ئه‌مڕۆ یادی له‌دایكبوونی په‌یامبه‌ری ئیسلام مُحَمَّد (د.خ) به‌ڕێوه‌ده‌چێت
ئه‌مڕۆ ٩ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩ی زاینی كه له به‌رامبه‌ر ١٢ی ربیعولئهوهلی ساڵی ١٤٤١ی كۆچی-دایه، رۆژی له‌دایكبوونی په‌یامبه‌ری ئیسلام {مُحَمَّد} دروودی خودای له‌سه‌ر بێت له گشت جیهانی ئیسلامی به‌رز راده‌گیرێت.
ئه‌مڕۆ ده‌رگای زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانی شاری هه‌ولێر وكوردستان له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌ف و خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولوودنامه به‌رووی خه‌ڵكی شار كرایه‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ساته‌كاندا خه‌ڵك به به‌شدارییه‌كی زۆره‌وه روویان له مزگه‌وته‌كان كرد و یادی ئه‌م ڕۆژه ده‌كه‌نه‌وه.
شایه‌نی باسه وه‌كو نهریتكی چه‌ندین ساڵی شاری هه‌ولێر دانیشتووانی شار به چڕییه‌وه روو ده‌كه‌نه بازار و قه‌ڵا به‌مه‌به‌ستی گێرانه‌وه‌ی یاده‌كه و پیرۆزبایی له‌یه‌كدی ده‌كه‌ن به‌هۆی رۆژه‌كه‌وه و مه‌ولوود ده‌گێرن.
بنه‌ڕه‌تی مه‌ولوود خوێندنه‌وه
گه‌ر سه‌یرێك له چۆنییه‌تی هه‌ڵقوڵانی یادكردنه‌وه‌ی مه‌ولوود بده‌ین، ئه‌وا ناوی موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو، سوڵتانی هه‌ولێر له سه‌رده‌می ئه‌تابه‌كییه‌كان دێته به‌رچاومان. ناوبراو له مێژووی شاری هه‌ولێر ناوی خۆی به پیتی زێرین نوسییویه‌تی و تا ئێستا كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر هه‌ولێرییه‌كان ماوه.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی سولتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو، گرنگیدان بوو به رۆژی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د (د.خ). له‌گه‌ل ئه‌مه‌ش له‌و سه‌رده‌مه چه‌ند مانگێك به‌ر له یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د (د.خ)، شاری هه‌ولێر دهڕازرایهوه و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م بۆنه‌یه ده‌كرا. جگه له شاری هه‌ولێر، له شاره‌كانی تریش خه‌ڵك بانگهێشت ده‌كران بۆ ئه‌م بۆنه‌یه و ھه‌روه‌ھا هاوكاری هه‌ژاران ده‌كرا.
سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو بۆ مێژوو، له هه‌موو بواره‌كان شارستانیه‌تێكی گرنگی به هه‌ولێر به‌خشی و له ٢٩ حوزه‌یرانی ١٢٣٢ كۆچی دوایی كرد. چه‌ند بۆچوون هه‌یه له‌سه‌ر مه‌زاری سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو. یه‌كێك له بۆچوونه‌كان ده‌ڵێت: سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی داوای كردووه له مه‌ككه‌ی پیرۆز له‌و شوێنه‌ی كه خۆی بۆ خۆی د‌یاریكردبوو بینێژن. بۆیه له وه‌رزی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، حاجیان له‌گه‌ڵ ته‌رمی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو به‌رێده‌كه‌ون، به‌ڵام له كوفه به‌هۆی هێرشی بهدهویهكانهوه ته‌رمه‌كه‌ی له ته‌نیشت مه‌زاری ئیمامی عه‌لی (ڕ.خ) ده‌نێژرێت.
بۆچوونێكی تر ده‌ڵێت: ته‌رمی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆكبۆرو له رۆژهه‌ڵاتی قه‌ڵای هه‌ولێر له لای شه‌قامی موزه‌فه‌رییه نێژراوه.
سه‌رچاوه/ته‌با
كوردستان تیڤی/ كامران
- Log in to post comments