٢٦ ی گوڵان ئەو شۆڕشەی کوردی به تەنیا جێنەهێشت

ڕووحیەتێك بوو بۆ گەڕانەوەی هیوا وئاوات
Thumbnail

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

نێوان ساڵانی ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ یەکێکە کەسەخترین قۆناخەکانی ژیانی کورد،لەم قۆناخە سەخت ودژوارەدا ڕژێمی بەغدا له گفت و بەڵێنەکانی بەرانبەر به کورد وشۆڕشە مەزنەکەی به سەرۆکایەتی باوکی ڕوحی نەتەوەیی بارزانی نەمر پاشگەزبۆوە و هێرشی کردە سەر کوردستان ، لێرەدا دووبارە شەڕی بەرگری وبەرنگاربوونەوە دەستی پێکردەوە ،دوای ساڵێك لە شەڕ و ماڵوێرانی و هێرشی دڕندانەی ڕژێم بەعس بۆ سەر خاك وگەلی کوردستان ، پێشمەرگەی کوردستان سەخترین بەرگری له خاك وشەرفی کوردستان کرد ، ڕژێم هەستی بەوە کرد له گۆڕەپانی جەنگدا بەرانبەر به کورد دۆڕاوە وبەرگەی ئازایەتی بەرەنگاربوونەوەی پيشمەرگە و گەلی کوردستان ناگرێت ، پەنای بردە ڕێکەوتنه ژێر بەژێرەکان ،ئەوەبوو لەگەڵ شای ئێران به هۆی نێوەندگیری چەند دەوڵەتێكەوە له جەزائیر ڕژێمی بەغدا ڕێکەوتنێکی شوومی ئەنجامدا .

 بە بۆچوونی ڕژێم دەتوانرێت بە ئەنجامدانی ئەو ڕێکەوتنه شوومە و شۆڕش هەرەسی یەکجارەکی دێنێت وهیچیتر کورد تووانای بەرەنگاربوونەوە ومقاوەمەت وشۆڕشکردنی نامێنێت ، دوای هەرەس ونسکۆی شۆڕشی ئەیلول تا ڕادەیەك بێ هیوایی باڵی بەسەر گەلی کورد گرتبوو ، چیاکانی کوردستان خامۆش و تاریك دەهاتنه بەرچاوی گەلی کورد ، بەڵام زۆری نەبرد دووبارە وبەماوەیەکی کوورت پێشمەرگەی شۆڕشگێر چیاکانی کوردستانیان به خەبات وبەرەنگاربوونەوە ڕووناك کردەوە وشۆڕشی ٢٦ ی گوڵانی پێشکەوتنخواز دەستی پێکرد که سەرۆک مەسعود بارزانی ڕابەرایەتی دەکرد ، دوای هەڵگیرساندنی شۆڕش هاوڵاتیانی کوردستان ڕۆژ له دوای ڕۆژدا به هێزەوە متمانەیان به شۆڕش وخەباتی کوردایەتی دەکرد ، له ناو شاریشدا کورد هەستی بەوە دەکرد که پێشمەرگەی ڕێبازی پارتی وبارزانی له چیاکانی کوردستان بەرگرییان لێ دەکەن وەرەیان بەرزتر دەبۆوە .

قۆناخەکانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتخواز چەندین هەوراز ونشێوی بەخۆیەوە دیت به تایبەتی له هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا که ڕژێم هەموو توواناکانی خستە گەڕ بۆ لەناوبردنی گەلی کورد به ئەنجامدانی ئەنفال به پرۆسەیەکی بەرنامە داڕێژراو ، کیمیاباران و وێرانکردنی زیاتر له ٤٠٠٠ هەزار گووند و زۆری دیکه له کردەوەی دڕندانه ، بەڵام پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی کۆڵیانەدا وبەردەوامبوون له خەبات وتێکۆشان لەگەڵ گەل لە گۆڕەپانەکه مانەوە ، داستان له دوای داستنیان تۆمار دەکرد گەورەو گرنگترین ئەو داستانه که له شۆڕشی گوڵاندا تۆمارکرا شەڕی بەرەیی خواکوڕك بوو که دوای ڕاوەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق وئێران پێشمەرگە له بەرەکانی جەنگ دژ به سووپا و هێزە نیزامی ونا نیزامییەکان تۆماریکرد ،دوای ڕاوەستانی شەڕە هەشت ساڵیەکەی عێڕاق وئێران چاودێرانی سیاسی وسەربازی وای بۆ دەچوون دوای ئەم جەنگە ئێتر کورد تووانای ئەوەی نامنێت دەست به خەبات بکاتەوە

 تا ڕادەیەك ئەم بۆچوونه ڕاستبوو ،چونکه خاکی کوردستان وێران ببوو و گەلی کوردستان دووچاری ئەنفال و کیمیاباران ببوونەوە و گۆڕەپان چۆل ببوو ، بەڵام پێشمەرگەکانی پارتی به سەرۆکایەتی سەرۆك بارزانی به تەنیا له گۆڕەپانەکە مانەوە و گەلی کوردییان به تەنیا جێنەهێشت ، تاگەورەترین داستانیان تۆمارکرد که تائێستا که له هزر وبیری گەلی کوردستان به زیندووی ماوەتەوە ، بەڵێ خواکوڕك بەتەنیا جەنگێکی سەربازی نەبوو ،بەڵکو بیرووهزرێکی سیاسی بوو ، دوای سەرکەوتنه گەورەکەی هێزی لەشکری کوردستان له ووتارێکی مێژوویدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی به ئایندەی ڕژێم کرد که هەر ساڵ ونیوێك یان دوو ساڵی تر تووانای مانەوەی هەیه لەو باروودۆخەدا ، حەکیمایەتی بارزانی لەوەدابوو خوێندنەوەیەکی ڕاست وتەندرووستی بۆ ئایندەی ناوچەکه کردبوو ، هەرواش دەرچوو دوای دوو ساڵ ڕژێمی بەعس وسەدام هێرشیان کردە سەر میرنیشینی کوێت وداگیریانکرد .

 دوای ئەمانه بەرەی کوردستانی که پارتی دیمۆکراتی کوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی ڕۆڵی سەرەکییان لەم بەرەیەدا بینی که پێشتر خوودی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی ئەندازیارەکەی ئەم بەرەیە بوو ، ئەوەبوو لەماوەیەکدا زۆربەی خاکی کوردستان ڕزگارکرا ، دواتر پەڕڵەمان وحکومەت دامەزران ، که له شاری کۆیی سەرۆك بارزانی بانگەوازیی بۆ ئەم پرۆسەیه کرد ، دوای ڕووخانی ڕژيمی سەدام له ٢٠٠٣ دا ئەمجارەشیان کورد به ڕووحیەتی شۆڕشی گوڵان چۆوە بەغدا و دەستوور نووسرایەوە ئەگەر چی وەك حکومەتە یەك لەدوای یەکەکانی پێشوو و پێشووتر حکومەت لەزۆربەی بەڵێنەکانی پاشگەزبۆوە ، ودواتر لەملاشەوە هێرشی دڕندانەی تیرۆرستانی داعش له زۆر ناوچەی کوردستان ئەنجامدرا .

 بەهەستکردن به بەرپرسیارییەتی مێژوویی لە پرۆسەیەکی دیمۆکراتی و دەستووریدا سەرۆك مەسعود بارزانی بڕیاری ئەمجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی دا ،ئەوەبوو لەسەرکەوتنێکی بێ وێنەدا نزیکەی ٩٣ دەر له سەدی خەڵکی کوردستان دەنگ وپەنجەی سەربەخۆییان مۆر کرد که بووە بەڵگەیەکی گرینگ ومێژوویی بۆ ئێستا وئایندەی کورد .شۆڕشی ٢٦ ی گوڵان ڕووحیەتێك بوو بۆ گەڕانەوەی هیوا وئاوات و ڕێبازی بارزانی یش لەسەر بەڵێنی خۆی بوو که هەرگیز گەلی کوردستان به تەنیا جێناهێلێت ، مێژووش ئەم شاهیدیه بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەدات که هەمیشە لەگەڵ ئێش وئازارەکانی گەلەکەیدایه ،وەك چۆن لەمێژوو وابووە ئێستاش بەهەمان هەست وڕووحیەت خەبات بۆ سەرفرازی گەلی کوردستان دەکات.