Erbil 15°C ھەینی 10 ئایار 10:59

بۆ دەبێت شانازی بە ریفڕاندۆم بکەین ..؟

ریفراندۆم هەنگاوێكی دیكەی مێژوویی و هەلێكی دیكەبوو بۆ كورد رەخسا
100%

نەتەوەی کورد وەک هەر نەتەوەیەكی دیكە خاوەن کلتوور و زمان و مێژووی تایبەت بە خۆیەتی، تاڵاوییەكانی مێژووی رابردوومان بە هەزار ساڵی تریش لە بیر و هزری هیچ کوردێک ناسڕێتەوە، ئومێد و ئامانجی هەر کوردێکی نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێر بینینی سەربەخۆیی خاك و نیشتیمان و ئاڵاكەیەتی، ئەگەرچیش بە تێپەڕبوونی كات ئاستەنگەكان دژاوتر دەبن لەپێناو گەیشتن بەو ئومێد و ئامانجە مەزنە، بۆیە دەكرێ هەمیشە ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین ئایا ئەم هەوڵانەی سەربەخۆبوون تا كوێ دەڕوات و كەی و چۆن دەتوانین بگەین بە ئاواتە دێرینەكەی كورد؟ کەی جیهانی مرۆڤایەتی دەگاتە ئەو ئاستەی دانپیانان بە دەوڵەت و دیموکراسیەتی راستەقینە وەك بەهایەكی سەرەكی سەیر بكات؟

لە میانەی باڵادەستی دەوڵەتە زلهێزەكانی دونیا وجیهانگیری و بوونی هاوپەیمانیەتی بەهێزدا، هەتادێ و خەون و خوولیای ئەو نەتەوانەی هەوڵی ئازادی و سەربەخۆیی دەدەن بەرتەسكتر دەكرێتەوە، وێڕای هەموو پێشكەوتنە تەكنۆلۆژی و زانستی و مرۆییەكانیش هەروا ئومێد و هیوای گەلانی زوڵملێكراو لەگۆڕ دەنرێت و بەرژەوەندی ئابووری و مامەڵە جیهانییەكانی وزە، دەبنە بەربەرستێك لەپێناو گەیشتن بەو سەربەستییەی نەتەوە ژێردەستەكان هەوڵی بۆ دەدەن، بۆیە لەزۆرترین حاڵەتدا خواستی ئەو گەل و نەتەوانە دەبنە قوربانیی ئەو پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە جیهانییەی وڵاتە زلهێزەكانی دونیا بە ئاشكرا و ژێربەژێر لەگەڵ وڵاتە داگیركەرەكاندا هەیانە.

‎لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو و لە ڕێکەوتننامەی(لۆزان)دا کوردستانی گەورە بەسەر چوار وڵات (عێراق- ئێران- تورکیا- سوریا) دابەشکرا، مێژوو شاهێدحاڵی خەباتگێڕی و بەردەوامی کوردە بووە بۆ پێکەوە ژیان و گەیشتن بە مافی چارەنووسی خۆی، نموونەی مێژوویی لە ''کۆماری كوردستان'' لە مەهاباد بەرجەستەیە، مۆڵۆتۆڤ یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە لاپەڕەكانی یادداشتەكانیدا دەنووسێت: کۆمارێک بوو لەبەر بەرژەوەندی باڵای خۆمان و نێودەوڵەتی، نەمانتوانینی پشتگیری بکەین، بەهەموو کەموکوڕییەکەوە کۆمارێک بوو .

دوای كۆماری كوردستان کورد بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر بەردەوام بوو لە خەبات و شۆڕشگێڕاندا، تا ئەو كاتەی کە ڕێکەوتننامەی 11ـی ئادار ڕاگەیاندرا لە ساڵی 1970، میللەتی کورد دووبارە خۆشەویستی خۆی بۆ ئاشتی و بەیەکەوە ژیان دووپاتکردووە، بە هەموو جیهانی گوت دەمانەوێ بە ئاشتی و ئازادی بژین، بەڵام حکوومەتی عیراق لەبری ئەوەی ڕێکەوتننامەکە وەک خۆی جێبەجێ بکات لە ساڵی 1071 هەوڵی تیرۆرکردنی (بارزانی نەمر)ـی دا، دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 میللەتی کورد لە باشووری كوردستان دیسان هەلێکی دیكەی بۆ ڕەخسا و توانی بە راپەڕین سەرجەم دەسەڵاتی حكوومەتی عیراق لە كوردستان بەدەربنێت و دواترش هەڵبژرادنێک ئەنجام بدات، كە لەراستیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی لەو سەردەمەدا، بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی ناوچەكەو عیراق بەتایبەتی، شتێكی تازەو نوێ بوو، بۆیەش بەرهەمەكەی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بە ئاستێك نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتە زلهێزەكانی دونیاش نەیانتوانی رێگری لە درووستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن، كە تا ئێستایش وەك دەستكەوتێكی مێژوویی زۆر گرنگ بۆ كورد بەگشتی سەیر دەكرێت.

دوای چارەگە سەدەیەك لە راپەڕین و درووستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان، كورد رووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی جیهانی بوویەوەو لەبری هەموو دونیا شەڕی تیرۆیستانی داعشی كرد و توانی لەدەستپێكی هەرەسپێهێنانی دەوڵەتی تیرۆریستی رێكخراوی داعش سەركەوتن تۆمار بكات، لە بەرانبەریشدا حكوومەتی عیراق نەك هەر سوپاسگوزاری كورد نەبوو، بەڵكو بە هەموو شێوەیەك لەدژایەتیكردنی سەركەوتن و پیشكەوتنی هەرێمی كوردستان درێغی نەكرد، بۆیەش كورد بە رێبەرایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری ئەوەی دا لە 25-9-2017 راپرسییەكی فەرمی ئەنجام بدات بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نیشتیمان ئەنجامدرا و رێژەی 92.7%ـی دەنگەكان بریتی بوو لە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) ئەو رێژە بەرچاوە بۆ هەموو جیهان بووە وەڵامێكی لۆژیكی و درووست كە نەتەوەی كورد خەبات و شوڕش و هەموو هەوڵێكی بۆ سەربەخۆییە، لە 25-9-2017 گەلی كورد لە باشووری كوردستان بە هەموو جیهانی گوت، ئیدی مافی خۆمانە سەربەخۆبین و چیتر ژێردەستەی هیچ نەتەوەو دەوڵەتێك نەبین، بەڵام چاوی دیموكراسیەت و لافی ئازادی و سەربەستی گەلە ژێر دەستەكان و هەموو ئەو درووشمە بریقەدارانەی جیهانی بەرژەوەندی و سەرمایەداریی، ئەو هەوڵە دیموكراسییە راستەقینەی گەلی كوردی نەبینی، یان باشتروایە بڵێم نەیویست وەك ئەوەی هەیە سەیری بكات، بۆیەش لەبری پاداشتكردنی خوێنی شەهیدان و رێگریكردن لە تیرۆر، رێگە بە دەوڵەتی عیراقی درا بەچاوساغی دەستێكی خیانەتكارانەی ناوخۆ، بەشێك لە خاكی كوردستان بدرێتەوە دەست هێزە عیراقییەكان و چەندین سزای سیاسی و ئابووری بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندرا، بەڵام ئیرادەی سەركردایەتی سیاسی كورد و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، توانی سەركەوتن بەسەر ئەو ئاستەنگانەشدا بكاتە ئامانجێكی دیكەو هەرێمی كوردستان بپارێزێت.

ریفراندۆم هەنگاوێكی دیكەی مێژوویی و هەلێكی دیكەبوو بۆ كورد رەخسا، ئەنجامی ریفراندۆمەكە ئەگەرچی وەك ئەوەی هەموو كورد دەیخوازێت نەخرایە پرۆسەیەكی پراكتیكی و راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵام كورد دەبوو ئەو هەنگاوە دیموكراسیە بنێت و بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنێت كە نەتەوەیەكین و خاك و وڵات و زمان و كلتووری تایبەت بەخۆمان هەیەو زیاتر لە 100 ساڵیش خوێنمان لێ رژاوە لەپێناوی سەربەخۆییدا، بۆیە ریفراندۆم بۆتە سەندەێكی نێودەوڵەتی و یاسایی و دیموكراسییانەی سەردەم بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئەوەی لە 25-9-2017 زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان دەنگی پێداوە، كورتكردنەوەی رێگایەكی دووری گەیشتن بە سەربەخۆیی بوو، بە واتایەكی دیكە ئیدی گەلی كورد پێویستی بەوە نییە بۆ سەربەخۆبوون پرس و راوێژ بە هیچ هێز و لایەن و دەوڵەتێكی دەرەكی بكات و بۆ نێوخۆی وڵاتیش رێژە بەرزەكەی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) سیحری هەموو ئەوانەی بەتاڵ كردەوە كە دەیانویست قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرەو نەمان ببەن و ئومێدی لەمێژینەی گەلی كورد زیندەبەچاڵ بكەن، بۆیەش لە ئێستا و لە داهاتووشدا مافی هەموو كوردێكی نیشتیمانپەروەرە كە شانازی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكات و رۆژی 25-9ـی هەموو ساڵێك بە رۆژی نیشتیمانی كوردستان هەژمار بكرێت.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.