لە وەڵامی لێدوان و گوتارە سەربازییەکانی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەستووری عێراق ناتوانرێت بە میزاجی سیاسی و بە شێوازی هەڵبژاردەیی (ئینتیقائی) جێبەجێ بکرێت، دامەزراوەی سەربازی بەپێی ماددەی 9 بۆی نییە دەستوەردان لە کێشە سیاسییەکاندا بکات، و دەبێت دەستوور لە ماددەی 4ـەوە تاوەکو ماددەی 140 بە تەواوی و بێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت.
ئەو لێدوان و بەیاننامانەی ئەم دواییەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە زمانی سەربازییان بەرامبەر هەرێمی کوردستان تێدابوو، پێویستی بە هەڵوەستەیەکی دەستووریی بەرپرسانە هەیە، چونکە نەک تەنها دەستووری عێراق بە ڕوونی ئەرکی سوپای دیاری کردووە، بەڵکو قەوارەی هەرێمی کوردستانیشی وەک بەشێکی فیدراڵی چەسپاندووە نەک نەیارێکی دەرەوەی دەوڵەت.
بەپێی ماددەی (9)ـی دەستوور، هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرمانی دەسەڵاتی مەدەنی دان، ئەرکیان پاراستنی عێراقە، و بە هیچ جۆرێک نابێت ببنە ئامرازی سەرکوتکردنی گەل یان دەستوەردان لە کاروباری سیاسیدا بکەن. هاوکات بەپێی ماددەکانی (117 و 121)ـی دەستوور، هەرێمی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی دانپێدانراوی خۆیەتی.
ئەگەر داوای پابەندبوون بە دەستوور دەکرێت، بۆچی دەستوور بە تەواوی جێبەجێ ناکرێت نەک تەنها ئەو ماددانەی دەسەڵات دەدەنە بەغدا؟ لە کاتێکدا:
ماددەی 140: کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوە و ڕیفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە ساڵی 2007ـەوە لە لایەن بەغداوە پشتگوێ خراوە.
یاسای نەوت و گاز (ماددەکانی 111 و 112): کە سامانی نەوت بە موڵکی هەموو گەل دەزانێت و داوای ئیدارەدانی هاوبەش دەکات، تا ئێستا بە یاسا دەرنەکراوە.
زمانی کوردی (ماددەی 4): کە زمانی فەرمیی دەوڵەتە، لە زۆربەی دامەزراوە فیدراڵییەکاندا تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە و هاووڵاتیی کورد دەچەوسێنرێتەوە.
ئەنجومەنی فیدراڵ (ماددەی 65): کە نوێنەرایەتیی هەرێم و پارێزگاکان دەکات، تا ئێستا دانەمەزراوە.
لە کۆتایی گوتارەکە هاتووە، ڕێزگرتن لە دەستوور بەوە نابێت تەنها لەو ماددانەدا ئامادە بێت کە خزمەت بە دەسەڵاتی مەرکەزی دەکەن و لەو ماددانەدا غائیب بێت کە مافی هەرێم و پێکهاتەکان دەستەبەر دەکەن. کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە زمانی هەڕەشەی سەربازی چارەسەر نابن، بەڵکو تەنها بە دیالۆگ و جێبەجێکردنی تەواوەتیی دەستوور لە ماددەی 4 تا 140 چارەسەر دەبن.
مەریوان قەرەنی







