هونەرمەند حامیدی ژەنیار (حەمیدی ژەنیار)
لە ڕێگەی موزیکی سەرشەقامەوە دەنگە نەبیستراوەکان دەگەیەنێت بە خەڵک..!
هونەرمەند شکور خەیات دەڵێت: «ئەو دەستوپەنجە و ژەنینەی حامید لەم سەردەمەدا لە کەسی دیکەدا بەدی ناکەم».
لە ڕێی سۆشیال میدیاوە زۆرجار چاوم دەکەوتە سەر ئەو دەستوپەنجە شیرینە لە ژەنینی ئامێری (ڤیۆلۆن – کەمان) بە هەست و سۆزی لاوێکی نەتەوەکەم، کە لە گۆڕەپانی سەرای سلێمانی یان لە هەندێک دانیشتن و شەوئاهەنگدا دەژەندرا. زۆر سەرنجی ڕادەکێشام و سۆڵۆی ئامێری کەمانەکەی کەمەندکێشی دەکردم. تامەزرۆ بووم ئەو گەنجە بەهرەمەندە لە نزیکەوە ببینم و کێوماڵێک بە نێو ژیانی هونەرییدا بکەم و زیاتر بە خوێنەران و هۆگرانی موزیکی سەرشەقامی بناسێنم.
دوای پەیوەندی پێوەکردن، زۆر بە لوتف و زمانێکی شیرینەوە وەڵامی داواکارییەکەمی دایەوە و کاتمان دیاری کرد. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٢/٩/٢٠٢٥) بە حورمەتەوە لە شارۆچکەی (بازیان) بە خزمەتی گەیشتم و میوانداریی لێ کردم. لێرەوە دەرگای گفتوگۆمان کردەوە و بەڕێزیان زۆر بە هێمنی و ڕاستگۆیانە لاپەڕە جوانەکانی دوێنێی دەستپێکی کاری هونەریی بۆ هەڵداینەوە.
ئەم هونەرمەندە ژەنیارە دەستوپەنجەگەوهەرە ناوی (حامید عوسمان عەلی)یە، لە نێوەندی هونەری و ناو جەماوەردا بە (حەمیدی ژەنیار) ناسراوە.
پرسیار: بەڕێزتان ناوتان حامیدە و لەنێو خەڵکیدا بە حەمیدی ژەنیار ناسراون، بۆ؟
حەمیدی ژەنیار: لەبەر دوو هۆکار ئەو نازناوەم هەڵبژاردووە:
یەکەم: من ناوم (حامید)ە، بەڵام وەک دەمبیست و لێرە و لەوێ بەر گوێم دەکەوت، بە (حەمید) ناودەبرام یان بانگیان دەکردم..! هونەرمەندێکی دەنگخۆشی هاوتەمەنی خۆم هەیە کە ئەویش لە بواری هونەری گۆرانی و مەقامدا کار دەکات؛ ناوی ئەویش (حەمید)ە و ناوی باوکی هەردووکیشمان (عوسمان)ە (ڕۆحیان شاد بێت). بۆ ئەوەی ئەو دوو ناوەی «حەمید» گرفت بۆ ئێمە و لای خەڵک دروست نەکات، من ئەو پاشگری (ژەنیار)ەم خستە پاڵ ناوەکەم؛ ئەو بوو بە (حەمید عوسمان) و منیش (حەمیدی ژەنیار).
دووەم: لەبەر ئەوەی من شارەزاییم لەسەر ژەنینی هەموو ئامێرە ژێدارەکان هەیە، لە خۆشەویستی و ڕێزم بۆ ئەو ئامێرە ژێدارانە ئەو پاشگرەم داناوە؛ بە سوپاسەوە لەنێو هاوڕێ هونەرمەندەکانم و ئەو خەڵکە خۆشەویستەدا بە حەمیدی ژەنیار ناسراوم.
پرسیار: مێژووی ساڵی بەدنیاتاتنت و لەکوێ لەدایک بوون؟
حەمیدی ژەنیار: لە بنەڕەتدا باب و باپیرانم خەڵکی گوندی (ئاوکورتێ)ی سەر بە شارباژێڕن. لە ساڵی (١٩٧٧) بەهۆی سیاسەتی شۆڤێنیی حیزبی بەعسەوە، گوند و ناحیە و شارۆچکەکانی کوردستانیان بە زۆر بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان ڕاگواست و ئەو خەڵکەیان تێدا نیشتەجێ کرد. ماڵی باوکم و کەسوکاری باوکم لە گوندی ئاوکورتێ بەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیە کەوتن و لەسەر ئاو و خاک و زێدی چەندین ساڵەیان گوازرانەوە بۆ (کارێزە). من بەپێی ناسنامەکەم لە ڕێکەوتی (٨/٥/١٩٨٣) لە کارێزە لەدایک بووم و پێکهاتەی خانەوادەکەمان بریتییە لە (٩) کەس بە دایک و باوک و خوشک و براوە. بەداخەوە دایکم و باوکم ماڵئاواییان لێ کردووین، ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر.
پرسیار: یەکەم قوتابخانە کە فێری ئەلفوبێی زمانی شیرینی کوردی بوویت لەکوێ بوو؟ لە کارێزە بوو یان لە شوێنێکی دیکە؟
حەمیدی ژەنیار: بەر لەوەی وەڵامت بدەمەوە، دەبێت ئەوە بڵێم چۆن باوک و دایکم و خانەوادەکەم و کەسوکارم دووچاری ڕاگواستنی زۆرەملێ بووبوون، منیش لە تەمەنی منداڵیدا کەوتمە بەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی بەعس؛ لە سەردەمی ئەنفالە شوومەکەدا کە بەسەر گەلەکەماندا هات، بەداخەوە جارێکی دیکە لە کارێزەوە ڕایانگواستین بۆ (بازیان). سوپاس بۆ پەروەردگار، بەس نییە ماوین و وەک ئەو هەزاران هاوزمانەمان ئەنفال نەکراین..! لە بازیان جێگیر بووین و لە وەرزی خوێندنی ساڵی (١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠) لە قوتابخانەی (ڕەوا)ی سەرەتایی لە بازیان خرابوومە بەر خوێندن.
پرسیار: لە قۆناغی سەرەتاییدا کاریگەریی مامۆستای هونەر یان ژینگە و خانەوادەکەت لەسەرتان بوو؟ ئایا لەو قۆناغەدا ئەو هەستە هونەرییە لە ناختدا چرۆی کردبوو؟
حەمیدی ژەنیار: دەبێت سەرەتا لە ژینگەی خانەوادەکەمەوە دەست پێ بکەم؛ بەڕەحمەت بێت باوکم خۆی دەنگی خۆش بوو، لە ڕێی ڕادیۆوە گوێبیستی دەنگ و هونەری گەورەهونەرمەندان دەبوو، بەتایبەت گەورەهونەرمەند (حەسەن زیرەک ٢٩/١١/١٩٢١ – ٢٦/٦/١٩٧٢). دەتوانم بڵێم دەنگ و هونەری ئەو هونەرمەندە نەمرانە خۆیان دەئاخنییە گوێ و هەست و ناخمەوە و کاریگەرییان لەسەر منیش دانابوو؛ لەو ڕێگەیەوە بەو دەنگە نەمرانە ئاشنا بووم، کەواتە هەمیشە تروسکایی و چرای هونەری ئاواز و گۆرانی لە ماڵی ئێمەدا ڕۆشن بوو.
بەداخەوە لە قۆناغی سەرەتاییدا بیرم نایەت مامۆستای هونەرمان هەبووبێت، بەڵام لەو تەمەنە منداڵییەدا هەستم دەکرد کە دەتوانم گۆرانی بڵێم و دەنگم خۆشە. تا گەیشتمە پۆلی چوار و پێنجی سەرەتایی، لە گۆڕەپانی قوتابخانە، لە ماڵ، لە گەڕەک و لەناو هاوڕێکانمدا گۆرانیم دەخوێند؛ ئەوە ببووە جێی سەرنج و دەستخۆشی و هاندانی بەردەوامبوونم لەلایەن مامۆستاکانم و هاوڕێکانمەوە.
پرسیار: لەیادت ماوە چ گۆرانییەکت لەو سەردەمەدا دەخوێند؟
حەمیدی ژەنیار: زۆر بیرم نایەت، هەمەجۆرە گۆرانیم دەوت، بەڵام ئەوەی زۆر کاریگەریی لەسەرم دانابوو و بەردەوام دەموت، گۆرانیی (بەهارە بولبول)ی هونەرمەند (نەجمەدینی غوڵامی، ١٩٥٨ سنە) بوو:
(بەهارە بولبول، بولبول بەهارە
سەرەتای ناڵەی سەوداییی زارە)
پرسیار: زیاتر چۆن لەنێو خەڵکیدا ناسرایت کە دەنگتان خۆشە و توانای گۆرانیگوتنت هەیە؟
حەمیدی ژەنیار: لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییدا بووم ساڵی (١٩٩٦)، یەکەم دەرکەوتنم لەو ساڵەدا لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە بوو لە ڕێی بەرنامەی (کەشکۆڵ)؛ بەرنامەیەکی دیار بوو و خەڵک بە تامەزرۆییەوە لێی دەڕوانی. لەو بەرنامەیەدا هونەرمەندی بەڕێز (سیروان جەمال) دیدارێکی کورتی لەگەڵدا ساز کردم و من لەوێدا مەقامێکم خوێند.
پرسیار: لەیادتان ماوە مەقامەکە چی بوو کە خوێندتان؟
حەمیدی ژەنیار: بەڵێ، لە بەرنامەی کەشکۆڵدا مەقامێکم خوێند کە شیعرەکەی هی هونەرمەندی ئازیزی شاری کەرکووک (حەسەن غەریب) بوو بەناوی (بێ خاوەن ئەگریم). ئەو دیدارە تەلەفزیۆنییە لە ڕێی بەرنامەی کەشکۆڵەوە بوو بە دەروازەیەک بۆ دەرکەوتن و ناساندنم لەناو خەڵکیدا.
پرسیار: ئەی دواتر بەردەوام بوویت لە خوێندنی گۆرانی؟
حەمیدی ژەنیار: کە قۆناغی سەرەتاییم تەواو کرد، چوومە قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی (داری کەلی) لە بازیان. منداڵێکی چالاک بووم، وەک گۆرانیبێژ بەشداریی هەموو چالاکییە هونەرییەکانی قوتابخانەکەم دەکرد. هەروەها لە هەموو ئەو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی لە شارۆچکەی بازیان ئەنجام دەدران بەشدار دەبووم. ئەو خەڵکە ئازیز و خۆشەویستەی بازیان بەردەوام پشتیوانم بوون. دەمەوێت وەک وەفایەک لە دڵەوە سوپاسگوزاریی شێخەکانی (کۆیک) بکەم کە هەمیشە هاندەر و پشتیوانم بوون لە فێرکردن و بەرەوپێشچوونم لە خوێندنی مەقامەکاندا؛ هەروەها بەهۆی بەهرەی دەنگخۆشییەکەمەوە بانگیشم بۆ دەدان. بەو شێوەیە بەردەوام بووم تا قۆناغی ناوەندیم لە بازیان تەواو کرد.
پرسیار: قۆناغی ناوەندیتان تەواو کرد، لە خوێندن وەستان یان بەردەوام بوون؟
حەمیدی ژەنیار: لەگەڵ بەهرەی دەنگخۆشییەکەمدا، ئارەزووی خوێندنیشم هەبوو؛ ئاواتم دەخواست بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی / بەشی مۆسیقا. کاتێک داواکاریم پێشکەش کرد و بە فلتەری هەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی تواناکانمدا تێپەڕیم، خۆشبەختانە لە ساڵی (٢٠٠٠)دا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی / بەشی مۆسیقا وەرگیرام. سوپاسی زۆرم بۆ مامۆستاکانم؛ توانیم هەموو قۆناغەکانی خوێندنی پەیمانگا بە پلەی دووەم و سێیەم ببڕم و بڕوانامەی (دبلۆم) لە مۆسیقادا بەدەست بهێنم.
پرسیار: لە پەیمانگا وەرگیرایت، ئایا وەک گۆرانیبێژ و دەنگخۆش یاخود موزیکژەن و شارەزا لە ئامێری موزیک؟
حەمیدی ژەنیار: بۆ ئەو وەڵامە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ قۆناغی ناوەندی و پێش ئەوەی بچمە پەیمانگا. لە قۆناغی ناوەندیدا بووم گرووپێکی مۆسیقامان دروست کرد و ناومان نا (هەڵوێست) لە بازیان. سەرەتا من وەکوو گۆرانیبێژ بەشدار بووم لەگەڵ ئەو گرووپە؛ لێرەوە دەبێت سوپاسی مامۆستا (سلێمان) بکەم کە خەڵکی شاری کەرکووک بوو و تاکەکەس بوو لە بازیان ئاشنای کردین بە ئامێری مۆسیقا. دواتر کاک ئاسۆ محەمەد، کاک هێمنی برای و هەروەها برایەکی خۆشم بەناوی (یاسین عوسمان) کە ئەویش دەنگخۆشی گرووپەکە بوو، کاک سامی، مامۆستا سالاری بازیان و مامۆستا ئارمان ڕەسووڵ؛ لەو نێوەندەدا تەنها مامۆستا سلێمان و کاک ئاسۆ محەمەد دەیانزانی موزیک بژەنن. دواتر لە ڕێگەی مامۆستا سالارەوە توانرا چەند ئامێرێکی موزیک بۆ گرووپەکە دابین بکرێت.
پرسیار: ئامێرەکانت لەیاد ماوە چی بوون؟
حەمیدی ژەنیار: بەڵێ، بریتی بوون لە (ساز، دەف و زەرب).
پرسیار: ماوەی چەند لەگەڵ گرووپی هەڵوێست مایتەوە و چۆن فێری موزیکژەنین بوویت؟
حەمیدی ژەنیار: بۆ ماوەی دوو ساڵ کاری هونەریم وەک گۆرانیبێژ لەگەڵ هاوڕێکانم لە گرووپی هەڵوێست ئەنجام دا. لەو سەردەمەدا ئاشنا بووم بە ئامێری (ساز) و زۆر سەرنج و هەستی ڕاکێشام. بیرم لێ دەکردەوە و دەموت تۆ بڵێی بتوانم ئەو ئامێرە بۆ خۆم دروست بکەم..؟! کاتێک حەز و هەستم بۆ موزیک دروست بوو، تەنانەت خەونم بەوەوە دەبینی وێنەیەک لەگەڵ ئامێرێکدا بگرم؛ ئەوە ببووە خەون و خەیاڵم. دوایی بڕیارم دا؛ سەرەتا (خۆدەیەکی سەربازی)م هێنا و زۆر پێوەی ماندوو بووم تا ڕێکم خست. دەبێت ڕۆڵ و ماندووبوونی (وەستا واحیدی دارتاش) فەرامۆش نەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرم بوو، دیسانەوە دەبێت ڕۆڵ و پشتیوانیی مامۆستا سلێمانیش لەیاد نەکەم چونکە زۆر پشتیوانم بوو؛ دواتر (پەردەکان)ی خستە سەر ئامێرە سازە دروستکراوە خۆماڵییەکەی خۆم. مێژووی دروستکردنی ئەو ئامێرە ساڵی (١٩٩٨) بوو.
پرسیار: ئەی چۆن دەستوپەنجەت لەگەڵیدا ڕێکخست، ئایا بەشداریی خولی فێربوونت کرد؟
حەمیدی ژەنیار: نەخێر، بەشداریی هیچ خولێکی مۆسیقام نەکرد. لەبەر ئەوەی حەز و تامەزرۆییەکی زۆرم بۆ فێربوونی موزیک هەبوو، لە ماڵەوە بەردەوام پرۆڤەم دەکرد و توانیم دەستوپەنجەکانمی لەگەڵدا ڕابهێنم. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو لە کاتی گرووپی هەڵوێستدا زۆر بە وردییەوە لە دەستوپەنجە و شێوازی گرتنی ئامێری سازەکە لەلایەن هاوڕێکانمەوە دەڕوانی. هەروەها ڕاستییەک هەیە دەبێت بیڵێم: زۆر گوێم لە گۆرانییەکانی هونەرمەند (ئیبراهیم تاتلیسەس) دەگرت و سەرنجم لەسەر ژەنینی ئەو ئامێرە بوو کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم دانا. ئامێری ساز ببووە هاوڕێیەکی هەمیشەییم و نەمدەتوانی لێی جیا ببمەوە؛ بەردەوام دەمژەنی تا گەیشتمە ئەو ئاستەی بتوانم چەند ئاوازێک بە سازەکە بژەنم، واتە خۆڕسک دروست بووم. خۆشەویستی و ئارەزووی زۆرم بۆ سازەکە هۆکار بوو بۆ دوورکەوتنەوەم لە گۆرانیگوتن؛ واتە ژەنینی ئامێری موزیک زیاتر پەلکێشی کردم و دووری خستمەوە لە گۆرانیگوتن، ئەوەش هاندەرێکی گەورە بوو کە هەنگاو بنێم بەرەو پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی وەک موزیکژەن نەک وەک گۆرانیبێژ.
پرسیار: ئێستا ئەو ئامێرە سازەتان وەک یادگارییەک ماوە؟
حەمیدی ژەنیار: بەداخەوە نەمماوە و نازانم چی لێ هات؛ ئێستاش نیگەرانم بۆی..!
پرسیار: لەو تەمەنەدا توانیتان ئەو ئامێرە (ساز)ە دروست بکەیت، ئەوە عەشقە بۆ هونەر و ئاواز و گۆرانی؛ ئەی کاردانەوەی هاوڕێکانت و خەڵک چی بوو بەرامبەر ئەو کارەت؟
حەمیدی ژەنیار: وەڵڵا ببووە جێی سەرنج و دڵخۆشیی هاوڕێکانم. دەنگۆی دروستکردنی ئەو ئامێرە گەیشتە کەناڵی (خاک)؛ کەناڵی خاک ساڵی (١٩٩٧) دەستی بە پەخش کردبوو و منیش لە ساڵی (١٩٩٨)دا ئەو سازەم دروست کردبوو. لەو ساڵەدا دەربارەی چۆنیەتیی دروستکردنی ئەو ئامێرە، لە کەناڵی خاک چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ساز کردم.
پرسیار: هیچ پێشینەیەکتان نەبووە لە دروستکردنی ئەو ئامێرە (ساز)ەدا، دوای ئەو دیدارە تەلەفزیۆنییە چ دەنگدانەوەیەکی لەنێو خەڵکیدا هەبوو؟
حەمیدی ژەنیار: ئەو چاوپێکەوتنە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو لەلایەن هاوڕێ و ئازیزانمەوە؛ دەستخۆشی و هیوای بەردەوامییان بۆ دەخواستم. دەبێت ئەوەش بڵێم لە کۆتایی ساڵی (١٩٩٩)دا خاتوو (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) دیدارەکەی منی بینیبوو و ببووە جێی سەرنجی بەڕێزیان؛ کە مێرمنداڵێک لە ڕێی عەشق و خۆشەویستیی زۆری بۆ هونەری مۆسیقا ئامێرێکی مۆسیقا دروست بکات. بارتەقای ماندووبوون و حەز و خولیاکەم بەڕێزیان خەڵاتی کردم؛ خەڵاتەکەش بریتی بوو لە بەخشینی ئامێرێکی ساز و بڕی (٢٠٠) دیناری سویسری. لەو کاتەدا بۆ من گەورەترین هاندەر بوو کە زیاتر هەنگاو بۆ نێو دنیای هونەری مۆسیقا بنێم؛ زۆر دڵخۆشی کردم و هەستم کرد ڕێگای هونەر لەبەردەممدا فراوان و ڕۆشنە و بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێم.
پرسیار: کاتێک لە ساڵی (٢٠٠٠) لە پەیمانگا لە بەشی مۆسیقا وەرگیرایت، خوێندنی زانستیی مۆسیقاتان لەسەر ئامێری ساز بوو یان ئامێرێکی دیکە؟
حەمیدی ژەنیار: لە قۆناغی یەکەم تا پێنجەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، واتە هەر پێنج ساڵەکە، ئامێرە سەرەکی و دڵخوازەکەم (ساز) بوو. لە هەمان کاتیشدا زۆر حەز و ئارەزووم لە ژەنینی ئامێری (ڤیۆلۆن – کەمان) بوو. خۆشبەختانە لە کۆتا ساڵەکانی پەیمانگادا حەز و خولیاکەم زاڵ بوو بەسەر دەستوپەنجەمدا و ئامێری کەمانم گرتە دەست؛ توانیم دەست و پەنجەکانم ئاوێتەی ژێکانی کەمان بکەم و بیژەنم. تەنانەت شارەزاییەکی باشم لە ناسین و ژەنینی ئەو ئامێرەدا پەیدا کرد و زۆرجار هاوکاریی هاوڕێ خوێندکارەکانیشم دەکرد لە تەلیسکردن و نەسبکردنی ئامێری کەماندا.
پرسیار: ساڵی چەند پەیمانگاتان تەواو کرد؟ ئایا وەکوو ژەنیارێک هیچ دەرگایەکتان بەڕوودا کرایەوە و خۆتان لە گرووپ یان تیپێکی مۆسیقادا بینییەوە؟
حەمیدی ژەنیار: لە ساڵی (٢٠٠٦)دا پەیمانگام تەواو کرد و بڕوانامەی (دبلۆم)م وەرگرت، بەڵام بەداخەوە بۆم نەگونجا کاری بەکۆمەڵ بکەم، لەبەر ئەوەی ماڵم لە بازیان بوو و هیچ گرووپ و تیپێکی مۆسیقا دەرگایان بۆ ئاوەڵا نەکردم..!
پرسیار: شارەزا لە ژەنینی هەردوو ئامێری (ساز و کەمان) بوویت و نەچوویتە هیچ تیپێکی مۆسیقاوە، ئەی چارەنووس بەرەو کوێی بردی؟
حەمیدی ژەنیار: ڕاستە شارەزاییم لە ژەنینی هەردوو ئامێردا هەبوو و دەستوپەنجەم زیاتر لەگەڵ ئامێری ساز ڕاهاتبوو، بەڵام دەمبینی و سەرنجم دەدا لەناو گرووپ و تیپی مۆسیقادا گرنگی بە ساز نادرێت. منیش بیرم کردەوە و لە خەمی ئەوەدا بووم دەستوپەنجەم لە ژەنین دانەبڕێت..! لە ساڵی (٢٠٠٦) کە بڕوانامەم وەرگرت، دوای ماوەیەک هەرچۆنێک بێت هەوڵم دا و ئامێرێکی کەمانچەی (چینی)م کڕی تا زیاتر پەنجەکانمی لەگەڵدا ڕابهێنم. لە ماڵەوە بە بەردەوامی پرۆڤەم دەکرد؛ بەبێ مامۆستا تا ساڵی (٢٠٠٧) دەستوپەنجە و ڕۆحم لەگەڵ ئامێری کەمانەکەمدا ئاوێتە ببوو. هەستم دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ توانای ژەنینم بەرەو باشتر دەچێت؛ من و ئامێرەکەم ببووین بە هاودەم و هاوڕێی دڵسۆزی یەکتری. واتە لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە لە نێوەندی هونەری و جەماوەردا بە ژەنیاری کەمان ناسرام
پرسیار: ژەنینی ئامێری سازت وەلا نا و زیاتر خۆت تەرخان کرد بۆ ئامێری کەمان، ئایا کاریگەریی هیچ کام لە هونەرمەندانی ژەنیاری ڤیۆلۆنت لەسەرە؟
حەمیدی ژەنیار: ڕاستە لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە ئامێری کەمان دەژەنم، بەڵام ئامێری سازم لە خۆم دوور نەخستووەتەوە، بەڵکوو بەپێی ژینگە، حەز و ئارەزووی خۆم و ئەو شوێنەی مۆسیقای تێدا دەژەنم وەک پێویست سازیش دەژەنم. وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ دا، شارەزاییم لە ژەنینی هەموو ئامێرە ژێدارەکاندا هەیە وەک (ساز، عوود، تار و کەمان)، هەروەها شارەزاییم لە ئامێرە ڕیتمی و ئیقاعییەکانیشدا هەیە. بێگومان کاریگەریی دەستوپەنجەی هونەرمەندانی ژەنیار لەسەر هەست و زەوق و سەلیقەی هونەریم هەیە. بەر لەوەی ئاماژە بە ناوی هونەرمەندانی ژەنیاری ڤیۆلۆن بدەم، من وەکوو حەمید سوپاسگوزاری هەموو ئەو ئازیزانەم بە گشتی، و مامۆستا ئازیزەکانم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی کە هاوکار و پشتیوانم بوون و ئەلفوبێی مۆسیقایان فێر کردم. ڕاستە بە هەوڵ، تێکۆشان، حەز، خولیا و عەشقی زۆرم بۆ مۆسیقا گەیشتمە ئەم ڕۆژە و لەناو خەڵکیدا ناسرام، بەڵام نابێت دڵسۆزی و ماندووبوونی ئەوانیش فەرامۆش بکەم.
دەربارەی پرسیارەکە، بە حورمەتەوە لەژێر کاریگەریی دەستوپەنجە و سۆڵۆی کەمانەکەی هونەرمەندی گەورە (موجتەبا میرزادە ١٧/٣/١٩٤٥ – ١٧/٧/٢٠٠٥)، هەروەها هونەرمەندان (ئالان کامیل و محەمەد یاسین)دام، ئەوە لەناو هونەری نەتەوەکەمدا؛ لەناو هونەرمەندانی تورکیشدا بە دەستوپەنجەی (مورات ساکاریالی) سەرسامم و ئەوانە بۆ من قوتابخانەیەکی بەرزی هونەرین.
پرسیار: با بێینە سەر هونەری سەرشەقام، چۆن ئەوەتان هەڵبژارد؟
حەمیدی ژەنیار: ئەوەی کە هونەری ژەنینەکەم بگوازمەوە بۆ سەر شەقام، پێشنیاری هەردوو بەڕێز (شیلان خان و کاک عاسی) بوو کە ئەو پێشنیارەیان خستە بەردەمم؛ ئەوان لە بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکانی سلێمانی کاریان دەکرد.
پرسیار: دیارە ئەو دوو بەڕێزە بە توانا و لێهاتوویی تۆ لە ژەنینی ئامێری کەماندا ئاشنا بوون کە ئەو پێشنیارەیان خستە بەردەمتان، ئایا کاردانەوەی بەڕێزتان چی بوو؟
حەمیدی ژەنیار: دیارە لە توانای هونەرییەکەم دڵنیا بوون، منیش داواکەی ئەوانم پەسەند کرد. پێشبینیی ئەوەشم دەکرد کە سەرکەوتوو دەبم و خۆم و هونەرەکەم زیاتر دەچینە نێو خەڵکەوە، چونکە بەردەوام لەنێو خەڵکدا دەبم و ڕۆژ بە ڕۆژ تواناکانم لای خەڵک ڕوونتر دەبێتەوە.
پرسیار: ئەگەر لەیادتان بێت کەی بوو بۆ یەکەمجار بە خۆت و ئامێرەکەتانەوە چوونە سەر شەقام، و مەبەستان لە موزیکی سەرشەقام چی بوو؟
حەمیدی ژەنیار: لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠)دا بۆ یەکەمجار لە گۆڕەپانی سەرای سلێمانی دەستم بە ژەنینی موزیکی سەرشەقام کرد. بۆ ماوەی (٣) ساڵ بەردەوام چالاکیی هونەریمان هەبوو. جیا لە موزیکژەنین، لەسەر داوای ئەو جەماوەرەی لە دەورمان کۆ دەبوونەوە، بەهرە و توانای دەنگخۆشەکانمان لەنێو ئەو خەڵکەدا دەدۆزییەوە؛ دەمهێنان و بەشداریم پێ دەکردن و ئەوانیش بە دەنگە خۆشەکەیان گۆرانییان دەچڕی. واتە موزیکی سەرشەقام ئاوازی ئەو دەنگە نەبیستراوانەیە کە لە ڕێگەی دەستوپەنجە و کەمانەکەم و موزیکی سەرشەقامەوە بمانناساندایە. زیاتریش مەبەستم بوو ئەو موزیک و ئاواز و گۆرانییانە بۆ زۆرینەی خەڵک بێت لە کەشوهەوایەکی کراوەدا نەک داخراو؛ کەواتە پێویستە ئەو موزیکە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بێت، نەک لە شوێنێکی داخراو و تەنها بۆ چینێکی دیاریکراو. پێم خۆش بوو لە ڕێی ژەنینی ئامێرەکەم و دەنگی خۆشی ئەو بەهرەمەندانەوە، خۆشی، شادی و چێژی مۆسیقا، ئاواز و گۆرانی بە گوێگرانی سەرشەقام ببەخشین.
پرسیار: پەیوەندیتان لەگەڵ (لایڤ موزیک) چۆنە، وەک ژەنیارێک بەشداریی لایڤ موزیکتان کردووە؟
حەمیدی ژەنیار: بەڵێ بەشداریم کردووە، بەڵام بە پچڕپچڕ نەک بە بەردەوامی. ئەوەندەی لە یادم بێت لە ساڵی (٢٠٠٩)دا بوو یەکەم لایڤ موزیک لە تەلارێکی خێزانی بەشداریم کرد لەگەڵ ئەو ئازیزانە: (حەمید عوسمان، جێگر میدیا حوسێن و سامان ساڵح). بەردەوام بووم تا ساڵی (٢٠١١) وازم هێنا؛ جارێکی تر لە ساڵی (٢٠١٦) دەستم پێکردەوە و تا ساڵی (٢٠١٨) دیسان وازم لێ هێنایەوە. ئێستا وەک ژەنیارێکی ئامێرە ژێدارەکان بە شێوازێکی تر کاری هونەری دەکەم، وەک: کۆڕ و کۆبوونەوەی یاران و ئازیزان، شەوئاهەنگ و دانیشتنی هونەری لە ماڵ بێت یان لە باخ. لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە بەو شێوازە کار دەکەم و لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی نەتەوەکەم لەو شەوئاهەنگانەدا وەک موزیکژەن بەشدار بووم.
پرسیار: هۆکار چییە بەڕێزتان ئەو کارەتان هەڵبژارد و تا ئێستا لەسەر ئەو شێوازەی کارکردن بەردەوامن؟
حەمیدی ژەنیار: دەتوانی لەو هونەرمەندە ئازیزانە بپرسیت کە من کارم لەگەڵیاندا کردووە؛ خۆم ناتوانم پێناسەی خۆم بکەم، ئەوە ئەوانن کە من هەڵدەبژێرن و سوپاسگوزاری هەموویانم. ئەوە هەست و سۆزی هونەریی ئەو هونەرمەندانەیە کە لە دەستوپەنجە و سۆڵۆی کەمانەکەم ڕازین و ئاسوودە دەبن کاتێک من لە پشتی دەنگی ئەوانەوە بە ئامێری کەمان و ئامێرە ژێدارەکانی تر دەژەنم.
پرسیار: دەکرێت ئاماژە بەو هونەرمەندە دەنگبێژ و مەقامبێژانە بدەیت کە لە کۆڕوکۆبوونەوە و شەوئاهەنگدا موزیکت بۆ ژەنیون؟
حەمیدی ژەنیار: زۆر زۆرن، ئەوەندەی لە ئێستادا لە یادم بێت لە هونەرمەندانی خۆشەویست: (مام شکوری خەیات ١٩٤٠ – ١٨/٨/٢٠٢٣، ڕۆحی شاد بێت)، مەحموود محەمەد، نەجمەدینی غوڵامی، ناسری ڕەزازی، ڕەمەزان گەرمیانی، حەسەن غەریب، ئیحسان زیرەک، ساڵح پێنجوێنی، کامەرانی عوسمانی سنەیی، وەستا جەلیل، ئازادی مەحموود تۆفیق شلک، کوڕەکانی گەورەهونەرمەند سەلاح داودە و زۆری دیکە. هەروەها لەناو خانمە هونەرمەندەکانیشدا: (تارا ڕەسووڵ و ئاڤان جەمال). داوای لێبوردن لەو دەنگبێژ و خۆشەویستانەش دەکەم کە کارم لەگەڵیاندا کردووە و ناوم نەهێناون؛ گرنگ ئەوەیە ئەوان لە ژەنینی ئامێرە ژێدارەکانی من ئاسوودە و خۆشحاڵ بووبن.
لەم ڕوانگەیەوە بەڕێز (هەرێم کاکەیی، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی یارسان) خوێندنەوەیەکی کورتی مەقامبێژ و بەستەبێژی نەتەوەکەمان (شکور خەیات)ی دەربارەی هونەرمەند حەمیدی ژەنیار وەبیر هێناینەوە؛ کاک هەرێم کاکەیی سەرەتا پێمان دەڵێت:
«کاک حەمید وەک لاوێکی شیرین، خۆشەویست، خاوەن دەستوپەنجەیەکی زێڕین و خاوەن هەڵوێست، بەردەوام بەشداریی یاد و بۆنەکانی لە بارەگای گشتیی یارسان لە چەمچەماڵ کردووە. بۆنەکانی یادی گەورەهونەرمەندانی بە گرووپی موزیکی سەرشەقام و بە دەستوپەنجە هونەرییەکانی جوانتر و ڕازاوەتر دەکرد. هەرگیز ئەوەم لەیاد ناچێت کە مام شکوری خەیات (هەزار جار یادی بەخێر) لە بۆنەیەکدا دەربارەی ئەو گەنجە هونەرمەندە فەرمووی: "حامید گیان! تۆ کەسێکیت بە تەواوی ئەو دەستوپەنجەیەی تۆ ئێستا لەم عەسرەدا بەدی ناکەم کە کەسێکی تر بتوانێت وەکوو تۆ ئەم ئامێرە مۆسیقییانە لێ بدات؛ تۆ بە شێوەیەکی زۆر جوان و میللییانە توانیوتە مەقامەکان بژەنیت. هەیە کەمان لێ دەدات بەڵام قورسە و هەست ناجوڵێنێت، بەڵام ئەو مۆسیقایەی تۆ دەیژەنیت، تەڕ و ئاودارە و زۆر بە نەرمی دەچیتە ناو ڕۆحی ئاوازەکەوە؛ ڕۆح و جەستەت دەبات بۆ شوێنێکی تر"»(١).
پرسیار: دەربارەی بەرنامە هونەرییەکان لە کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکاندا، تا ئێستا بەڕێزتان وەک موزیکژەن بەشدارایتان کردووە؟
حەمیدی ژەنیار: بێگومان، لە زۆر بەرنامەی هونەریدا بەشداریم کردووە؛ دەتوانم بڵێم لە زیاتر لە (٨٠٠) بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا بەشدار بووم، تەنانەت لە بەرنامە هونەرییەکانی ڕادیۆکانیشدا بەشداریم هەبووە. یەکەم کاری هونەریم بۆ تەلەفزیۆن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٠٦) لە بەرنامەیەکدا بەناوی (شەوچەرە)؛ بە هاوکاریی مامۆستای ئازیزم (چالاک سدیق) و یەک دوو هاوڕێی دیکە بە ئامێری (ساز) بەشدار بووم. لەو بەرنامەیەدا موزیکمان بۆ هونەرمەندان ژەنی وەک: (عوسمان عەلی ١٩٤٤ – ٢١/٦/٢٠٠٥)، (ئیسماعیلی سابووری ١٩٥٧ – ١٦/٦/٢٠١٩)، (سەلاح محەمەد کۆیی)، (حەمەڕەئووف کەرکووکی) و (مەحموود محەمەد). ئەو بەرنامەیە لەو کاتەدا لە ڕێگەی شاشەی کەناڵی ئاسمانیی زاگرۆسەوە پەخش دەکرا.
لێرەدا جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر موزیکی سەرشەقام؛ چونکە هیچ لەو بەرنامانە بە ئەندازەی موزیکی سەرشەقام خۆشحاڵی و چێژیان پێ نەبەخشیوم، لەبەر ئەوەی ئەو موزیکەی ژەنیومە لە کەشوهەوایەکی ئازاد، ڕاستەوخۆ لەسەر شەقام، گشتگیر و جیاوازە لە کۆنسێرت و بەرنامەی هونەری. ئەو شێوازەی کارکردن هەواداری زیاترت بۆ دروست دەکات و زیاتر دەچێتە ناو ڕۆح و هەستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە.
پرسیار: بەڕێزتان وەک گۆرانیبێژ و ژەنیار مێژوویەکتان تۆمار کردووە، لەگەڵ ئاوازداناندا نێوانتان چۆنە؟ ئایا تا ئێستا ئاوازتان داناوە؟
حەمیدی ژەنیار: بەڵێ، بەهۆی ئەوەی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بووم و چەندین ساڵە لە بواری هونەری مۆسیقا و گۆرانیدا کار دەکەم، گوێیەکی مۆسیقیم هەیە و لەگەڵ ئاوازدانانیشدا نێوانمان زۆر خۆشە. دەتوانم بڵێم چەندین ئاوازم داناوە و داومە بە هونەرمەندان وەک: (ئیحسان زیرەک، جەلیل مەحموود و چەندین کەسی تر). هەر بۆ زانیاریی خوێنەرانی ئازیز، لە بواری شیعرنووسینیشدا توانام هەیە، بەتایبەتی لە بواری (منداڵان)دا؛ خاوەنی نامیلکەیەکی شیعری منداڵانم بەناوی (هۆنراوەی منداڵان) کە لە ساڵی (٢٠١٨) چاپی یەکەم و لە ساڵی (٢٠٢٠)دا خۆشبەختانە چاپی دووەمی لێ بڵاو کرایەوە. گۆرانیی (باخچە) یەکێکە لەو گۆرانییانەی کە بۆ منداڵانە و هۆنراوە و ئاوازەکەی هی منە.
پرسیار: ئەو کاتانەی سەرقاڵ نیت بە کاری هونەرییەوە وەک شەوئاهەنگ، بەڕێزتان بە چییەوە سەرقاڵن؟
حەمیدی ژەنیار: من مامۆستام لە قوتابخانەی (پەیڕەو)ی بنەڕەتی لە بازیان؛ ئەوە ئەرکی یەکەممە و پێویستە جێبەجێی بکەم. کاتەکانی دیکە دابەش دەکەم: بەشێکی تەرخان دەکەم بۆ خانەوادە ئازیزەکەم، بۆ هاوسەر و منداڵەکانم؛ بەشەکەی دیکەش زیاتر خۆم سەرقاڵ دەکەم بە پرۆڤەکردن و ڕۆدەچمە نێو دنیای ئاواز و گەرووی گەورەهونەرمەندانی نەتەوەکەم، ڕۆحم ئارام دەکەمەوە بە بەستە و مەقامەکانیان و پرۆڤە لەسەر بەرهەمە ناوازەکانیان دەکەم.
هونەرمەندی دەستوپەنجەزێڕین حەمیدی ژەنیار، لە ساڵی (٢٠١٠)دا ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە (٣) منداڵە (دوو کچ و کوڕێک؛ تەمەندرێژ و دواڕۆژپرشنگدار بن). لە ئێستادا هونەرمەند و خانەوادەکەی لە شارۆچکەی (بازیان) دەژین.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە ڕێگا پیرۆزەکەی هونەر بۆ هونەرمەند کاکە حەمیدی ژەنیار دەخوازم؛ سڵاو و دروود بۆ مێژووی جوانی، و هەمیشە خۆی و ئامێرە دڵخوازەکەی گوڵی جوانی کۆڕ و بەزمی هونەرمەندان بن و لە لووتکەی گەشانەوەدا بمێننەوە.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک) – سلێمانی
سەرچاوە:
(١) پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز هەرێم کاکەیی، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی یارسان، ڕۆژی دووشەممە (٢٩/٩/٢٠٢٥)، چەمچەماڵ – سلێمانی.







