی نەبوو، ئەو لە مەیدانی خەباتی ڕزگاری خوازی کوردستاندا بە کار و فەرمان و هەڵوێستەوە تەواو هاوشێوەی باوکی بوو قاڵبووی مەیدانی خەبات و پێشمەرگایەتی و ئاشنای تەواوی شاخەکانی کوردستان بوو، پێشمەرگە و ڕۆشنبیر و ڕۆشنفکر و ئاشتی خواز بوو بەجۆرێک گیانی تەبایی تێکەڵی خرۆکەکانی خوێنی ببوو، ئەو داینەمۆی تەبایی ناو ماڵی کورد و شۆڕشگێران بوو بە جۆرێک وەک سەرۆک بارزانی وتی ( دەتوانم بڵێم کاک ئیدریس وێنەیەکی پاک و بێگەردی مستەفا بارزانی بوو، ھەموو سیفاتی لەودا کۆ ببنەوە) بەڵێ شەهید ئیدریس بارزانی بەحەق پێشمەرگە و سەرکردەی ڕۆژانی سەختی خەبات و خاوەنی دەسکەوتەکانی بەیاننامەی ئازاری ساڵی حەفتا و ژیانەوەی خەباتی کورد بوو لە شۆڕشی گوڵاندا.

ئێستا کە مێژوو خۆی دووبارە کردۆتەوە و ناپاکی و خیانەتی ناوخۆ گەلی کوردستان و ئەزموونە حوکمڕانیەکەی خستۆتە لەژێر هەڕەشەی لاواز بوون و ئازاری قوڵی ناتەبایی و ناڕێکی لایەنەکان گیانی کۆمەڵگای کوردستانی هەپرون هەپرون کردووە و سەنگی کورد لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەچێت، خاک و خەڵکی کوردستان و مێژو و ئەزموونە حوکمڕانیەکەی پێویستی بە ئاشتی و تەبایی ناوخۆ و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی هەیە، پێویستمان بە یەکێکە دەستەکانمان لە یەکتر گرێ بدات و خۆشەویستی بخاتە نێوانمانەوە و یەکێک فریامان بکەوێت و لەشێوەی بەرەیەکی هاوبەش کۆمان بکاتەوە و بۆ قۆناغی نوێبوونەوە دەستمان بگرێت.

ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە ڕوحیەت و وجودی ئیدریس بارزانی یە و بۆ ڕزگار بوون لە هەموو ئەو ناخۆشیانەی لە ماوەی ڕابردوو توشی گەلەکەمان بووە پێویستمان بە فریادڕەسێکە بەرەو کەناری ئارامی و دواتر بەرەو لوتکەی سەرکەوتنمان ببات و ڕوون و ئاشکراشە کەسایەتی کاریزمای نێچیرڤانی کوڕی ئیدریس بارزانی لە ئێستا گرنگ و پێویستە و بۆ قۆناغی ئاشتەوایی و سەرکەوتن تەواوی پشتیوانی نێودەوڵەتی و لەناوخۆشدا تێگەیشتوترین کەسایەتی یە کە شان بداتە بەر ئەو بەرپرسارەتیە و لەقوڕاوی بێ متمانەیی و پاشقول لەیەکتر گرتنەی کە کۆمەڵگای کوردی تێی کەوتووە دەرمان بهێنێت. پیران ئەمیر

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.