فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کاراکردنەوەی پەرلەمانی بە "هەنگاوێکی چارەنووسساز و پڕبایەخ" بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی، سەروەریی یاسا و چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان وەسف کردووە.
دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک:
بە بۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نوێیەوە
پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی تێکۆشەر و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەکەین.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پاش ماوەیەکی هەستیار، لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییە نوێیەکەی، هەنگاوێکی چارەنووسساز و پڕ بایەخە بەرەو بەهێزکردنەوەی بنەماکانی دیموکراسی، پاراستنی سەروەریی یاسا و چەسپاندنی بەهای پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا.
پەرلەمانی کوردستان وەک بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێری، هەمیشە ماڵی ڕاستەقینەی خەڵک و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی نیشتمانیی جەماوەر بووە.
کارابوونەوەی ئەم دامەزراوە نیشتمانییە و دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تۆکمەکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، داڕشتنی یاسای هاوچەرخ و دادپەروەرانە، و ڕەخساندنی کەشێکی بەرهەمدار بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت و چاودێرییەکی وردی کارەکانی بکات بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.
لەم بۆنەیەوە، هیواخوازین دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان، بە ڕوئیایەکی نیشتمانییانە و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی مێژووییەوە، لە خەم و خواستەکانی هاووڵاتییان نزیک ببنەوە و ببنە مایەی سەقامگیریی سیاسی، ئارامی و گەشەپێدانی هەمەلایەنە لە ههرێمەکەماندا.
سەرکەوتوو بن لە خزمەتکردنی خەڵک و نیشتمانەکەماندا.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک







